دەستەی وەبەرهێنانی هەرێمی کوردستان بڕی 2 ملیار و 190 ملیۆن بۆ هاوکاری و یارمەتیدانی زیانلێکەوتووانی لافاوەکەی هەولێر تەرخان دەکات.
نووسینگەی پارێزگاری هەولێر ڕاگەیانراوێکی بڵاوکردەوە و تێیدا هاتووە "پێش نیوڕۆی ئەمڕۆ پێنجشەممە ئومێد خۆشناو پارێزگاری هەولێر لە دیوانی پارێزگا پێشوازی لە د. محهمهد شوكری سەرۆکی دەستەی وەبەرهێنانی هەرێمی کوردستان و شاندێکی یاوەری کرد کە لەماوەی چەند ڕۆژی ڕابردوودا دەستەی وەبەرهێنانی هەرێمی کوردستان بەهەماهەنگی لهگهڵ یەکێتی وەبەرهێنەران لەسنووری پارێزگای هەولێر کەمپینێکیان بۆ زیانلێکەوتووانی لافاوەکەی هەولێر ڕاگەیاند و ئەمڕۆش لە کۆتایی کەمپینەکەیاندا بڕی 2 ملیارو 190 ملیۆن دیناریان بۆ زیانلێکەوتووانی لافاوەکەی سنووری پارێزگای هەولێر ڕادهستی پارێزگاری ههولێر کرد."
محەمەد شوکری لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند "هاوکاریکردنی لێقەوماوانی لافاوەکەی هەولێر ئەرکی هەمووانە و پێویستە لە ڕووداوی لەو شێوەیەدا شانبەشانی حکوومەت بەهانای هاووڵاتییان و زیانلێکەوتووان بچین."
لە کۆنگرەکەدا پارێزگاری هەولێریش لێدوانی دا و گوتی: بڕی 6 ملیار دینار هاوکاری خراوەتە سەر ئەو ئەژمارە بانکییەی کە ڕاگەیەنراوە بۆ کۆکردنەوەی هاوکاری بۆ زیانلێکەوتووانی لافاو، هەروەها ئەو بڕە یارمەتییەش کە حکوومەتی عێراق ناردوویەتی وەرمان نەگرتووە، چونکە ئەو یارمەتییە لە ئاست ئەو زیانانەدا نییە و هیوادارین حکوومەتی عێراق بڕی یارمەتییەکان زیاد بکات".
ئاماژەی بەوەش کرد کە "بۆ قەرەبووی زیانلێکەوتووان 3276 فۆڕم لەلایەن پارێزگای هەولێرەوە بۆ زیانلێکەوتووان پڕکراوەتەوە، بەپێی خەمڵاندنەکەی پارێزگای هەولێر زیانی لافاوەکەی هەولێر زیاتر لە 21 ملیار دینار بووە، هەروەها 12 کەسیش گیانیان لەدەستداوە کە تەرمی دوو کەسیان هێشتا نەدۆزراونەتەوە".
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.