دەزگای خێرخوازی بارزانی ئەمڕۆ یەکشەممە ئاگادارییەکی بڵاوکردۆتەوە لەبارەی ناردنە دەرەوەی ئەو منداڵانەی کە لە ناوخۆ چارەسەرییان نییە و تێیدا چەند مەرج و ڕێنماییەک دەخاتەڕوو.
دەقی ئاگادارییەکەی دەزگای خێرخوازی بارزانی:-
ئێمە لەماوەی رابردوودا ئاگادارییەكمان بڵاوكردەوە سەبارەت بە رێككەوتنمان لەگەڵ رێكخراوی (گوندی ئاشتی ئەڵمانی)، كار لەسەر ناردنە دەرەوەی منداڵی نەخۆش دەكات بۆ چارەسەر. بۆیە داواتان لێ دەكەین تەنها لەم بوارە سەردانمان بكەن:
- منداڵی نەخۆش تەمەنی لە 12 ساڵ زیاتر نەبێت.
- بەپێی ئەو رێككەوتنەی لەنێوان دەزگای خێرخوازیی بارزانی و رێكخراوی گوندی ئاشتی كراوە، چارەسەر بۆ دۆسییهی نەخۆشەكان دیاری دەكرێت.
- بەپێی ئەو راگەیاندنەی بڵاوكرایەوە هەندێك كەیسی نەخۆشی دەگمەن وەكو (سووتان و ناڕێكی ماكەمانی سووتان، ئێسكەنەرمە و خواربوونی ئێسك، نەخۆشییەكانی مێزەڕۆ) دەگرێتەوە.
- منداڵی نەخۆش بە تەنها دەنێردرێتە دەرەوە لەگەڵ رێكخراوی ناوبراو بەبێ (دایك و باوك و هیچ كەسێكی نزیكی).
- دەزگای خێرخوازیی بارزانی رێكخەری كارەكانە نەك بڕیاردەر. بەداخەوە بەهۆی زۆری حاڵەتەكان رێكخراوی ناوبراویش لەتوانایدا نییە چارەسەری هەموو ئەو كەیسانە بكات، بەڵام ئێمە لە هەوڵدان دەبین بۆ ئەوەی بتوانین سەرچاوەی دیكە و هاوكای دیكە بەدەست بێنین.
- بۆ ئاگاداربوون پەیوەندی بەم ژمارە تەلەفۆنەوە بكەن (07502061515)
لەگەڵ رێزدا
دەزگای خێرخوازیی بارزانی

کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.