Erbil 38°C شەممە 09 ئایار 00:10

یه‌كێتی نه‌ته‌وه‌یی: بڕیاره‌كه‌ی دادگای فیدڕالی به‌ فشاری وڵاتانی ئیقلیمی و هه‌ندێ لایه‌نی سیاسی ده‌ركراوه‌

کوردستان TV
100%

مه‌كته‌بی سیاسی یه‌كێتی نه‌ته‌وه‌یی دیموكراتی كوردستان سه‌باره‌ت به‌ بڕیاره‌كه‌ی دادگای فیدڕالی عێراق له‌باره‌ی یاسای نه‌وت و گازی هه‌رێمی كوردستان، به‌یاننامه‌یه‌كی بڵاوكرده‌وه‌ و ئاماژه‌ی به‌وه‌دا كه‌ بڕیاره‌كه‌ له‌ژێر هه‌ژموون و فشاری وڵاتانی ئيقلیمی و هه‌ندێ لایه‌نی سیاسی و شۆڤێنى عێراق ‌دژ به‌مافه‌كانی گه‌لی كوردستان ده‌ر‌كراوه.‌

ڕاشیگه‌یاند: پێویسته‌ سه‌رۆكایه‌تی هه‌رێم و په‌رله‌مان و حكوومه‌تی كوردستان به‌زووترین كات له‌گه‌ڵ سه‌رجه‌م حزب و لایه‌نه‌‌ سیاسییه‌كانی كوردستان‌ كۆببێته‌وه‌ هه‌ڵوێستی ڕوونی خۆیان به‌یه‌كگرتوویی و یه‌كڕیزی ڕابگەیەنن، ئه‌گه‌ریش پێداگیری له‌لایه‌ن ده‌سەڵاتی عێراقه‌وه بۆ جێبه‌جێكردنی بڕیاره‌كه‌ی دادگای باڵای فیدڕاڵیی عێراق و پیشێلكردنی مافه‌كانی گه‌لی كوردستان به‌رده‌وام بێت‌، پێویسته‌ ده‌سه‌ڵاتی كوردستان كارتی ریفراندۆم و ئیراده‌ی گه‌لی كوردستان بۆ جیابوونه‌وه‌ و سه‌ربه‌خۆیی كوردستان به‌كاربێنێت.

ده‌قی ڕاگه‌یه‌نراوه‌كه‌ی مه‌كته‌بی سیاسی یه‌كێتی نه‌ته‌وه‌یی دیموكراتی كوردستان:-

 - جه‌ماوه‌ری خۆڕاگرو دڵسۆزی كوردستان...

 - سه‌رۆكایه‌تی هه‌رێم و په‌رله‌مان و حكوومه‌تی كوردستان...

 - حزب و لایه‌نه‌ سیاسییه‌كان رێكخراوه‌كانی كوردستان...

دادگای باڵای فیدڕاڵیی عێراق سەبارەت بە دۆسیه‌ی نه‌وت و گازی باشووری كوردستان بڕیارێکى داوە و گرێبه‌سته‌كانی نه‌وتی كوردستان له‌گه‌ڵ كۆمپانیاكان به‌ نایاسایی هه‌ژمار كردووە، لەهەمان کاتدا داواى ڕاده‌ستكردنه‌وه‌ی ته‌واوی داهات و نه‌وتی كوردستان به‌ حكوومه‌تی ناوه‌ندیی عێراق دەکات، بێگومان ئه‌م بڕیاره‌ به‌رله‌وه‌ی ياسايى و ده‌ستووری بێ، بڕیارێکى سیاسییه‌ و له‌ژێر هه‌ژموون و فشاری وڵاتانی ئيقلیمی و هه‌ندێ لایه‌نی سیاسی و شۆڤێنیى عێراق ‌دژ به‌ مافه‌كانی گه‌لی كوردستان ده‌ر‌كراوه‌ و هەوڵێکە بۆ بەرتەسکردنەوەى دەسەڵاتەکانى حکوومەتى کوردستان.

ئێمه‌ له ‌یه‌كێتی نه‌ته‌وه‌یی دیموكراتی كوردستان YNDK ئه‌و بڕیارە نادەستوورییەى دادگای باڵای فیدڕاڵیی عێراق رەت دەکەینەوە و بە بڕیارێکى‌ دژ بە ماف و خواسته‌كانی گه‌لی كوردستانى دەزانین‌، له‌به‌رئه‌وه‌ی به‌پێی ده‌ستووری عێراق، ئه‌و وڵاته‌ فیدڕاڵییه‌ و ده‌سه‌ڵاته‌كان له‌نێوان حكوومه‌تی فيدڕال و هه‌رێمه‌كان دابه‌شكراوه‌، له‌هه‌مانكاتد له‌مادده‌ی (110)ی ده‌ستووری عێراقدا به‌ڕێوه‌بردنی سامانه‌ سروشتییه‌كان له‌نێویاندا نه‌وت و گاز به‌ ده‌سه‌ڵاتی ڕه‌هایی حكوومه‌تی فیدراڵ دانه‌نراوه، هەروەها‌ مادده‌ی (111)ی هه‌مان ده‌ستوور جه‌خت لەوە ده‌كاته‌وه‌ كە خاوه‌ندارێتیی نه‌وت و گاز بۆ ته‌واوی گه‌لانی عێراقە و له‌ مادده‌ی (112)شدا جه‌خت له‌وه‌ ده‌كاته‌وه‌ كه‌وا به‌ڕێوه‌بردنی نه‌وت و گاز له‌ ده‌سه‌ڵاته‌ هاوبه‌شه‌كانی حكوومه‌تی فیدڕاڵی عێراق و هه‌رێمه‌كانه،‌ بە پێى ئەو ماددەیە حكوومه‌تی كوردستانیش مافی مامه‌ڵه‌كردنی نه‌وتی هه‌یه‌.

گه‌لی كوردستان و ده‌سه‌ڵاته‌كه‌ی هه‌موو كات پابه‌ندی ده‌ستوور بوونه‌، به‌ڵام خودی حكوومه‌تی عێراق و به‌شێك له ‌لایه‌نه‌ سیاسییه‌كانی عێراق ‌پابه‌ندی ده‌ستووره‌كه‌یان نه‌بوونه‌ و، مادده‌كانی تایبه‌ت به‌ مافه‌كانی گه‌لی كوردستان و مادده‌ی 140 بۆ گەڕاندنه‌وه‌ی ناوچه ‌داگیركراوه‌كان بۆ سه‌ر ئیداره‌ی حكوومه‌تی كوردستان و چه‌ندین مادده‌ی دیكه‌ى په‌یوه‌ست به‌ ماف و ئیمتیازاتی بودجه‌ و مووچه‌ی فه‌رمانبه‌ران‌ و سامانه‌ سروشتییه‌كانیان پێشێلكردووه‌، ئەمانەشیان هەموو بۆ دژایەتیى گەلى کوردستان ئەنجامداوە.

ئەم بڕیارەی دادگای باڵای فیدڕاڵیی عێراق لەم کاتەى ئێستاى عێراقدا كە له‌ قه‌یرانی پێكهێنانی حكوومه‌تى نوێدایه‌،‌ ته‌نیا بۆ قوڵكردنه‌وه‌ی كێشه‌كانی نێوان هه‌ولێر و به‌غدا ‌و داننانه‌ به ‌ماف و ئیمتیازاتەکانی گه‌لی كوردستان، بۆیه‌ پێویسته‌ دادگای باڵای فیدڕاڵیی عێراق تا كار له‌كار نه‌ترازاوه‌ به‌ بڕیاره‌كه‌ی خۆیدا بچێته‌وه ‌و بریاره‌كانی له‌و ئاسته‌دا بن ریزه‌كانی گه‌لان پته‌و بكات، نه‌وه‌ك لێكترازان و قه‌یرانه‌كان زیاتر بكات، لەهەمانکاتدا پێویسته‌ سه‌رۆكایه‌تی هه‌رێم و په‌رله‌مان و حكوومه‌تی كوردستان به‌زووترین كات له‌گه‌ڵ سه‌رجه‌م حزب و لایه‌نه‌‌ سیاسییه‌كانی كوردستان به‌ هه‌موو نه‌ته‌وه‌ و پێكهاته‌ و ئایینه‌كانه‌وه‌ كۆببێته‌وه‌ هه‌ڵوێستی ڕوونی خۆیان به‌یه‌كگرتوویی و یه‌كڕیزی ڕابگەیەنن، ئه‌گه‌ر پێداگیری له‌لایه‌ن ده‌سەڵاتی عێراقه‌وه بۆ جێبه‌جێكردنی بڕیاره‌كه‌ی دادگای باڵای فیدڕاڵیی عێراق و پیشێلكردنی مافه‌كانی گه‌لی كوردستان به‌رده‌وام بێت‌، پێویسته‌ ده‌سه‌ڵاتی كوردستان كارتی ریفراندۆم و ئیراده‌ی گه‌لی كوردستان بۆ جیابوونه‌وه‌ و سه‌ربه‌خۆیی كوردستان به‌كاربێنێت.

 - سه‌ركه‌وێ ئیڕاده‌ی گه‌لی كوردستان.

مه‌كته‌بی سیاسی

یه‌كێتی نه‌ته‌وه‌یی دیموكراتی كوردستان YNDK

 16/2/2022 هه‌ولێر - باشووری كوردستان

کوردستان

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.