Erbil 38°C شەممە 09 ئایار 00:12

سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستان و باڵيۆزى ئه‌مه‌ريكا دۆخى عێراقیان تاوتوێ كرد

کوردستان TV
100%

نيوه‌ڕۆى ئه‌مڕۆ چوارشه‌م نێچيرڤان بارزانى سه‌رۆكى هه‌رێمى ‏كوردستان پێشوازى له‌ ماتيوو توله‌ر باڵيۆزى ئه‌مه‌ريكا و شاندێكى ياوه‌رى كرد.‏

له‌ كۆبوونه‌وه‌يه‌كدا دوايين په‌ره‌سه‌ندنه‌كانى دۆخى سياسيى عێراق، به‌تايبه‌تيش دواى بڕيارى ‏دادگاى باڵاى فيدرالى ده‌رباره‌ى كه‌رتى نه‌وت و گاز له‌ هه‌رێمى كوردستان تاوتوێ كرا. ‏

له‌مباره‌يه‌وه‌ سه‌رۆك نێچيرڤان بارزانى خوێندنه‌وه‌ى خۆى بۆ چۆنيه‌تيى ده‌رچوونى بڕياره‌كه‌ و ‏هه‌نگاونان بۆ چاره‌سه‌رى خسته‌ڕوو، دووپاتيشى كرده‌وه‌ كه‌ ئه‌م قۆناغه‌ى عێراقى پێدا ‏ده‌گوزه‌رێت وا ده‌خوازێت دادگاى فيدڕالى و هه‌موو لايه‌نه‌ عيراقييه‌كانيش به‌ دواى ‏چاره‌سه‌ركردنى كێشه‌كاندا بگه‌ڕێن. ‏

هه‌روه‌ها ڕووني كرده‌وه‌ كه‌ هه‌رێمى كوردستان هه‌ميشه‌ پابه‌نديى خۆى بۆ ‏چاره‌سه‌ركردنى كێشه‌كان له‌گه‌ڵ حكوومه‌تى فيدڕاليى عێراق له‌سه‌ر بنه‌ماى ده‌ستوور نيشان ‏داوه‌ و دووپاتى كرده‌وه‌ كه‌ ئه‌م جۆره‌ هه‌نگاوانه‌ خزمه‌تى سه‌قامگيرى له‌ وڵات ناكه‌ن، بۆيه‌ ‏هه‌موومان ده‌بێ بۆ چاره‌سه‌رى و پاراستنى سه‌قامگيرى كار بكه‌ين.‏

له‌ كۆبوونه‌وه‌كه‌دا هه‌ردوولا هاوڕابوون كه‌ دواى هه‌ڵبژاردنه‌كانى ئۆكتۆبه‌رى ڕابردووى ‏ئه‌نجوومه‌نى نوێنه‌ران، دۆستانى عێراق چاوه‌ڕوانيى پێكهێنانى حكوومه‌ت و سه‌قامگيرى و ‏به‌ره‌وپێشچوونى پرۆسه‌ى ديموكراسين له‌ عێراق، هه‌روه‌ها جه‌ختيان له‌ گرینگيى هاريكارى و ‏هه‌ماهه‌نگيى نێوان هه‌رێمى كوردستان و حكوومه‌تى فيدڕاليى عێراق كرده‌وه‌ به‌تايبه‌تى بۆ ‏به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ى تيرۆر كه‌ هێشتا له‌ عێراق و سوورياش مه‌ترسييه‌كى ڕاسته‌قينه‌يه‌. ‏

هه‌ڵبژاردنه‌كانى هه‌رێمى كوردستان، ته‌وه‌رێكى ديكه‌ى كۆبوونه‌وه‌كه‌ بوو، تيايدا سه‌رۆك ‏نێچيرڤان بارزانى جه‌ختى له‌وه‌ كرده‌وه‌ كه‌ سه‌رۆكايه‌تيى هه‌رێمى كوردستان له‌گه‌ڵ لايه‌نه‌ ‏په‌يوه‌نداره‌كان كار ده‌كات و له‌گه‌ڵ لايه‌نه‌ سياسييه‌كان له‌ په‌يوه‌نديدايه‌ بۆ ئه‌وه‌ى ‏هه‌ڵبژاردنه‌كان له‌ كاتى خۆيدا ئه‌نجام بدرێن. ‏

هه‌ردوولا دۆخى پێشمه‌رگه‌ و هه‌نگاوه‌كانى چاكسازى و پرۆسه‌ى يه‌كخستنه‌وه‌يان و پشتگيريى ‏ئه‌مه‌ريكا و وڵاتانى ديكه‌ى دۆستيان خسته‌ به‌رباس و هاوڕابوون كه‌ له‌گه‌ڵ ئه‌و هه‌نگاوه‌ ‏باشانه‌ى له‌مباره‌يه‌وه‌ نراون، پرۆسه‌كه‌ هێشتا كارى زياترى ده‌وێت و له‌مباره‌يه‌وه‌ به‌رده‌واميى ‏ئه‌مه‌ريكا و دۆستانى هه‌رێمى كوردستان پێويسته‌.‏

كه‌رتى ئابوورى و گرینگيى ئارامى و سه‌قامگيرى بۆ هاندانى سه‌رمايه‌گوزارى و وه‌به‌رهێنانى ‏بيانى له‌ هه‌رێمى كوردستان و عێراق، گرنگيى سه‌ربه‌خۆييى دادگاكان له‌ عێراق و هه‌رێمى ‏كوردستان و به‌رده‌واميى هاريكاريى هاوبه‌شى عێراق و كۆمه‌ڵگه‌ى نێوده‌وڵه‌تى، چه‌ند ته‌وه‌رێكى ‏ديكه‌ى كۆبوونه‌وه‌كه‌ بوون.‏

 

کوردستان

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.