شاندێکی چوارچێوەی ھەماھەنگیی کە شەش لایەنی شیعە لەخۆدەگرێت، بەسەرۆکایەتی سەرۆکی ھاوپەیمانیی فەتح، ھادی عامری بەمەبەستی کۆبوونەوە لەگەڵ سەرۆکی رەتی سەدر، موقتەدا سەدر بەرەو نەجەف بەرێکەوت.
سەرچاوەیەک لە چوارچێوەی ھەماھەنگیی بە میدیا عێراقییەکانی راگەیاندووە کە ئەمڕۆ چوارشەممە، شاندێکی چوارچێوەی ھەماھەنگیی بەسەرۆکایەتی سەرۆکی ھاوپەیمانیی فەتح، ھادی عامری بەرەو نەجەف بەرێکەوتووە کە لە میانیدا لەگەڵ موقتەدا سەدر کۆدەبێتەوە.
سەرچاوەکە ئاشکرایشی کردووە کە لە میانی کۆبوونەوەکەدا، لەبارەی ژمارەیەک دۆسیەی گرنگ لەوانە پێکھێنانی حکوومەتی داھاتوو گفتوگۆ دەکرێت.
چوارچێوەی ھەماھەنگیی ھەریەک لە ھاوپەیمانیی دەوڵەتی یاسا، ھاوپەیمانیی ھێزەکانی دەوڵەت، ھاوپەیمانیی فەتح، بزووتنەوەی عەتا، بزووتنەوەی حقوق و پارتی فەزیلە لەخۆدەگرێت.
بڕیاربوو حەوتی ئەم مانگە، کۆبوونەوەی دووەمی سەرکردەی لایەنەکانی چوارچێوەی ھەماھەنگیی لەگەڵ موقتەدا سەدر لە نەجەف سازکرایە، بەڵام دواخرا.
ئەمەیش دوای ئەوە دێت رۆژی دووی ئەم مانگە سەرکردەی رەوتی سەدر، موقتەدا سەدر لەگەڵ سەرکردەی لایەنەکانی چوارچێوەی ھەماھەنگیی کۆبوویەوە، بەڵام ھیچ وردەکارییەک لەبارەی ناوەڕۆکی کۆبوونەوەکە، بڵاونەکراوە.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.