Erbil 38°C ھەینی 15 ئایار 18:59

داعش هەڕەشە له‌ گرتووخانەیەکی کەرکووک دەکات

کوردستان TV
100%

تیرۆرستانی داعش هەڕەشەی هێرشکردن بۆ سەر گرتووخانەیەک دەکەن لە پارێزگای کەرکووک بەهۆی ئەمەوەش بۆ ماوەی چەند ڕۆژێکە پۆلیسی گرتن و گواستنەوەی کەرکووک لە ئامادەباشیدان.

سەرچاوەیەکی تایبەت لە پۆلیسی کەرکووک بە (کوردستان تیڤی) ڕاگەیاند: گرتووخانەی گرتن و گواستنەوەی کەرکووک (تەسفیرات) لەلایەن تێرۆرستانی داعشەوە ھەڕەشەی لێ کراوە، بەهۆی ئەمەوەش بۆ ماوەی 6 ڕۆژە پۆلیسی بەشی گرتن و گواستنەوەی کەرکووک لە حاڵەتی ئامادەباشی تەواو دان.

ڕاشیگەیاند: تیرۆرستانی داعش هەڕەشەیان لە چەند گرتووخانەیەکی دیکەش لە کەرکووک کردووە بە تایبەت ئەو گرتووخانانەی تیرۆرستانی داعشی تێدا زیندانی کراوە.

هاوکات زانیارییە هەواڵگیرییەکان ئاماژەیان بەوە دا داعش پلانی ھەیە وەک گرتووخانەی غوێران لە چەند شوێنێکی دیکە لە عێراق ھەمان پلان ئەنجام بدات کە یەکێک لەو گرتووخانانەش زیندانی گرتن و گواستەنەوەی کەرکووکە کە دەکەوێتە بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی کەرکووک لە  فرۆکەخانەی شاره‌كه‌.

هێرشی تیرۆرستانی داعش بۆ سەر گرتووخانەی غوێران لە سنووری پارێزگای حەسەکە کە بە هەزاران تیرۆرستانی داعشی تێدا زیندانی کراوە، لە شەوی پێنجشەممەی ڕابردووەوە دەستی پێ کرد و سەدان زیندانی توانییان لە زیندانییەکەدا ڕابکەن، هەروەها بۆ ماوەی چەندین ڕۆژ شەڕ و ڕووبەڕووبوونەوە لەگەڵ تیرۆرستان بەردەوامی هەبوو.

هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە) دوێنێ چوارشەممە ڕایانگەیاند: گرتووخانەی غوێران بە تەواوەتی کۆنتڕۆڵ کرا و کۆتاییمان بە هێرشی تیرۆرستانی داعش بۆ سەر گرتووخانەکە هێنا و سەرجەم زیندانییەکان خۆیان ڕادەست کرد.

ئەم هێرشەی تیرۆرستانی داعش بۆ سەر زیندانی غوێران بەرفراوانترین هێرشە لە دوای تێپەڕبوونی سێ ساڵ بەسەر ڕاگەیاندنی کۆتاییهێنان بە ڕێکخراوەکەیان.

کوردستان

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.