Erbil 38°C دووشەممە 11 ئایار 05:47

فوئاد حوسێن بۆ وەزیری دەرەوەی ئێران: سەقامگیریی ناوچەکە سەقامگیرییە بۆ عێراق

وەزیرانی دەرەوەی عێراق و ئێران لە رێگەی تەلەفۆنەوە تاوتوێی بەرەوپێشچوونەکانی ناوچەکەیان کرد و جەختیان لە پێویستی هەوڵەکانی کۆتاییهێنان بە جەنگی یەمەن کردەوە.
کوردستان TV
100%

بەگوێرەی ئەو راگەیەندراوەی کە لە وەزارەتی دەرەوەی عێراق بڵاوکراوەتەوە، فوئاد حوسێن پەیوەندییەکی تەلەفۆنیی لە هاوتا ئێرانییەکەی، ئەمیر عەبدوڵڵاهیانەوە پێگەیشتووە.

لە میانی پەیوەندییە تەلەفۆنییەکەدا، هەردوولا باسیان لە کۆمەڵێک پرسی هەستیار و گرنگ لە ناوچەکەدا کرد و وەزیری دەرەوەی ئێران کورتەیەکی لەبارەی دانوستانە بەردەوامەکانی ڤیەننا لەبارەی دۆسیەی ئەتۆمی وڵاتەکەی لەگەڵ ئەمریکا و وڵاتانی دیکەی پەیوەندیدار بە وەزیری دەرەوەی عێراق دا، و ئاماژەی بەوەدا کە ئەو هەنگاوانەی لەم پرۆسەیەدا هەن دەکرێت بە ئەرێنی ببیندرێن.

لەلای خۆیەوە وەزیری دەرەوەی عێراق، فوئاد حوسێن خۆشحاڵی خۆی نیشاندا بە بەردەوامبوونی دانوستانەکان و هیوای خواست ئەنجامەکانی بگاتە رێکەوتنی کۆتایی بەجۆرێک کە لە بەرژەوەندی ناوچەکە و سەقامگیریی و ئاشتی جیهانیدا بێت.

لە تەوەرێکی دیکەی پەیوەندییە تەلەفۆنییەکەی نێوان فوئاد حوسێن و ئەمیر عەبدوڵڵاهیان بارودۆخی ئاسایشی کەنداو و یەمەن خرایە بەر باس و لەمبارەیەوە فوئاد حوسێن جەختی لەوە کردەوە کە سەقامگیریی ناوچەکە سەقامگیرییە بۆ عێراق، بۆیە ئەوان ئامادەن هەموو هەوڵێک بدەن بۆ پێکەوە کارکردن لەگەڵ وڵاتانی ناوچەکە بۆ وەستاندنی توندوتیژییەکان.

لە بەرامبەردا وەزیری دەرەوەی ئێران ئاماژەی بە پەیوەندییە دووقۆڵییەکانی نێوان سعوودیە و ئێران دا و رایگەیاند کە پەیوەندییەکانی نێوان ریاز و تاران لە چەند بوارێکی دیارییکراودا باش بووە و لەمبارەیەوە، فوئاد حوسێن و هاوتا ئێرانییەکەی جەختیان لە پێویستی بەردەوامیدان بە گفتوگۆکان دا کە لە بەغداوە دەستی پێکرد و تاوەکو ئێستا چوار گەڕی بەڕێوەچووە، هاوکات باسیان لە چۆنییەتی هاوکارییە سێ قۆڵییەکانی نێوان سعودیە و ئێران و عێراق لەپێناو دەستپێکردنی گەڕی پێنجەمی گفتوگۆکانی نێوان ریاز و تاران کرد.

هەر لە میانی پەیوەندییە تەلەفۆنیەکەدا و لەسەر پرسی پەیوەندییە دووقۆڵییەکانی نێوان بەغدا و تاران، وەزیری دەرەوەی عێراق، فوئاد حوسێن هاوتا ئێرانییەکەی، ئەمیر عەبدوڵڵاهیان باسیان لە پرسەکانی نێوان هەردوو وڵات لە بوارە جیاجیاکاندا کرد و رێککەوتن لەسەر ئەنجامدانی کۆبوونەوەیەک لە نێواندا لە داهاتوویەکی نزیک لە تاران.

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.