Erbil 38°C ھەینی 12 حوزەیران 02:27

شاخەوان عەبدوڵا: پارێزگاری کەرکووک بڕیارەکانی مەجلیسی قیادەی سەورە زیندوو دەکاتەوە

کوردستان TV
100%

 

ئەندامێکی پەرلەمانی عێراق ڕایگەیاند، پارێزگاری كەركووک بڕیارەكانی مەجلیسی قیادەی سەورە زیندوو دەكاتەوە و بە چڕی کار دەکات بۆ گەڕانەوەی بەعسییەکان.

شاخەوان عەبدوڵا به‌ربژێری براوه‌ی پەرلەمانی عێراق ئەمڕۆ پێنجشەممە لە بڵاوکراوەیەکدا ڕایگەیاند " لە کاتێکدا ماوەی نزیکەی 17 ساڵە لەلایەن حکوومەتی ئیتحادی و هێزە سیاسییەکانی عێراق و بە پشتبەستن بە دەستووری عێراق هەوڵی سڕینەوەی ئاسەواری بەعس دەدرێت لە سیاسەتی گۆڕینی دیمۆگرافیا و تەعریب و ڕاگواستنی خەڵکی ڕەسەنی ئەو شارە و تاوانەکانی دژی مرۆڤایەتی کە لە ناوچە کێشە لەسەرەکان ئەنجامدرابوون، بۆ ئەو مەبەستەش ماددەی 140 لە دەستووری عێراقی جێگیر کرا بە ئامانجی گەڕانەوەی ماف بۆ خاوەن مافەکان و چەندین بڕیار لە ئەنجوومەنی وەزیران و لێژنەی ماددەی 140 دەرچوون بۆ ئەو مەبەستە."

هەروەها ئەوەشی خستۆتەڕوو کە "بۆ ماوەی 4 ساڵە لەلایەن پارێزگاری سەپێنراوی کەرکووک کار بۆ ئەوە دەکرێت تەواوی بڕیارەکانی لێژنەی شئوون شیمال و مەجلیسی قیادە سەورەی حزبی بەعس زیندوو بکرێتەوە و ئێستا بێشەرمانە کاریان پێ دەکات."

ئاماژە بەوەش دەکات "لە ماوەی 2 مانگی ڕابردوو زۆر بەچڕی کاری کردووە بۆ گەڕانەوەی بەعسییەکان بۆ ناوچەکە و سەرلەنوێ نیشتەجێکردنییان لە گوندە کوردنشینەکان و بۆ ئەو مەبەستەش بەڵگەی تەواومان لەبەردەستە، دوایین کاری ڕاکان سەعید دەستبردنە بۆ گۆڕینی ناوی شارە کوردییەکان بۆ ئەو ناوانەی کە ڕژێمی بەعس داینابوو، لەوانەش گۆڕینی ناوی هەردوو شارۆچکەی پردێ و دووبزە ئەویش بە پشتبەستن بەنووسراێک کە گوایە لە ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک دەرچووە بە ژمارە 199 لە ڕێککەوتی 14/10/2021، ئەمە لە کاتێکدایە ئەنجوومەنی پارێزگاکان بە بڕیاری ژمارە 27ـی ساڵی 2019 لەلایەن پەرلەمانی عێراقەوە لەکار سڕکران و لەوکاتەوە هیچ کۆبوونەوە و بڕیارێک نەدراوە و ڕێگەی پێ نادرێت بەپێی یاسا".

 شاخەوان عەبدوڵا هەروەها ڕوونی دەکاتەوە "ئێمە لە کاتێکدا هەموو ئەو بڕیارە نایاساییانە ڕەت دەکەینەوە هەموو لایەکیش لە مەترسی تێکچوونی ڕەوشی ئەمنی و ئاسایشیی کۆمەڵایەتیی ناوچەکە ئاگادار دەکەینەوە لە ئەنجامی گەڕانەوەی بەعسییەکان (وافدین) بۆ ناوچەکە، هەروەها گەڕانەوە بۆ بڕیارەکانی لێژنەی شئوون شیمال و مەجلیسی قیادەی سەورەش ڕەت دەکەینەوە و ڕێکاری یاساییش دەگرینەبەر بەرامبەر ئەو کەس و لایەنانەی بەرپرسن لە پێشێلکاری دەستوور و یاسا لە ناوچەکە."

 

کوردستان

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.