سەرکردەیەکی باڵای سوننەکان رایدهگهێنێت، پێویستە پەلە بکرێت لە پێکھێنانی حکوومەتی نوێی عێراق و ھەموو لایەنەکان ڕێز لە ڕای خەڵک بگرن و بە بەشی خۆیان ڕازی بن و ئەنجامەکان قبووڵ بکەن و کوردیش ڕۆڵێکی سەرەکی دەبێت لە پێکھێنانی حکوومەتی نوێی عێراق و ھەمیشە ھەولێر شوێنی یەکلاکردنەوەی پرسی پێکھێنانی حکوومەتی نوێی عێراق بووە.
دکتۆر عەلا مەکی، سەرکردەیهكی سوننەکان، به ماڵپەڕی فەرمی پارتی دیموکراتی کوردستان راشیدهگهێنێت: پرۆسیە سیاسی لە عێراق کەموکووڕیی زۆرە و لە 2003ـوە تا ئێستا ئێمە بە چاوی خۆمان دەیبینین، بۆیە پێویستە شەفافیەت ھەبێت، کە کەمە و بگرە نیشە، لە ھەڵبژاردنی ئەم جارەدا کۆمەڵگای نێودەوڵەتی ڕێگەی بە خەڵک دا خۆیان بڕیار بدەن و خۆیشیان چاودێریی ھەڵبژاردنەکەیان کرد، بۆیە ئەم جارە خەڵک بڕیاری خۆی دا و لایەنی خۆی دیاری کرد و پێویستە ھەموو لایەنەکان ئەنجامەکان قبووڵ بکەن و بە بەشی خۆیان ڕازی بن، بۆ ئەوەی دیموکراسیەت ھەبێت لە عێراق.
دکتۆر عەلا مەکی گوتیشی: پێویستە پەلە بکرێت لە پێکھێنانی حکوومەتی عێراق و ناکرێت دوا بخرێت و کوردیش ڕۆڵێکی سەرەکیی دەبێت لەو حکوومەتە و ناکرێت پشتگوێ بخرێت، چونکە نوێنەرایەتیی گەلی کورد دەکات و پێویستە ئەم جارە بۆ حکوومەتی نوێ کەسانی تەکنۆکرات دابنرێن.
مەکی باسی لەوەش کردووه: ھەڵوێستی ھەرێمی کوردستان ئیجابییە و ئێمە شانازی بە کورد دەکەین و لەناویاندا بووین و ڕوئیایەکی زۆر باشیان ھەیە بۆ پرۆسەی سیاسی و پێکھێنانی حکوومەتی تازە و زۆریش ڕاشکاون و ھەر شتێکیان ھەبێت بەئاشکرا باسی دەکەن، نەک شتێک بڵێن و دواتر لێی پەشیمان ببنەوە.
گوتیشی: ھەولێر لەو سەردەمەوە کە مالیکی بووەتە سەرۆکوەزیران تا ئێستا شوێنی یەکلاکردنەوەی پرسی پێکھێنانی حکوومەتەکانی عێراقە و ھەمیشە ڕۆڵێکی گەورە و ئیجابیی ھەیە و بووەتە ناوەندێک بۆ یەکلاییکردنەوەی پێکھێنانی حکوومەت.
سەرکردەیەکی سوننە: ههمیشه ھەولێر شوێنی یەکلاییکردنەوەی پێکھێنانی حکوومەتی عێراق بووه
100%
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.