مستەفا کازمی، سەرۆکوەزیرانی عێراق و ئیبراهیم رەئیسی، سەرکۆماری ئێران، جەختیان لە گرنگی دەستپێشخەرییە هەرێمییەکان بۆ لێکنزیکردنەوەی بۆچوونەکان لەپێناو پتەوکردنی ئاسایش و سەقامگیریی لە ناوچەکەدا کردەوە.
بەگوێڕەی ئەو راگەیەندراوەی کە لە نووسینگەی راگەیاندنی سەرۆکوەزیرانی عێراق بڵاوکراوەتەوە، مستەفا کازمی و ئیبراهیم رەئیسی پەیوەندییەکی تەلەفۆنییان ئەنجامداوە.
لە میانی پەیوەندییە تەلەفۆنییەکەدا، مستەفا کازمی جەختی لە گرنگی دەستپێشخەرییە هەرێمییەکان بۆ لێکنزیکردنەوەی بۆچوونەکان کردووەتەوە، وەک ئاماژەیەک بۆ میواندارییکردنی عێراق بۆ گفتوگۆکانی نێوان ئێران و سعوودیە.
لای خۆیەوە، سەرکۆماری ئێران ستایشی هەوڵەکانی عێراقی کردووە بۆ لێکنزیکردنەوەی بۆچوونەکان و پتەوکردنی ئاسایش و سەقامگیریی ناوچەکە.
ئیبراهیم رەئیسی جەختی لەوە کردووەتەوە کە ئیدانەی هەر کردەوەیەک دەکات لەلایەن هەر لایەنێکەوە بێت بۆ تێکدانی سەقامگیریی و ئاسایشی عێراق و کاریگەری لەسەر پێگە هەرێمیی و نێودەوڵەتییەکەی بکات.
لە راگەیەندراوەکەدا ئەوەش خراوەتەڕوو کە کازمی و رەئیسی باسیان لە پتەوکردن و فراوانکردنی هاوکای و هەماهەنگیی نێوان هەردوو وڵات لە بوارە جیاجیاکان لە سەرجەم ئاستەکاندا کردووەتەوە.
جێی ئاماژەیە، تاوەکو ئێستا بەغدا میوانداریی چوار گەڕی گفتوگۆی راستەوخۆی نێوان بەرپرسانی سعوودیە و ئێرانی کردووە و کە تەوەرە سەرەکییەکانی بریتی بووە لە شەڕی یەمەن و بەرنامە ناوەکییەکەی ئێران.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.