مهكتهبی سیاسی پارتی دیموكراتی كوردستان برووسكهیهكی پیرۆزبایی ئاراستهی یهكێتی قوتابیانی كوردستان كرد به بۆنهی 69 ساڵەی دامەزراندنییهوه.
مهكتهبی سیاسی له پهیامه پیرۆزباییهكهدا نووسیویهتی: گەرمترین پیرۆزبایی لە ئێوەی بەڕێز و کادیر و ئەندامانی یەکێتیەکەتان و تێكڕای قوتابیانی كوردستان دەكەین.
ههروهها ڕایگهیاندووه: یهكێتی قوتابیان كه ئەمڕۆ یادی (69)هەمین ساڵیادی دامەزراندنی دەكاتەوە، توانیویەتی بەم تەمەنە دەوڵەمەند و پر بەخششەی بە بەرنامەیەكی تۆكمە و پێشكەوتنخواز، كە هەڵقوڵاوی رێبازی پیرۆزی بارزانییە، لە گشت قۆناغەكانی خەبات و تێكۆشاندا، رۆڵێكی دیار و بەرچاو ببینێ لە خەباتی پیشەیی و جەماوەریدا.
دهقی پهیامه پیرۆزباییهكهی مهكتهبی سیاسی پارتی بۆ یهكێتی قوتابیانی كوردستان:-
بەڕێزان/ سكرتێر و ئەندامانی مەكتەبی سكرتاریەت و هەڤاڵانی لێژنەكانی راپەڕاندنی یەكێتی قوتابیانی كوردستان..
بەبۆنەی(69)هەمین ساڵیادی دامەزراندنی یەكێتیە تێكۆشەرەكەتان، یەكێتی قوتابیانی كوردستان، گەرمترین پیرۆزبایی لە ئێوەی بەڕێز و کادیر و ئەندامانی یەکێتیەکەتان و تێكڕای قوتابیانی كوردستان دەكەین، ئومێدەوارین وەك هەمیشە دڵسۆزانەو بەرپرسانە بۆ خزمەتكردنی توێژی قوتابیان و پشتیوانیكردنی دۆزی رەوای گەلەكەمان بۆ بەدیهێنانی ئامانجەكانی بەردەوام بن.
یەكێتی قوتابیانی كوردستان، ئەمڕۆ کە یادی (69)هەمین ساڵیادی دامەزراندنی دەكاتەوە، توانیویەتی بەم تەمەنە دەوڵەمەند و پر بەخششەی بە بەرنامەیەكی تۆكمە و پێشكەوتنخواز، كە هەڵقوڵاوی رێبازی پیرۆزی بارزانییە، لە گشت قۆناغەكانی خەبات و تێكۆشاندا، رۆڵێكی دیار و بەرچاو ببینێ لە خەباتی پیشەیی و جەماوەریدا، بە چرای زانست و پێشكەوتن مێژوویەكی شكۆمەندانەی بۆ خۆی و سەرجەم توێژی قوتابیان تۆمار كردووە.
دامەزراندنی یەكێتی قوتابیانی كوردستان، دەستكەوتێكی گرنگ و بایەخداری بزووتنەوەی رزگاریخوازی كوردستانە و، روون و بەرچاوە ئەرك و كاری توێژی بەرفراوانی قوتابیان چەندە بایەخدار و گرنگە و چ سەنگ و كاریگەریان هەیە بەسەر رێرەوی پەروەردە و فێركردندا چونكە هێز و توانایەكی لەبن نەهاتوون و وەك گەنجینەیەكی بەهاداری خەباتی گەلەكەمانن، لەو پێناوەشدا یەكێتـی قوتابیانی كوردستان چەندین سەركردە و كادیری لێهاتوو و دڵسۆزی بەرهەمهێناوە.
رۆڵی و سەنگی ئێوەی قوتابیان زۆر گرنگ و چارەنووسسازە بەتایبەتی لەو هەلومەرجەی ئەمڕۆماندا، بۆیە پێویستە وەكوو هەمیشە سەری رمی تێكۆشان و وشیار كردنەوە و پێگەیاندنی نەوەیەكی وشیار و بەرپرسیار بێت و هەوڵ و كۆشش و بەرنامەكانتان لەپێناو پتەوكردن و بەهێزكردنی ئەم ئەزموونە و داكۆكیكردن لە دەسكەوتەكانمان بێت ، بۆ بەدیهێنانی داهاتوویەكی گەشتر .
جارێكی دیكە بەو بۆنەیەوە پاڵپشتی و پشتیوانی خۆمان بۆ یەكێتییەكەتان دووپات دەكەینەوە و، هیوا خوازین هەمیشە لە ئاست گرنگی ئەم ئەركە پیرۆزەتاندا بن و جێگای متمانەی ئەو توێژە و پێشڕەوی بزوتنەوەی قوتابیانی كوردستان بن بۆ بەدیهێنانی تەواوی خواست و داواكارییە رەواكانتان.
سڵاو لە گیانی پاكی ئەو شەهیدە نەمرانەی لە رێگای سەروەری و سەرفرازی یەكێتیەكەتان و مافەرەواكانی گەلەكەمان گیانیان بەخشی..
سڵاو لە (69) ساڵەی دامەزراندن و خەباتی بەردەوام و بێسرەوتنی یەكێـتی قوتابیانی كوردستان..
مەكتەبی سیاسی
پارتی دیموكراتی كوردستان
١٧ـی شوباتی ٢٠٢٢
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.