وەزارەتی بەرگریی عێراق، دەستگیرکردنی شانەیەکی تیرۆریستیی راگەیاند کە لە ئامادەکارییدا بوون بۆ هەڵکوتانە سەر گرتووخانەی تەسفیرات لە شاری کەرکووک.
لەو بارەیەوە وەزارەتی بەرگریی عێراق لە راگەیەندراوێکدا ئاماژەی بەوە داوە ''یەکەکانی بەڕێوەبەرایەتی هەواڵگریی و ئاسایشی کەرکووک، شانەیەکی تیرۆریستییان دەستگیرکردووە کە لە چوار کەس پێکهاتووە و لە ئامادەکارییدا بوون بۆ هەڵکوتانە سەر گرتووخانەی تەسفیرات لە شاری کەرکووک''.
لە راگەیەندراوەکەدا، هەروەها ئاماژە بەوە کراوە کە ئەو شانە تیرۆریستییە بە شێوەیەکی بەرنامە بۆ داڕێژراو پەلاماریان بۆسەر سوپا و پۆلیس ئەنجام داوە. یەکێک لە تیرۆریستان دانی بەوەدا ناوە کە بەمەبەستی کۆکردنەوەی زانیاریی لەبارەی قولەکانی ئێشکگری گرتووخانەکە بەدەوری بینای گرتووخانەکەدا گەڕاوە.
راشیگەیاندووە کە یەکێکی دیکە لە تیرۆریستان زانیاری سەبارەت بەو کەسانەی هاریکاری هێزە ئەمنییەکانیان کردووە داوەتە رێکخراوی تیرۆریستیی داعش و یەکێکی دیکەشیان بەڵگەنامە و مۆڵەتی ساختەی بۆ ئەو ئۆتۆمبێلانە دروست کردووە کە دزراون.
لە راگەیەندراوەکەدا ئەوەیش خراوەتەڕوو کە دەرکەوتووە لەنێو تیرۆریستەکاندا یەکێکیان پێشتر بەشداری لەو کردانەدا کردووە کە کراوەتە سەر سوپای عێراق و پێشمەرگە.
لە گرتووخانەی تەسفیراتدا، 900 حوکمدراو هەیە کە زیاتر لە 400یان ئەندامی داعشن.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.