Erbil 38°C دووشەممە 11 ئایار 01:57

هەندرێن خۆشناو بەشداری لە فێستیڤاڵێکی نێودەوڵەتی کاریکاتێریی لە میسر كرد

کوردستان TV
100%

رۆژی هەینی 4ی فبرایەر، کۆپی یەکەمی فێستیڤاڵێکی نێودەوڵەتی کاریکاتێریی، بەناونیشانی (گوڵ) لە مۆزەخانەی کاریکاتێر لە شاری فەیوم لە وڵاتی میسردا کرایەوە، ئەم پێشانگایە نێودەوڵەتیەش بە سپۆنسەر و رێکخستنی سەنتەری کاریکاتێریی فەیوم و گۆڤاری ئەلیکترۆنی توماتۆ کارتۆن بوو، و هەتا 15ی مانگ بەردەوام دەبێت.
خاتوو ئەگیار فێرناندێزی باڵیۆزی کوبا لە قاهیرەی پایتەخی میسر، و شێوەکاری میسری محەمەد عەبلە دامەزرێنەری سەنتەری هونەریی فەیوم، و مستەفا شێخ سەرۆکی کۆمەڵەی کاریکاتێریستانی میسر، هەستان بە کردنەوەی ئەم پێشانگا کاریکاتێرییە نێودەوڵەتیە.
هەندرێن خۆشناوی شێوەکار و کاریکاتێریستی ناسراوی کورد، کە کاریکاتێریستیکی پێشەنگە لە بواری هونەری کاریکاتێر لە کوردستاندا، جێی پەنجەی دیارە لەم بوارەدا و خزمەتێکی زۆری هونەری کوردی کردووە، و ئەمساڵ 36 ساڵ تێپەڕێ بەسەر کردنەوەی یەکەم پێشانگای تایبەتی شیوەکاری و کاریکاتێری خۆیدا.
لە دوایین چالاکییە هونەرییەکانی خۆیدا، بەشداریکردن بوو لە فێستیڤاڵی (گوڵ)ی نێودەوڵەتی کاریکاتێریی و کارتۆنی، کە لە شاری فەیومی وڵاتی میسر دوێنێ بەڕێوەبرا.
هەندرێن خۆشناو سەبارەت بەم بەشداریکردنەی لەم فێستیڤاڵەدا گوتی: (404) کاریکاتێریست لە (63) وڵاتەوە زیاتر لە (900) کارتۆنیان بۆ فێستیڤاڵەکە ناردبوو، لێژنەی دادوەری هونەریی فێستیڤاڵەکەش کە لە چەند هونەرمەندێکی (٦) وڵاتەوە پێکهاتبوون، (236) کاری (210) هونەرمەند لە (60) وڵاتەوە پەسەندکرد و لە پێشانگاکە نمایشکران. جێگای شانازییە کە کارەکانی منیش لەنێو کارە سەرکەوتووەکانی پێشانگەکە بوون و بە فیلتەری لێژەنەکەدا تێپەڕین. ئەوەی جێگەی خۆشحاڵی بوو لەم فێستیڤاڵەدا چەند کارتۆنیستێکی کوردی تریش بەشداربوون، ئەوانیش بەڕێزان گرفتار کاکەیی و بەکر عەبدولڕەحمان و جەبار سابیر بوون.
هەندرێنی هونەرمەند سەبارەت بە مەبەستی کردنەوەی ئەم پێشانگایەش گوتی: مەبەست لە کردنەوەی ئەم پێشانگا کاریکاتێریەش، بایەخدان بە گوڵ و رووبەری سەوزایی، و بەرزکردنەوەی ئاستی هۆشیاری ژینگەیی، و هاندانی هاوڵاتیان بۆ پاراستنی ژینگە و بەرەنگاربوونەوەی پیسبوونی ژینگە بوو، ئەمانەش هەمووی لە تابلۆ کاریکاتێری و کارتۆنیەکاندا رەنگیدایەوە.
هەندرێن خۆشناو سەبارەت بە وردەکارییەکانی فێستیڤاڵەکە گوتی: بێجگە لە پێشانگا کارتۆنیە سەرەکیەکە، چەندین چالاکی تریش بەڕێوەدەچن کە بریتین لە ئاهەنگ گێڕان بەبۆنەی ساڵیادی لە دایکبوونی محەمەد عیفەتی کاریکاتێریستی کۆچکردووی میسری، و کردنەوەی پێشانگایەکی پۆرترێتی کاریکاتێری بۆ هونەرمەندی کۆچکردوو، کە بریتی بوو لە 30 کاریکاتێر، هەروەها نمایشکردنی چەند کارێکی هونەرمەندی کۆچکردوو محەمەد عیفەت، هەروەها بەستنی کۆڕێک سەبارەت بە هونەرمەندی ناوبراو و خوێندنەوە بۆ کارەکانی.
ئا- كامران

کولتوور و هونه‌ر

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.