دوا هەڵکشانی گرژییەکانی نێوان ئۆکراینا و رووسیا، ئەمریکا فەرمانی بە گرووپێک لە کەشتییە جەنگییەکانی کرد لە دەریای ناوەڕاست بمێننەوە بۆ دڵنیایی دان بە وڵاتانی ئەورووپا.
بەپێی هەواڵێکی رۆژنامەی نیویۆرک تایمز، وەزیری بەرگریی ئەمریکا، لۆید ئۆستن فەرمانی بە کەشتی جەنگیی USS Harry Truman و پێنج کەشتی دیکە کردووە کە یاوەری دەکەن لە بری چوون بۆ کایەی فەرماندەی ناوەند کە ئەفریقا، خۆرهەڵاتی ناوەڕاست و باشووری ئاسیا لەخۆدەگرێت لە ئەورووپا بمێنێتەوە.
لەو بارەیەوە بەرپرسێکی وەزارەتی بەرگریی ئەمریکا سەبارەت بە بڕیاری گۆڕینی ئاراستەی کەشتییە جەنگییەکان رایگەیاند ''لە ئەورووپادا پێویست بە بوونی هەمیشەییە هەیە و پێویستە هاوپەیمانەکانمان دڵنیا بکەینەوە لە پابەندبوونمان بە بەرگری بە کۆمەڵ''.
گرووپە کەشتییە جەنگییەکە کە بەمەبەستی جێگیربوونێکی پلان بۆ داڕێژراو ئەمریکای جێهێشتووە، لە یەکی کانوونی یەکەمەوە لە دەریای ناوەڕاستە.
ئەمڕۆ سەرۆکی ئەمریکا، جۆ بایدن و سەرۆکی رووسیا، ڤلادیمیر پوتین پەیوەندییەکی تەلەفۆنی ئەنجام دەدەن بۆ تاوتوێ کردنی بابەتی ئۆکراینا.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.