مەكتەبی سیاسیی پارتی دیموكراتی كوردستان، بە هۆی كۆچی دوایی تێكۆشەر و خەباتگێڕ (رەسوڵ فەقێ گەرۆتەیی)، پرسەنامەیەک ئاڕاستەی بنەماڵەی خوالێخۆشبوو دەکات.
دەقی پرسەنامەکە:
بەڕێزان/ خانەوادەی فەرماندە و كەسایەتیی ناسراوی كوردستان هەڤاڵ (رەسوڵ فەقێ گەرۆتەیی)
بە داخ و پەژارەیەكی زۆرەوە هەواڵی كۆچی دوایی پێشمەرگە و فەرماندەی شۆڕشی مەزنی ئەیلوول و شۆڕشی گوڵان، تێكۆشەر و خەباتگێڕی دڵسۆز و بەوەفایی رێبازی كوردایەتی و بارزانی و، كەسایەتیی ناسراوی كوردستان و دەڤەری خۆشناوەتی هەڤاڵ (رەسوڵ فەقێ گەرۆتەیی)مان پێگەیشت.
بەو بۆنە خەمناكەوە پرسە و سەرەخۆشی خۆمان ئاراستەی خانەوادە كوردپەروەر و نیشتمانپەروەرەكەتان و كەس و كار و هەڤاڵان و تەواوی دۆست و ئاشنا و ھاوسەنگەرانی خوالێخۆشبوو دەكەین و، خۆمان بە هاوبەش و شەریكی خەمتان دەزانین.
خوالێخۆشبوو كەسایەتییەكی نیشتیمانپەروەر و پێشمەرگە و تێكۆشەرێكی دێرینی گەلەكەمان بوو، رۆڵێكی بەرچاو و دیاری لە بزووتنەوەی رزگاریخوازی گەلەكەماندا هەبوو و، تەمەنی پڕ سەروەری بۆ دۆزی رەوای گەلەكەمان تەرخان كردبوو.
لەدەستدانی خوالێخۆشبوو (رەسوڵ فەقێ گەرۆتەیی) زیانێكی گەورەیە بۆ هەموو لایەك، هیوادارین هاوخەمیی هەڤاڵ و دۆست و ئازیزانی ببێتە مایەی دڵنەوایی و سەبووری خانەوادە تێكۆشەرەكەتان و لە خەم و خەفەتتان كەم بكاتەوە.
دووبارە پرسە و سەرەخۆشیی خۆمان دووپات دەكەینەوە و لە خودای گەورە داواکارین لە خەم و ئازار و كۆستی دیكە بە دوور بن و جێگای كۆچكردوویش بەهەشتی بەرین بێت..
مەكتەبی سیاسیی پارتی دیموكراتی كوردستان
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.