كه‌مێک پێش ئێستا كۆبوونه‌وه‌ی شاندی هاوبه‌شی پارتی دیموكراتی كوردستان و یه‌كێتی نیشتمانی كوردستان له‌گه‌ڵ هاوپەیمانیی عەزم و تەقەدوم ده‌ستی پێ كرد.
په‌یامنێری (كوردستان تیڤی) لە بەغدا پێی ڕاگه‌یاندین: شاندی پارتی و یەکێتی له شاری به‌غدا ئێستا لە کۆبوونەوەدان لەگەڵ هاوپەیمانیی تەقەدوم و عەزم سه‌باره‌ت به پرسی پێكهێنانی حكوومه‌تی نوێی عێراق.
ئاشكراشی كرد: بڕیاره شانده هاوبه‌شه‌كه‌ی پارتی و یه‌كێتی چه‌ند كۆبوونه‌وه‌یه‌كی تریش له‌گه‌ڵ لایه‌نه شیعی و سوننه‌كان له به‌غدا ئه‌نجام بده‌ن و پرسی دانیشتنی ڕۆژی یه‌كشه‌ممەی داهاتووی ئه‌نجوومه‌نی نوێنه‌ران و پێكهێنانی حكوومه‌تی نوێی عێراق تاوتوێ بكه‌ن.
شانده‌كه‌ی پارتی بە سەرۆكایەتی ھوشیار زێباری و یەكێتیش بە سەرۆكایەتی عیماد ئەحمەده و ئه‌مڕۆ هه‌ینی گه‌یشتبوونه شاری به‌غدا.
ڕۆژی چوارشه‌ممەی ڕابردوو شاندی پارتی دیموکراتی کوردستان و یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە مەکتەبی سیاسیی پارتی لە هەولێر کۆببوونەوە، دوای کۆبوونەوەکە مەحموود محەممەد گوتەبێژی پارتی ڕایگه‌یاندبوو كه بڕیاریانداوه بەیەک کارنامه بچنە بەغدا بۆ گفتوگۆکردن لەبارەی پێکهێنانی حکوومەتی نوێی عێراق.
ئه‌مه له‌كاتێكدایه كه بڕیارە ڕۆژی یەكشەممەی داهاتوو یه‌كه‌م كۆبوونەوەی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق به‌ڕێوه بچێت و ئەندامان سوێندی یاسایی بخۆن و دواتریش كاره‌كانی تری پڕۆسه‌ی پێكهێنانی سه‌رۆكی په‌رله‌مانی و سه‌رۆكی ئه‌نجوومه‌نی وه‌زیران و سه‌رۆككۆمار ئه‌نجام بدرێن.
هاوکات هەر ئەمڕۆ هەینی شاندەکە لەگەڵ ڕەوتی سەدر کۆبوونەوە و پرسەکانی پێکهێنانی حکوومەتی نوێی عێراق و پشک و مافەکانی لایەنەکان لە نێوانیان تاوتوێ کرا.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.