Erbil 38°C پێنجشەممە 11 حوزەیران 00:33

مەحموود محەمەد : پڕۆژەیەکی کارنامەی هاوبەش لەنێوان پارتی و یەکێتی ئامادە کراوە 

کوردستان TV
100%

مەحموود محەمەد، گوتەبێژی پارتی دیموکراتی کوردستان لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەوانیدا، لەبارەی هاتنی شاندی رەوتی سەدر بۆ هەولێر رایگەیاند: هاتنی ئەو شاندەی رەوتی سەدر پەیوەندی بەوە هەیە، کە بڕیارە رۆژی 9/1/2022 یەکەم کۆبوونەوەی خولی پێنجەمی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق بکرێت، هەروەها پێشتر هەندێک لێکتێگەیشتن لەنێوانمان هەبووە، لەبارەی چۆنیەتی پێکهێنانی حکوومەتی داهاتووی عێراق پێویستە لەناوخۆشماندا لە کوردستان گفتوگۆ بکەین، بۆ ئەو مەبەستەش سبەی شاندی ئێمە لەگەڵ یەکێتی نیشتمانی کوردستان کۆدەبنەوە.

گوتەبێژی پارتی دیموکراتی کوردستان روونیشیکردەوە: کۆبوونەوەی سبەی پارتی و یەکێتی، کۆبوونەوەی دوو لیژنەیە، یەکێک لە لیژنەکان تایبەتە بە گفتوگۆ کردن لەگەڵ بەغدا، باس لەوە دەکرێت ئەو بابەتانە دەبێ لێرەوە کارنامەی لەسەر دروست بکرێت، کە بۆچوونمان چیی بێت بۆ حکوومەتی داهاتووی عێراق، هەروەها ئەو مافانەی هەرێمی کوردستان لە بەغدا هەیەتی، بابەتە گرنگەکانی خەڵکی کوردستان لە کارنامەکەدا جێی بکرێتەوە. لە کۆبوونەوەکەدا گفتوگۆ لەسەر هەموو پرسانە دەکرێت.

سەبارەت بە جێبەجێکردنی رێککەوتن لەلایەن لایەنە سیاسییەکانی عێراقەوە، گوتەبێژی پارتی گوتی: لە رابردوودا هەندێک جار ئەمەریکا و بەریتانیاش هێنراونەتە ناو رێککەوتنەکان بۆ ئەوەی جێبەجێ بکرێن، بەڵام لە دواییدا جێبەجێ نەکراوە، ئەوە دەگەڕێتەوە سەر مسداقیەتی ئەو لایەنەی رێککەوتنی لەگەڵ دەکرێت، کە ئایا پاندە بە رێککەوتن و ئەو بەڵێنانەی دەیدات، بۆیە گەرەنتی ئەوەیە ئەو بابەتە گرنگانەی چەند ساڵێکە ماونەتەوە، لەناو کارنامەکەی ئێمەی کوردستانی هەبێت و بە راشکاوی لەگەڵیان باس بکەین و بە جدی لەگەڵیان لەسەر خەت بین".

دەربارەی بۆچوونی رەوتی سەدر، مەحموود محەمەد ئاماژەی بەوەدا: ئەوان باسی حکوومەتی زۆرینەی نیشتمانی دەکەن، ئێمە پێمانوایە ئەو حکوومەتە دەبێ دەرگا و پەنجەرەکانی کراوەبن بۆ هەموو لایەنەکان و تێیدا بەشداربن، بەڵام ئەوان لەگەڵ ئەوەدان تەنها ئەو لایەنانە بەشداربن کە لە هەڵبژاردن دەنگی زۆریان هێناوە، بە بۆچوونی ئەوان ئۆپۆزسیۆنێکی بەهێز هەبێت، دیموکراستی دەچەسپێت. جیاوازی ئێمە لەگەڵ ئەوان ئەوەیە کە تایبەتمەندی هەرێمی کوردستان جیاوازە لەگەڵ بەغدا، جگەو لەو نیشتمانەی هەمانە وەک کوردستان بەشداریشین لەو نیشتمانەی پێی دەڵێن عێراق، کۆمەڵێک کێشەی نەتەوەییمان هەیە کە ئەوان نیانە، بۆیە دەبێ لەنێو کارنامەکەمان ئەوە رەنگبداتەوە.

سەبارەت بە جیاوازی لە بۆچوونی پارتی و یەکێتی، گوتەبێژی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتی: پڕۆژەیەکی کارنامەی هاوبەش لەنێوان پارتی و یەکێتی ئامادە کراوە، لەسەر ئەو بابەتە جیاوازیمان نییە، بەڵام پێویستی بە نوێکردنەوەیە کارنامەکە بکەینە کارنامەیەکی کوردستانی، بۆ ئەوەی خاڵە گرنگەکانی لەگەڵ لایەنە شیعە و سوننەکانی بەشدار لە حکوومەت جێبەجێ بکەین.

گوتیشی: یەکلا کردنەوەی پۆستەکان پەیوەندی بەو لیژنەیەوە نییە کە کۆدەبنەوە، بەڵکو پۆستەکان لە کۆبوونەوەکانی مەکتەبی سیاسی پارتی و یەکێتی یەکلایی دەکرێنەوە.

 

کوردستان

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.