Erbil 38°C یەکشەممە 24 ئاب 23:35

بەشی نۆڕینگەى ڕاوێژکارى ئازادى ئێواران کرایەوە

کوردستان TV
100%

ئێوارەى ئەمڕۆ چوارشەم بە ئامادەبوونى د. سامان بەرزنجى وەزیرى تەندروستى و ئومێد خۆشناو پارێزگارى هەولێر و به‌رپرسانی حزبی و حكوومی، لە ڕێورەسێکەدا بەشی نۆڕینگەى ڕاوێژکارى ئازادى ئێواران کرایەوە.

دواى بەسەرکردنەوەى بەشەکانی بنکەکە، لە کۆنگرەیەکى ڕۆژنامەوانى هاوبەشدا وەزیرى تەندروستیى و پارێزگارى هەولێر ویڕاى پیرۆزبایی لە پزیشک و کارمەندان، تیشکیان خستەسەر ئەوەى بوونى ئەم بنکە ڕاوێژکارییە تەندروستییە لەم سنوورە بۆ ئێواران خزمەتگوزارییەکى گرینگ پێشکەش بە هاوڵاتییان دەکات.

هەروەها ڕایانگەیاند: دروستکردنەوەى سەرلەنوێى بنکەی تەندروستی ئازادى خێزانى کە مێژوویەکى درێژى هەیە لە شارى هەولێر لە خزمەتکردنى هاووڵاتییان کە لەم نزیکانە نۆژەنکرایەوە، بە کردنەوەی بەشى ئێوارانى دەتوانێت زیاتر خزمەتی هاووڵاتییان بکات.

پارێزگارى هەولێر گوتیشى: بۆ ساڵى 2022 لە چوارچێوەى کارنامەى کابینەى نۆیەم و بەراسپاردەى مەسرور بارزانى سەرۆکى حکوومەتى هەرێمى کوردستان، جگە لە دەستکردنەوە بە پڕۆژە خزمەتگوزارییەکانى پەرەپێدانى پارێزگاى هەولێر، کۆمەڵێک بەرنامەى باشمان داڕشتووە بۆ پێشکەشکردنى خزمەتگوزارى زیاتر بە کەرتى تەندروستى لە سنوورى پارێزگاکەمان.

بنکەى تەندروستى ئازادى خێزانى لە شارى هەولێر بنکەیەکى تایبەتمەندە لە جۆرى A و خزمەتگوزارى گشتگیر و سەرەتایی پیشکەشى هاووڵاتییان سنوورى ئەو گەرەکانە دەکات کە ژمارەیان 60 هەزار هاووڵاتییە و لە هەمانکاتدا بنکەیەکى خێزانییە و لەسەر بودجەى حکوومەتى هەرێمى کوردستان بە گوژمەى (2,104,155.000) دوو ملیار و سەد و چوار ملیۆن و سەد و پەنجا و پێنج هەزار دینار ئەوبنکەیە تێکدرا و سەرلەنوێ دروستکرایەوە.

 

 

تەندروستی

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.