Erbil 38°C دووشەممە 18 ئایار 14:08

وەزارەتی کارەبا لەبارەی زیانگەیاندن بە پێوەری زیرەکی کارەبا ڕوونکردنەوە دەدات

کوردستان TV
100%

 

وەزارەتی کارەبای هەرێمی کوردستان ڕوونکردنەوەیەکی لەبارەی زیانگەیاندن بە پێوەری زیرەکی کارەبا بڵاوکردۆتەوە و ڕایدەگەیەنێت، لە ئەگەری هەر جۆرە زیانگەیاندنێک بە تۆڕ و ئامێرەکانی کارەبا سەرەتا زیان بە کارەبای ماڵەکەی خۆی دەگەیەنێت و ڕێکاری یاساییش بەرانبەر سەرپێچیکاران دەگیرێتەبەر.

 وەزارەتی کارەبای هەرێمی کوردستان ئەمڕۆ شەممە ڕاگەیانراوێکی بڵاوکردەوە و تێیدا هاتووە " پرۆژەی پێوەری زیرەكی کارەبا یەكێ لە پرۆژە گرنگ و سەركەوتووەكانی کەرتی کارەبای هەرێمە و رۆڵێکی گرنگی بۆ چارەسەركردنی گرفتی كارەبا هەیە".

ئەوەشی خستۆتەڕوو " تا ئێستا لە79% ی پڕۆژەکە تەواو بووە و تەواوی تایبەتمەندییەکانیشی بەگەڕ نەخراوە، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا توانیویەتی بە رێژەیەكی بەرچاو سەرپێچی لەسەر تۆرەکانی كارەبا و زیانگەیاندن بە ئامێرەکانی کارەبا لەوانە سوتانی گۆڕەری گەڕەکەکان و ئۆڤەرلۆد بوونی فیدەرەکان کەم بکاتەوە و دادپەروەری لە دابەشکردنی كارەبا بەدی بێنێت".

دەشڵێت: پێوەری زیرەک بەهۆی کاریگەرییە ئەرێنییەکانی نارازیبوونی ئەو کەسانەی لێ کەوتووەتەوە کە ساڵانێکە لەسەر حسابی بەرژەوەندیی گشتی بە سەرپێچی یاسایی کارەبا دەدزن و پارەی کرێی کارەبا نادەن و مافی خەڵکی دیکەیان پێشێل دەکرد.

ڕوونیشی دەکاتەوە کە "کەمی ماوەکانی پێدانی کارەبا هیچ پەیوەندییەکی بە پێوەری زیرەکەوە نییە، بەڵکو لە پلەی یەکەمدا پەیوەندی بە ئاستی بەرهەمهێنانی کارەبا و دواتر بەرزبوونەوەی خواست لەسەر کارەبا و بەرزبوونەوەی ژمارەی هاوبەشانی کارەباوە هەیە".

ئاماژەی بەوەشکرد "بەلاڕێدابردنی ڕای گشتی بە ئەنقەست بێت یان لە نەزانینەوە بێت، دەرخەری ئەو ڕاستییەیە کە پاڵنەرانی ئەم بابەتە هێشتا لە کار و ئەرکی پڕۆژەی پێوەری زیرەک تێنەگەیشتوون و نازانن ئەرکی ئەم پێوەرە لە کەرتی کارەبادا لەپاڵ بەشەکانی بەرهەمهێنان، گواستنەوە و دابەشکردن چییە".

هەروەها ڕایگەیاند: پێوەری زیرەک لەم ساتەوەختە هەستیارەدا کە بەهۆی نەبوونی سوتەمەنی و شایستە داراییەکانی کۆمپانیاکانی بەرهەمهێنانی کارەبا، ئاستی بەرهەمهێنانی کارەبا نیوەی خواست لەسەر کارەبا پڕ دەکاتەوە، رۆڵێکی گرنگی لە نەهێشتنی بە فیڕۆدانی کارەبا و پاراستنی ئەم سامانە نیشتمانییە لە تێکچوون و سوتان و سەرپیچی گێڕاوە.

ڕاشیگەیاند: تەنیا لەناو سەنتەری شاری سلێمانی لە ساڵی 2018 زیاتر لە 50 فیدەر ئۆڤەرلۆد بووە، سەرەمحاویلە 100 بووە، لەساڵی 2021 بەهۆی بوونی پێوەری زیرەکەوە بۆ 10 سەرەمحاویلە و 10 فیدەری ئۆڤەرلۆد و سوتانی تەنیا محاویلەیەک کەم بووەتەوە.                                                                                           

ئەوەشی خستۆتەڕوو "پێوەری زیرەک ئاستی بەکارهێنانی کارەبای کۆنترۆڵ کردووە، بۆ ئەوەی کە هەر هاوبەشێکی کارەبا بە پێی مافی خۆی کارەبا وەربگرێت و هیچ هاوبەشێکی کارەبا بەهۆی بەکارهێنانی لەڕادەبەدەر، مافی گشتی و دراوسێکانی پێشێل نەکات، بە نەبوونی پێوەری زیرەک دۆخی کارەبا بەهۆی لە ئاستی پێویستدا نەبوونی ئاستی بەرهەمهێنان و بەرزبوونەوەی خواست و ژمارەی هاوبەشانی کارەبا و زۆربوونی سەرپێچی، زۆر خراپ دەبوو.

دەشڵێت: تەواوی تایبەتمەندییەکانی پێوەری زیرەک بۆ رێکخستن و کۆنترۆڵی کارەبا، ئەو کاتە سوودەکانی بەدەر دەکەوێت کە بەرهەمهێنانی کارەبا لە ئاستی پێویستدا بێت.

وەزارەتی کارەبا ئاماژەی بەوەش دا "لەگەڵ ئەوەی کە تەواوی هەوڵی خۆی بۆ بەرزکردنەوەی ئاستی بەرهەمهێنانی کارەبا دەدات، لە هەوڵی بەرزکردنەوە ئاستی هۆشیاری هاووڵاتییان دایە بۆ چۆنییەتی بەکارهێنانی کارەبا و ناساندنیان بە بەشە جیاوازەکانی کارەبا و ئەرکەکانی هەر یەک لەم بەشانە، لە ئەگەری هەر جۆرە زیانگەیاندنێکیش بە تۆڕ و ئامێرەکانی کارەبا، سەرەتا زیان بە کارەبای ماڵەکەی خۆی دەگەیەنێت و رێکاری یاساییش بەرانبەر سەرپێچیکاران دەگیرێتەبەر".

 

کوردستان

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.