جۆ بایدن ،سەرۆكی ئەمریكا، رایگەیاند كە لەو باوەڕەدان ڤلادیمیر پوتین ،سەرۆكی رووسیا بڕیاری داگیركردنی ئۆكراینای داوە.
بایدن بە ئاماژەدان بەوەی كە "لەم چەند رۆژەی رابردوودا ئەو هێزانەی رووسیا پشتگیریان دەكات بە جددی ئاگربەست پێشێل دەكەن"، تیشكی خستە سەر ئەوەی كە ئەم هێزانە تۆمەتی ئەو هێرشانەی دەیانكەنە سەر دۆنباس بە سەر ئۆكراینادا دەهێنن.
بایدن بە جەخت كردنەوە لەوەی رووسیا بە شێوەیەی زۆر جددی هەڵمەتێكی چەواشەكەری دەست پێ كردووە، باسی لەوە كرد كە تەواوی ئەوانەیش وەك بیانوو بەكار دەهێنێت بۆ هێرش كردنە سەر ئۆكراینا.
بایدن تیشكی خستە سەر ئەوەی وەك رووسیا ئێستا لە سنووری ئۆكراینا و بێلاڕووس و دەریای رەش 150 هەزار سەربازی هەیە، گوتی: هۆكارگەلێك هەن كە ئەو باوەڕەی لای ئێمە دروست كردووە رووسیا لە چەند هەفتەی داهاتوودا هێرش بكات. لەو باوەڕەداین كیێڤی پایتەختی ئۆكراینا بە ئامانج بگیرێت كە دوو ملیۆن و 800 هەزار كەسی بێتاوانی لێ دەژی.
لە وەڵامی رۆژنامەوانێكیشدا كە پرسی :لەو باوەڕەدان پوتین بڕیاری داگیركردنی ئۆكراینای دابێت؟"، بایدن گوتی: "بەڵێ لەو باوەڕەدام پوتین ئەم بڕیارەی دابێت".
بایدن ئاماژەی بەوە دا كە ئەمڕۆ پەیوەندیی تەلەفۆنی لەگەڵ سەركردەكانی یەكێتیی ئەورووپا و ناتۆ ئەنجام داوە و گوتی: "وێرای هەوڵەكانی رووسیا بۆ دابەشكردنمان لە ناوەوەی وڵات و لە دەرەوە، دەتوانم بڵێم لەوەدا سەركەوتوو نەبووە".
بایدن بە ئاماژەدان بەوەی كە رووسیا لەم ماوەیەی دواییدا ئۆكراینای بە بەرپرسیاری هێرشێك زانی كە لەم ماوەیەی دواییدا كراوەتە سەر باخچەیەكی ساوایان لە دۆنباس و بانگەشەی ئەوەیشی كردووە كە ئۆكراینا خۆی ئامادە كردووە بۆ ئەنجامدانی هێرشی گەورەتر، گوتی: "ئەنجامدانی كارێكی لەم جۆرە لەلایەن ئۆكرایناوە لە كاتێكدا 150 هەزار سەربازی رووسیا لە ناوچەكەن، نالۆژیكییە باوەڕ بەوە بكرێت".
جۆ بایدن، تاوانباركرانی ئۆكراینا بە كۆمەڵكوژی لەلایەن میدیاكانی رووسیای بە چەواشەكاری ناوبرد و گوتی "تەواوی ئەمانە بەشێكن لە سیناریۆكانی رووسیایە بەر لە دەست پێكردنی جموجۆڵەكانی بۆسەر ئۆكراینا، ئەمریكا و هاوپەیمانانی چەندین هەفتەیە لەم بارەیەوە هۆشداری دەدەن."
جۆ بایدن ئاماژەشی بەوە كرد، لە پێناو رێگرتن هەوڵەكانی رووسیا بۆ داگیركردنی ئۆكراینا هەر شتێكیان لەدەست هاتبێت كردوویانە و گوتی: "ئەگەر بێت و رووسیا ئەو پلانە جێبەجێ بكات، كارەساتی بەدواوە دەبێت. ئەمریكا و هاوپەیمانانی ئامادەن پارێزگاری لە هەر بستێك لە خاكی ناتۆ بكەن".
جۆ بایدن ئاشكراشی كە هێزی سەربازی رەوانەی ئۆكراینا ناكەن بەڵام بەردەوامی بە هاوكاری و پاڵپشتییەكانیان دەدەن بۆ ئەو وڵاتە و گوتیشی: "خۆرئاوا یەك دەنگە و سوورە لەسەر ئەوەی سزای توندی دەبێت بۆ رووسیا لە ئەگەری داگیركردنی ئۆكراینادا. بۆیە جارێكی دیكە دووپاتی دەكەینەوە كە رووسیا هێشتا بژاردەی دیپلۆماسی لەبەردەست ماوە".
بایدن ئاماژەی بەوەدا، وەزیری دەرەوەی ئەمریكا، ئانتۆنی بڵینكن و هاوتا رووسەكەی، سێرگی لاڤرۆڤ بڕیاری كۆبوونەوەیان داوە لە 24ی شوبات و ئاماژەشی بەوە كرد: "ئەگەر بێت و رووسیا ئۆكراینا داگیر بكات بەو واتایە دێت دەرگای چارەسەركردنی كێشەكانی بە رێگەی گفتوگۆ و دانووستان داخستووە. لەم بارودۆخەشدا رووسیا جەنگ هەڵدەبژێرێت كە ئەمەش بۆ رووسیا باجەكەی قورس دەبێت. تەنیا سزای توندی بەسەردا ناسەپێت بەڵكو لەلاین تەواوی وڵاتانی دونیاوە سەركۆنە دەكرێت".
بایدن، لەبارەی بەشداری كردن و پلانی كۆبوونەوەكانیشی لەگەڵ سەرۆكی ئۆكراینا، ڤلۆدۆیمیر زێلێنسكی لە میانی كۆنفرانسی ئاسایشی میونخ لە ئەڵمانیایە گوتی: "ئەمە بڕیارێكە دەبێت خودی زێلێنسكی بیدات".
بایدن: سەرۆكی رووسیا بڕیاری داگیركردنی ئۆكراینای داوە
بایدن بە جەخت كردنەوە لەوەی رووسیا بە شێوەیەی زۆر جددی هەڵمەتێكی چەواشەكەری دەست پێ كردووە، باسی لەوە كرد كە تەواوی ئەوانەیش وەك بیانوو بەكار دەهێنێت بۆ هێرش كردنە سەر ئۆكراینا.
100%
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.