Erbil 38°C یەکشەممە 17 تشرینی دووەم 12:47

 وەزیری دەرەوەی ئەمریکا: ئەگەر رووسەکان بچنە ماڵێک زەحمەتە جارێکی دیکە جێیبهێڵن

رووسیا وەڵامی لێدوانه‌که‌ی وەزیری دەرەوەی ئەمریکا دەداتەوە
کوردستان TV
100%

وەزارەتی دەرەوەی رووسیا کاردانەوەی لە بەرامبەر لێدوانی وەزیری دەرەوەی ئەمریکا، ئانتۆنی بڵینکن نیشاندا کە گوتبووی: "ئەگەر رووسەکان بێنە ماڵەکانتان دووبارە ناڕۆنەوە".

لەمبارەیەوە وەزارەتی دەرەوەی رووسیا راگەیەندراوێکی بڵاوکردەوە و تیایدا لێدوانەکانی ئانتۆنی بڵینکنی دەربارەی رابەریکردنی رووسیا بۆ ناردنی سەرباز بۆ کازاخستان لە چوارچێوەی رێکخراوی رێککەوتنی ئاسایشی گشتیدا، هەڵسەنگاند کە تیایدا هاتووە: "ئەگەر بڵینکن زۆر حەزی بە وانەی مێژووە، پێویستە بزانێت کە ئەگەر ئەمریکییەکان بچنە ماڵێک ئاستەمە تاڵانی و دەستدرێژی تیادا ئەنجام نەدەن".

هەر لە راگەیەندراوەکەدا هاتووە: "هیندییە سوورەکانی کیشوەری ئەمریکای باکوور، کۆرییەکان، ڤێتنامییەکان، عێراقییەکان، پانەماییەکان، یوگۆسلاڤییەکان، لیبییەکان، سوورییەکان و هەموو ئەو کەسە بەدبەختانەی ئەم میوانە بانگێشت نەکراوەیان لە ماڵی خۆیاندا بینی، دەتوانن زۆر شت لە بارەی ئەمریکاوە بڵێن".

جێی وەبیرهێنانەوەیە وەزیری دەرەوەی ئەمریکا، ئانتۆنی بڵینکن دوێنێ لە بارەی ناردنی هێزی ئاشتی پارێزی رووسیا بۆ کازاخستان رایگەیاندبوو: "بەڕای من ئەو وانەیەی پێویستە لەو رووداوانەی لە ماوەی رابردوودا روویانداوە، وەربگیردرێت، ئەوەیە کە ئەگەر رووسەکان بچنە ماڵێک، زەحمەتە جارێکی دیکە جێیبهێڵن".

جیهان

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.