لە ئەمریکا لە ساڵیادی رووداوی ھەڵکوتانەسەر کۆنگرێس لە 6ی کانوونی دووەمی ساڵی 2021، رێکاری ئەمنی لە واشنتۆنی پایتەخت و چواردەوری کۆنگرێس گیرایەبەر.
پۆلیسی کۆنگرێس و بەرپرسە فیدڕاڵییەکان، بۆ رێگەگرتن لە ھەر کارێکی توندوتیژی لە ساڵیادی رووداوهكه، رێکاری پێویستیان گرتووەتەبەر.
وهزیری ئاسایشی ناوخۆیی ئەمریکا، ئالیخاندرۆ مایۆرکس، لە لێدوانێکدا ئاماژەی بەوە کرد کە ئاگاداری ھەر ھەڕەشەیەکی چاوەڕوانکراون و رێکاری پێویستیان گرتووەتەبەر و رایگەیاند، راستەوخۆ لەگەڵ نووسینگەی لێکۆڵینەوەی فیدراڵی (FBI) لەسەر هێڵن.
لەلایەکی دیکەوە بەڕێوەبەری پۆلیسی کۆنگرێس، تۆم مانگەر، لە روونکردنەوەیەکدا، ئاشكرای كرد، ھێزی وەڵامدانەوەی ھەر ھەرەشەیەکیان ھەیە و ئەگەر پێویست بکات ئەوە داوای ھاوکاری لە یەکەکانی دیکە دەکەن.
لەلایەکی دیکەوە ئهمڕۆ جۆ بایدن، سەرۆکی ئەمریکا، لە ساڵیادی ھەڵکوتانەسەر باڵەخانەی کۆنگرێس، گوتارێک پێشکەش دەکات.
ھاوکات، چاوەڕوانی ئەوە دەکرێت کە وەزیری دادی ئەمریکا، مێریک گارلاند لە گوتارێکدا باس لە پرۆسەی لێکۆڵینەوە لە رووداوی ھەڵکوتانەسەر کۆنگرێس بکات.
لەلای خۆیەوە سەرۆکی پێشووی ئەمریکا دۆناڵد ترەمپ، ئەو گوتارەی ھەڵوەشاندەوە کە ئهمڕۆ بەنیازبوو پێشکەشی بکات.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.