Erbil 38°C ھەینی 13 شوبات 02:41

کازمی: ھێزە ئەمنییەکان ھەوڵەکانیان لە پێناو دەستگیرکردنی تاوانباران چڕکردووەتەوە

مستەفا کازمی، سەرۆکوەزیرانی عێراق، رایگەیاند کە بەمەبەستی لێکۆڵینەوە لە تیرۆرکردنی دادوەر، ئەحمەد فەیسەڵ، هەروەها ئەفسەر لە وەزارەتی ناوخۆ، حوسام عەلیاوی لە پارێزگای میسان شاندێکیان رەوانەی پارێزگاکە کردووە.
کوردستان TV
100%

مستەفا کازمی راگەیەندراوێکی بڵاوکردەوە و تیایدا ھاتووە "بەم دواییانە، چەندین کردەی تیرۆرکردن لە پارێزگای میسان ئەنجامدراون کە دوایینیان تیرۆرکردنی دادوەر، ئەحمەد فەیسەڵ و ئەفسەر لە وەزارەتی ناوخۆ، حوسام عەلیاوی بوو".

راشیگەیاندووە "دەسەڵاتی دەوڵەت و سەروەریی یاسا لەبەرامبەر تاوانەکانی تیرۆرکردن کە دەبنە ھەڕەشە بۆسەر ئاشتیی و سەقامگیری لە پارێزگای میسان، دەستەوەستان ناوەستن و ھێزە ئەمنییەکانیش ھەوڵەکانیان لە پێناو سەپاندنی یاسا و دەستگیرکردنی تاوانباران لە پاریزگاکە، چڕکردووەتەوە".

سەرۆکوەزیرانی عێراق ئاماژەی بەوەیش داوە کە بەمەبەستی لێکۆڵینەوە لە تیرۆرکردنی دادوەر، ئەحمەد فەیسەڵ، هەروەها ئەفسەر لە وەزارەتی ناوخۆ، حوسام عەلیاوی لە پارێزگای میسان شاندێکیان رەوانەی پارێزگاکە کردووە و رایگەیاندووە "شاندەکە ھەریەک لە وەزیری ناوخۆ، عوسمان غانمی، سەرۆکی ئەرکانی سوپا، فەریقی یەکەم روکن عەبدولئەمیر رەشید یارەڵڵا و جێگری فەرماندەی ئۆپەراسیۆنە ھاوبەشەکان، فەریقی یەکەم روکن عەبدولئەمیر شممەری لەخۆدەگرێت".

دوێنێ شەممە دادوەری تایبەت بە دۆسیەی ماددە ھۆشبەرەکان، ئەحمەد فەیسەڵ لە پارێزگای میسان باشووری رۆژھەڵاتی عێراق، لەلایەن چەکدارانی نەناسراوەوە کوژرا.

چەند رۆژێک لەمەوبەریش ئەفسەر لە وەزارەتی ناوخۆ، حوسام عەلیاوی لە پارێزگای میسان لەلایەن چەکدارانی نەناسراوەوە، کوژرا.

رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌راست عێراق

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.