لە سکۆتلەندا ژمارەیەکی بەرچاو لە منداڵان بە ئاڵوودەیی کحوول و ماددە هۆشبەرەکان لە دایک دەبن.
ماڵپەڕی ڕووسیا تودەی بڵاوی کردۆتەوە ژمارەکان نیشانی دەدەن کە بەلایەنی کەمەوە 852 منداڵ لە مانگی نیسانی 2017ـەوە بە ئاڵوودەیی کحوول و ماددە هۆشبەرەکان لە دایکبوونە.
ئەوەشی خستۆتەڕوو کە کۆی گشتی 173 لەو لەدایکبووانە لە هەردوو ساڵی 2019-2020 و 2020-2021 تۆمارکراون، 205 منداڵی ئاڵوودەبوو لە ساڵی 2018-2019 و 249 لە ساڵی 2017- 2018 تۆمار کراون.
ئەوەش هاتووە "لەسەرەتای ساڵی 2021-2022دا 52 منداڵی ئاڵوودەبوو لە دایک بوون، بەپێی ئەو ژمارانەی کە بەدەستیان گەیشتووە".
ئاماژەی بەوەش دا "گەورەترین ژمارەی ئەو لە دایکبووانە لە ناوچەی لۆتیان تۆمار کراوە کە 434 منداڵی ئالوودەبوون و لە دوای ئەویش 143 منداڵ لە گلاسگۆ و 118 منداڵ لە گرامپیان تۆمارکراوە".
هەروەها لە هەواڵەکەدا ئەوەش باس کراوە کە هۆکارەکەی بەکارهێنانی ماددە هۆشبەرەکانە لەلایەن دایکییانەوە لەکاتی سکپڕیدا.
بەپێی هەواڵەکە زۆرترین ڕێژەی مردنی پەیوەندیدار بە ماددە هۆشبەرەکانەوە لە سکۆتلەندا تۆمار دەکرێن و تەندروستی ئەو وڵاتە ئاماژە بەوە دەکات لە هەوڵدان بۆ چارەسەرکردنی ئەو کێشەیە.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.