Erbil 38°C یەکشەممە 17 تشرینی دووەم 12:42

سه‌رۆکی کازاخستان بڕیار ده‌دات ته‌قه‌ له‌ خۆپیشانده‌ران بکه‌ن

کوردستان TV
100%

 

قاسم تۆكایێف سه‌رۆكی كازاخستان هێزه‌كانی پۆلیس و سوپای ده‌ستكراوه‌ كرد به‌بێ هۆشداری و ئاگاداركردنه‌وه‌ ته‌قه‌ به‌سه‌ر خۆپیشانده‌راندا بكه‌ن و جه‌ختیشی كرده‌وه‌ كه‌ ئه‌وانه‌ی خۆپێشاندان ده‌كه‌ن تیرۆریست و ڕێگری بیانین.

تۆكایێف ئه‌مڕۆ هه‌ینی له‌ وتارێكدا ڕایگه‌یاند: پێویسته‌ كۆتایی به‌و ڕێگریانه‌ بهێنرێ و به‌ڵێنیش ده‌ده‌ین به‌ زووترین كاتدا ئه‌مه‌ ئه‌نجام بده‌ین.

جه‌ختی كرده‌وه‌ كه‌ فه‌رمانی به‌ هێزه‌كانی سوپا و پۆلیسی كازاخستان كردووه‌ به‌بێ هۆشداری ته‌قه‌ به‌سه‌ر تێكده‌ران و ڕێگراندا بكه‌ن بۆ ئارامی وڵات و دوورخستنه‌وه‌ی له‌ پشێوی و كاری تێكده‌رانه.‌

ڕاشیگه‌یاند: ده‌سه‌ڵاتدارانی كازاخستان به‌ته‌واوی گوێیان له‌و داواكارییانه‌ی هاووڵاتییانیان گرتووه‌‌ كه‌ به‌شێوه‌یه‌كی هێمنی و ئارامی پێشكه‌شیان كردوون، ئه‌وانه‌شی كه‌ به‌هۆی كاری تێكده‌رانه‌ و گێره‌شێوێنیش ده‌ستگیركراون توندترین سزایان به‌سه‌ردا ده‌سه‌پێنرێ.

سه‌رۆكی كازاخستان سوپاسی سه‌ركرده‌ی وڵاتانی ڕێككه‌وتننامه‌ی گشتیی ئه‌منی كرد كه‌ به‌ده‌نگ داواكارییه‌كانه‌وه‌ هاتوون و هاوكارییان پێشكه‌ش كردوون‌ به‌تایبه‌تیش ڤلادیمێر پوتین سه‌رۆكی ڕووسیا كرد كه‌ زۆر به‌ خێرایی وه‌ڵامی داواكاری به‌هاناوه‌چوونیان دایه‌وه‌.

ئه‌مه‌ له‌ كاتێكدایه‌ كه‌ هه‌ر له‌ سه‌ره‌تای ساڵی نوێوه‌‌ خۆپێشاندان له‌ كازاخستان ده‌ستی پێ كردووه‌ و دوێنێ پێنجشه‌میش بنكه‌ی خۆپیشاندانه‌كان فراوانتر بوو و دۆخی وڵات به‌ ته‌واوی تێكچوو، هۆكاری دروستبوونی خۆپیشاندانه‌كانیش دژی بڕیارێكی حكوومه‌ت بوو به‌ به‌زركردنه‌وه‌ی نرخی گاز و به‌نزین بۆ دوو هێنده‌ی نرخی ئاسایی خۆی.

دوێنێ له‌ شاری ئه‌لماتی كه‌ گه‌وره‌ترین شاری كازاخستانه‌، خۆپێشاندانێكی فراوان به‌ڕێوه‌چوو و هه‌روه‌ها به‌ریه‌ككه‌وتنی به‌هێزیش له‌نێوان هێزه‌كانی پۆلیس و سوپا له‌گه‌ڵ خۆپیشانده‌ران ڕووی دا و ئه‌نجامه‌كه‌شی مردنی ده‌یان كه‌س و برینداربوونی هه‌زارانی تر له‌نێوان هه‌ردوولادا لێكه‌وته‌وه‌.

سه‌رۆكی كازاخستان جه‌ختی كرده‌وه‌ كه‌ له‌ خۆپێشاندانه‌كه‌ی شاری ئه‌لماتی و ناوچه‌كانی تر 20 هه‌زار تیرۆریست به‌شدارییان كردووه‌ و ده‌یان ئه‌ندامی پۆلیس و سوپا كوژراون له‌گه‌ڵ برینداركردنی سه‌دانی دیكه‌.

جێی باسه‌ قاسم تۆكاییف سه‌رۆكی كازاخستان دوای فراوانبوونی پشێوییه‌كان، دوێنێ بڕیاری هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ی حكوومه‌تی وڵاته‌كه‌ی ده‌ركرد و وڵاته‌كه‌شی خسته‌ حاڵه‌تی ئه‌وپه‌ڕی ئاماده‌باشییه‌وه‌، هه‌روه‌ها داواشی له‌ ڕێكخراوی په‌یماننامه‌ی گشتی ئه‌منی كرد هێزی پاراستنی ئاشتی ڕه‌وانه‌ی وڵاته‌كه‌ی بكات بۆ كۆنتڕۆڵكردنی دۆخه‌كه‌.

 

 

 

جیهان

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.