Erbil 38°C ھەینی 08 ئایار 20:28

بەیاننامه‌ی 69یه‌مین ساڵیادی دامه‌زراندنی یه‌كێتی قوتابیانی كوردستان 

کوردستان TV
100%

یه‌كێتی قوتابیانی كوردستان ئه‌مڕۆ پێنجشه‌م به‌یاننامه‌یه‌كی له‌ 69مین ساڵیادی دامه‌زراندنییه‌وه‌ بڵاو كرده‌وه‌ و تێیدا ئاماژه‌ی به‌وه‌دا كه‌ دامه‌زراندنی یه‌كێتییه‌كه‌یان له‌ 18ی شوباتی 1953 لە سەرتاسەری کوردستان کارێکی فرە گرینگ بوو بۆ ئەو دەمە كه‌ مژدەی ئاسۆیەکی ڕوون و ئومێد و گڕوتینێکی گەورە بوو.

ڕاشیگه‌یاند: یەکێتی قوتابیانی کوردستان هاوشانی کاروانی کاری پیشەییانە و ڕێکخراوانەی خۆی، بە درێژایی 69 ساڵەی تەمەنی، بەردەوام لەگەڵ ناڕەحەتیی و خەم و ناسۆرەکانی گەلەکەیدا بووە.

ئاماژه‌ی به‌وه‌شدا كه‌ یەکێتی قوتابیانی کوردستان وەکو ڕابردوو و بۆ هەمیشە، پێداگرە لەسەر ریفۆرم و چاکسازی لە پرۆسەی خوێندن و پەروەردە و فێرکردندا، چونکە بە چاکسازیی و گۆڕانکاری بەردەوام لە پرۆسەی پەروەردە و خوێندندا، ئاستی قوتابییان پێش دەکەوێ.

ده‌قی به‌یاننامه‌كه‌ی یه‌كێتی قوتابیانی كوردستان:-

سڵاوی زانست و خەبات....

69 ساڵ پێش ئێستا، لە کۆنگرەی سێیەمی (پارتی دیموکراتی کوردستان) و لەسەر ڕاسپاردەی ڕابەری نەتەوەییمان (بارزانی نەمر)، دروست لە 18ـی شوباتی 1953 (یەکێتی قوتابیانی کوردستان) دامەزرا.

ئەو دەمە کە هێشتا ئاسۆ ڕوون نەبوو، کە هێشتا شۆڕشی چەکداری بزووتنەوەی ڕزگاریخوازی گەلەکەمان سەرتاسەری نەبوو، دامەزراندنی یەکێتییەکی قوتابیانە لە سەرتاسەری کوردستان کارێکی فرە گرنگ بوو، بۆ ئەو دەمە دامەزراندنی وەها یەکێتییەک مژدەی ئاسۆیەکی ڕوون و ئومێد و گڕوتینێکی گەورە بوو.

یەکێتی قوتابیانی کوردستان، پیشەییانە لە کۆڕی خوێندن و زانستخوازی و پەروەردەدا بێوچان خەباتی کرد و نیشتمانییانە و بێلایەنانە بۆ هەموو قوتابیانی کوردستان تێدەکۆشا و بەرگریی لە مافی نیشتمانیی و نەتەوەیی و ئینسانی دەکردن.

قوتابیانی خۆشەویست....

یەکێتی قوتابیانی کوردستان هاوشانی کاروانی کاری پیشەییانە و ڕێکخراوانەی خۆی، بە درێژایی 69 ساڵەی تەمەنی، بەردەوام لەگەڵ ناڕەحەتی و خەم و ناسۆرەکانی گەلەکەیدا بووە، ئەمەش بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە (ی.ق.ک) یەکێتییەکی کوردستانییانەیە و نیشتمان لە هەر قۆناغ و بوارێکدا پێویستی هەبووبێت، یەکێتییەکەمان قوربانیداوە و سڵی لە مەرگ و مردن نەکردووەتەوە، شەهیدانی ڕێی ڕزگاریی یەکێتییەکەمانیش زیندووترین نمونەی گیانفیدایی نیشتمانی لەدڵا شیرینن کە کوردستانی ڕەنگینە.

قوتابیانی سەرەڕم....

یەکێتی قوتابیانی کوردستان داکۆکیکار و پشتیوانی ماف و داخوازییە ڕەوایەکانتانە، بۆ ئەمەش بەردەوام لە هەوڵدا بووە، گەڕانەوەی پاڵپشتی دارایی بۆ قوتابییانی زانکۆ و پەیمانگەکانی کوردستان بە هەوڵی بێ چەند و چوونی یەکێتییەکەمان و ئێوەی ئازیز بووە. لێرەوە بە پێویستی دەزانین سوپاسێکی زۆری بەڕێز سەرۆکی حکوومەت و حکوومەتی ھەرێمی کوردستان بکەین بۆ ئەوەی بە دەم داواکانمان هات و کێشەی قوتابیانیان لە ماوەیەکی کەمدا چارەسەر کرد.

قوتابیانی هێژا....

یەکێتی قوتابیانی کوردستان وەکو ڕابردوو و بۆ هەمیشە، پێداگرە لەسەر ریفۆرم و چاکسازی لە پرۆسەی خوێندن و پەروەردە و فێرکردندا، چونکە بە چاکسازیی و گۆڕانکاری بەردەوام لە پرۆسەی پەروەردە و خوێندندا، ئاستی قوتابیان پێش دەکەوێ و ناوەندە زانستییەکانی ئێمەش لە پێشکەوتنە هاوچەرخەکانی ئێستا دانابڕێن، بۆ ئەمەش چەندینجار پێشنیار و یاداشت و پەیاممان ئاڕاستەی لایەنە پەیوەندیدارەکان کردووە و بەردەوام لە گفتوگۆ داین لەگەڵیان.

قوتابیانی ئازیز....

لە کۆتاییدا بە بۆنەی 69ـەمین ساڵیادی دامەزراندنی ڕێکخراوی دایک؛ یەکێتی قوتابیانی کوردستان و ڕۆژی قوتابیانی کوردستان، بەناوی سکرتێر و ئەندامانی مەکتەبی سکرتارییەتی یەکێتی قوتابیانی کوردستان پیرۆزبایی لە تەواوی کادیر و ئەندامانی یەکێتییەکەمان و سەرجەم قوتابیانی کوردستان دەکەین.

سەری رێز و نەوازش دادەنەوێنین بۆ شەھیدانی سەربەرزی کوردستان و شەھیدانی یەکێتییەکەمان و شەھید (فەرەنسۆ ھەریری) کە لە ڕۆژی قوتابییان تیرۆر کرا.

لەم یادەدا سڵاو لە ڕۆحی ڕابەریی نەتەوەییمان بارزانی نەمر و کاکە ئیدریسی ھەمیشە لە یاد...

یەکێتی قوتابیانی کوردستان

مەکتەبی سکرتارییەت

17ـی شوباتی 2022

کوردستان

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.