ئهمڕۆ سێشەممە لیژنەی باڵای ڕووبەڕووبونەوەی ڤایرۆسی کۆڕۆنا، بە سەرپەرشتی ڕێبەر ئەحمەد وەزیری ناوخۆی حکوومەتی هەرێمی کوردستان کۆبووەوە، لە دوای پێشکەشكردنی ڕاپۆرتی وەزارەتی تەندروستی، چەند بڕیارێک دران کە بریتین لەمانەی خوارەوە:
یەکەم: درێژکردنەوەی ماوەی وەرگرتنی ڤاکسین لەلایەن گشت فەرمانبەرانی حکوومەت بە هەردوو ڕاژەی شارستانی و سەربازی تاوەکو 20ی کانوونی دووەمی 2022، هەر فەرمانبەرێکیش پابەند نەبێت ئەوا بەپێی یاسای تەندروستی گشتی و بەرزەفتی فەرمانبەران مامەڵەیان لەگەڵ دەکرێت.
دووەم: ئەنجامدانی پشکنینی كۆڕۆنا لە خاڵه سنوورییەکان بۆ هەموو ئەو گەشتیارانەی کە سەردانی هەرێمی کوردستان دەکەن، تەنانەت ئەوانەش کە کارتی ڤاکسینیشیان هەیە، جگە لەوانەی که تێستی کۆڕۆنای پێش (48) کاتژمێریان پێ بێت.
سێیەم: لیژنەی باڵا بڕیاری دا کە وەزارەتی ئەوقاف و کاروباری ئایینی بە هەماهەنگی لەگەڵ یەکە کارگێڕییەکان لە ڕۆژانی داهاتوودا ڕێنمایی تایبەت لەسەر پرسەدانان دەربکات.
چوارەم: گرووپی گەشتیاری دەبێت پیش (48) کاتژمێر لە گەشتەکەیان تێستی کۆڕۆنایان کردبێت یان کارتی ڤاکسینیان هەبێت.
پێنجەم: پێویسته گشت هاووڵاتییان (ئەوانەی ڤاکسینیان وەرگرتووە یان وەرنەگرتووه) له هەموو شوێنه گشتییە داخراوهکانی وەك (فەرمانگه حكوومییەکان، مارکێت، ڕێستۆرانت، شوێنه بازرگانییەكان، کۆمپانیاکان و شوینەکانی دیکەی کەرتی تایبەت) پابەندبن بە بەستنى ماسك و مەودای (1،5) یەک مەتر و نیو نێوانیان بپارێزن.
شەشەم: له دوای 1/2/2022 هیچ کەسێك ڕێگەی پێ نادرێت سەردانی شوێنه گشتییەكان بكات وەك (فەرمانگە حكوومییەکان، مارکێت، ڕێستۆرانت، شوێنه بازرگانییەکان، کۆمپانیاکان و هۆڵی بۆنەكان) بەبێ هەبوونی کارتی ڤاکسین یان ئەنجامدانی تێستی کۆڕۆنا که (48) کاتژمێری بەسەردا تێپەڕنەبووبێت.
دواتر وەزارەتی ناوخۆی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بە بەیانێک وردەکاری سەرجەم ئەو بڕیارانە ڕادەگەیێنێت.
لیژنەی باڵای ڕووبەڕووبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا
4ی کانوونی دوومی 2022
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.