هێرش كرایە سەر بارەگای پارتی تەقەدوم لە پارێزگای ئەنبار رۆژئاوای عێراق.
بارەگای پارتی تەقەدوم بەسەرۆكایەتی سەرۆكی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق، محەمەد حەلبوسی لە پارێزگای ئەنبار رۆژئاوای ئەو وڵاتە، لەلایەن چەكدارانی نەناسراوەوە كرایە ئامانج.
ئەفسەرێك لە پۆلیسی ئەنبار كە نەیویست ناوی ئاشكرا بكرێت رایگەیاند كە دەرنگانی شەوی رابردوو، چەكدارانی نەناسراو بە نارنجۆك هێرشیان كردووەتە سەر بارەگای پارتی تەقەدوم لە قەزای هیت سەربە پارێزگای ئەنبار.
بەگوتەی ئەفسەرەكە، تەقینەوەكە،زیانی ماددەی لێكەوتووەتەوە، بەڵام زیانی گیانی لێ نەكەوتووەتەوە.
تا ئێستا هیچ لایەنێك بەرپرسیارییەتی خۆی لە ئەنجامدانی تەقینەوەكە رانەگەیاندووە.
پێشتر سەرۆكی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق، محەمەد حەلبوسی هۆشداری دابوو كە كەسانێك هەن، هەوڵی شكاندنی شكۆی دەوڵەت دەدەن، ئەوەیش لەڕێگای رووخاندنی دامەزراوەكانی دەوڵەت و هەڕەشەكردن لە پێكهاتەكانی گەل.
لە ماوەكانی رابردوودا، زنجیرەیەك تەقینەوە لە شاری بەغدا پایتەختی عێراق روویاندا كە نووسینگەكانی هاوپەیمانیی تەقەدوم بەسەرۆكایەتی سەرۆكی ئەنجوومەنی نوێنەران، محەمەد حەلبوسی و لقی پێنجی پارتی دیموكراتی كوردستان كردە ئامانج، بەڵام تەقینەوەكان زیانی گیانیان نەبوو.
چاودێرانی سیاسیی ئەو ھێرشانە بە "پەیامێكی سیاسیی" دەزانن و تا ئێستاش ھیچ لایەنێك بە بكەری ئەو كردەوانە تۆمەتبار نەكراوە.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.