سەرچاوەكانی دەنگوباسی ئیتاڵیا بڵاویانكردەوە كە بەرپرسانی هەردوو یانەی ئینتەرمیلان و یوڤێنتوس ئارەزوو دەكەن یاری جامی سوپەری نێوان هەردوو یانە بۆ كۆتایی ئەم وەرزە دوابخرێت.
لەمبارەوە ماڵپەڕی فوتبۆڵ ئیتاڵیا ئاشكرایكرد كە ئەگەر ئیدارەی هەردوو یانەكە داوایان لە یەكگرتووی خولی ئیتاڵیا كرد وادەی یاریەكە بگۆڕێت، ئەوا داواكەیان پەسەند دەكرێت.
ماڵپەڕەكە ڕوونیكردەوە كە بەهۆی بارودۆخی ئێستای یاریگاكانی ئیتاڵیاو كەمبوونی ڕێژەی ئامادەبوونی هاندەران لە یاریەكان بە كاریگەری بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی كۆرۆنا هۆكاری سەرەكی ئارەزووی هەردوو یانەكەیە بۆ دواخستنی یاری جامی سوپەر، ئەویش دوای ئەوەی بڕیاردرا ڕێژەی ئامادەبوونی هاندەران لە یاریگاكانی ئەو وڵاتە بۆ پەنجا لە سەدا كەمبكرێتەوە، بۆیە ئەگەر لەم بارودۆخەی ئێستا یاری جامی سوپەر بەڕێوەبچێت ئەوا ڕەنگە هەریەك لە یانەكانی ئینتەرمیلان و یوڤێنتوس بڕی یەك ملیۆن و پێنجسەد هەزار یۆرۆ لە داهاتی ئامادەبوونی هاندەران زیانیان بەربكەوێت.
واش بڕیارە یاری جامی سوپەری ئیتاڵیا لە نێوان ئینتەرمیلانی پاڵەوانی وەرزی ڕابردووی كالچیۆ و یوڤێنتوسی پاڵەوانی وەرزی ڕابردووی جامی ئیتاڵیا لە دوازدەی كانوونی دووەم بەڕێوەبچێت .
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.