Erbil 38°C چوارشەممە 10 حوزەیران 22:44

هاتوچۆی هه‌ولێر سووده‌کانی گرێبه‌ستی ئه‌لیکترۆنی ده‌خاته‌ڕوو

کوردستان TV
100%

 

به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی هاتوچۆی هه‌ولێر 6 سوودی گرێبه‌ستی ئه‌لیكترۆنی بۆ كڕین و فرۆشتنی ئۆتۆمبێل و ماتۆڕسكیل له‌ پێشانگه‌ و فرۆشگه‌كان خسته‌ڕوو.

به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تییه‌كه‌ ڕایگه‌یاند: بەپێی ڕێنمایی ژمارە 3ی سالی 2021 دەبێت گرێبەستی ئەلکترۆنی پەیڕەو بکرێت لە کاتی کڕین و فرۆشتنی ئۆتۆمبێل و ماتۆرسکیل، بۆیە بۆ ئاشناکردنی هاووڵاتییان بە گرێبەستی ئەلکترۆنی بە باشی دەزانین سوودەکانی گرێبەستی ئەلکترۆنی بخەینەڕوو کە ئەمانەی خوارەوه‌ن:-

1- ڕۆژانە بەدەیان کەس سەردانی هاتووچۆ دەکەن و سکاڵای ئەوە دەکەن کە ئەوان ئۆتۆمبێلیان کڕیوە لە کەسێک و پارەیان داوە و گرێبەستیان نووسیوە، کەچی خاوەنی ئۆتۆمبێلەکە ئامادە نابێت پەنجەمۆریان بۆ بکات، وه‌ لە هاتوچۆش هیچیان بۆ ناکرێت لە دادگاش پاش ماوەیەکی دوور و درێژ، ئینجا بڕیار نادرێت بە گۆڕینی مولکییەت، چونکە گرێبەستیان نییە یان کە هەیە سیمایەک و پشتگیرییەکی یاسایی نییە، بەمەش هاووڵاتی کڕیار تووشی گرفت دەبێت و ماڵی دەفەوتێت، بەڵام گرێبەستی ئەلکترۆنی کە دەکرێت و واژوو دەکرێت و لە فەرمانگەی یاسایی هاتووچۆ پشتڕاست دەکرێتەوە، ئەو گرێبەستە بە گرێبەستێکی فەرمی دادەنرێت و لەژێر ڕۆشنایی ئەوە دادگا زۆر بە ئاسانی بڕیاری بەناوکردنەکە دەدات بێ ئامادەبوونی فرۆشیار بۆ پەنجەمۆر.

2- خەڵکانێکی زۆر کە بەنیازی سەفەرن یان قەرزارن و نیازی خۆشاردنەوەیان هەیە و ئۆتۆمبێل بە هاووڵاتییان دەفرۆشن بە وه‌کالە، ئەو وکالەیە زۆرجار ساختە دەکرێت هاوشێوەی گرێبەستی ئاسایی پێشانگاكان، بەمەش هاووڵاتی کڕیار خۆی دەبینێتەوە کەوا ئۆتۆمبێلێکی کڕیوە بەبێ ئەوەی هیچ ئەگەرێک هەبێت بۆ ئەوەی بتوانێت مولکییەتی بخاتە سەر ناوی خۆی، بەمەش تووشی کێشە دەبێت، بەڵام گرێبەستی ئەلکترۆنی ڕۆلی وەکالە ناهێلێت و ڕێگر دەبێت لە دروستبوونی ئەو کێشەیە.

3- ئەگەر کەسێک ئۆتۆمبێلەکەی بفرۆشێت بە گرێبەستی ئاسایی، وە بەر لە بەناوکردنی بمرێت، ئەوە ئۆتۆمبێلەکە بە ناوی کڕیار ناکرێت، وە ئەگەر وەکالەشی بۆ کرابێت وەکالەکە نایخوات و کۆتایی پێ دێت، بەڵام گرێبەستی ئەلیکترۆنی بکرێت و لە فەرمانگەی یاسایی هاتووچۆ پشتراست بکرێتەوە و لە ماوەی دیاریکراوی خۆی پێشکەش بکرێت، مافی میراتگرەکانی مردووەکەی بەسەر نامێنێت کە ئیستا ئەوکێشەیە زۆر باوە و خەلکێکی زۆر ئۆتۆمبێلی کەسانی مردوویان لایە و ناتوانن بیخەنە سەر ناوی خۆیان، بەتایبەت ئەگەر میراتگری ناکامی هەبێت، بۆ دادگا و هەموو لایەک ڕوون دەبێتەوە کە کەسەکە بەر لە مردنی ئۆتۆمبێلەکەی فرۆشتووە، بەمەش کێشە بۆ کڕیار دروست نابێت.

4- کۆمپانیاکان ئۆتۆمبێلی بەکارهاتوو و بەکارنەهاتوو هاوردە دەکەن و هەندێکیان وەکو ئیستیغلالکردن ئۆتۆمبێلی لێدراو بەدەر لە ڕێنماییەکان هاوردە دەکەن و بە هاووڵاتییانی دەفرۆشنەوە و لە گرێبەستی خۆیان، خاوەنی کۆمپانیاکان ناچار ناکرێن بە وەرگرتنەوەی ئۆتۆمبێلەکان ئەگەر هەر عەیبێکی شاراوەیان هەبێت (عیوب خفیە)، بەڵام لە گرێبەستی ئەلکترۆنی کۆمپانیاکان ناچار دەکات بە قەرەبوو وەرگرتنەوە لە کاتی بوونی عەیبی نەبینراو و شاراوە کە هۆکار بێت بۆ تۆمارنەکردنیان، کە لەکاتی ئێستادا خەڵکێکی زۆری کڕیار ئەمجۆرە کێشەیان بۆ دروست بووە لەگەڵ کۆمپانیاکان.

5- گرێبەستی ئەلیکترۆنی گرێبەستێکی باوەڕپێکراوە و سنووری بۆ دیاریکراوە کە مانگێکە بۆ ئۆتۆمبێلی بەکارهاتوو و تۆمارکراو ماوەی 60 ڕۆژە بۆ ئۆتۆمبێلی بەکارهاتوو یان بەکارنەهاتووی تۆمارنەکراو، و دەبێت لە ماوەی دیارکراو کارەکانی تۆمارکردن یان گۆڕینی مولکییەت ئەنجام بدرێت، کە ئەمەش ڕێگر دەبێت لە هەر کێشەیەکی هەڵبەز و دابەزی نرخ و پەشیمانبوونەوە و شتی تر.

6- ئەو گرێبەستە و بڕگە و بابەتەکانی بە تەواوی لەژێر کۆنتڕۆلی وەزارەتی ناوخۆی حکوومەتی هەرێمی کوردستانە و بە هیچ شێوەیەک کۆمپانیای ئەهلی بەشدار نییە نە لە ڕێکخستنی و نە لە بەڕێوەبردنی، هیچ مافێکی کەسی بەسەرەوە نییە.

 

 

 

کوردستان

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.