Erbil 38°C شەممە 16 تشرینی دووەم 14:50

پوتین فەرمانی دەستپێكردنی مانۆری سەربازیی دا

ئەڵمانیا بانگهێشتی هاووڵاتییانی خۆی لە ئۆكراینا كرد كە بەپەلە ئەو وڵاتە جێبهێڵن.
کوردستان TV
100%

ڤلادیمیر پوتین ،سەرۆكی رووسیا، فەرمانی دەستپێكردنی مانۆڕێكی سەربازیی فراوانیدا كە تیاییدا هێزەكانی سێگۆشەی ئەتۆمی (Nuclear triad) بەشدارن.
ڤلادیمیر پوتین سەرۆكی رووسیا و ئەلێكساندەر لوكاشینكۆ ،سەركۆماری بێلاڕووس، لە كۆشكی كرێملین لە میانی بەڕێوەچوونی مانۆڕەكدا كە هێزەكانی سێگۆشەی ئەتۆمی تیایدا بەشدارن، چاودێری هەڵدانی مووشەكی بالیستیكیان كرد.
بەگوێرەی سەرچاوەیەك لە وەزارەتی بەرگریی رووسیا، هەریەكە لە یەكەكانی هێزی ئاسمانیی رووسیا، هەرێمی سەربازیی باشوور، هێزی مووشەكی ستراتیژی، دەریای رەش و باكوور بەشداری لە مانۆڕەكە دەكەن كە پێشتر پلانی بۆ دانرابوو.
سێگۆشەی ئەتۆمی، هەریەك لە فڕۆكەی بۆمبهاوێژ، مووشەكی زەمینی و مووشەكی بالیستیك لەخۆ دەگرێت و، دەتوانرێت لە وشكانی، ئاسمانیی و ئاوییەوە مووشەكی ئەتۆمی هەڵبدرێت.
لەلایەكی دیكەوە ئەڵمانیا بانگهێشتی هاووڵاتییانی خۆی لە ئۆكراینا كرد كە بەپەلە ئەو وڵاتە جێبهێڵن.
بەپێی ئەو راگەیەندراوەی لە وەزارەتی دەرەوەی ئەڵمانیا بڵاوكراوەتەوە، هۆشداریی دراوە بە هاووڵاتییانی ئەڵمانیا لەبارەی پرسی گەشتكردن بۆ ئۆكراینا.
لە راگەیەندراوەكەدا بانگهێشتی هاووڵاتیانی ئەڵمانیا كراوە كە بەپەلە و لە كاتی خۆیدا ئۆكراینا جێبهێڵن.
هەر لە راگەیەندراوەكەدا ئەوەشخرایەڕوو كە لە ئەگەری هێرشی رووسیا بۆسەر ئۆكراینا ئەوا توانای پشتیوانیكردنی هاووڵاتییانی ئەڵمانیا سنووردار دەبێت.
راشگەیەندرا كە "شەڕ و پێكدادانی سەربازیی لەهەر ساتێكدا ئەگەری هەیە سەرهەڵبدات".

پێشتر هێڵی ئاسمانی ئەڵمانی Lufthansa رایگەیاندبوو كە لە 21ی شوباتەوە گەشتە ئاسمانییەكانی لەگەڵ كیێڤ رادەگرێت.
هاوكات ئۆلاف شۆڵتز، راوێژكاری ئەڵمانیا، رایگەیاند وەك كۆمەڵگای ئەورووپییەكان و ناوچەكانی دەوروبەری زەریای ئەتڵەسی هۆشدارییان داوە بە رووسیا لەوەی هێرشی سەربازیی بۆسەر ئۆكراینا هەڵەیەكی گەورە دەبێت.
شۆڵتز لە میانی كۆنفرانسی ئاسایشی میونخ رایگەیاند كە هەڕەشەی جەنگ رووبەڕووی ئەورووپا بووەتەوە و هێشتا نەتواندراوە بەر لەو مەترسییە بگیرێت و گوتی: "ئەم بابەتە كە پێویستی بە وەڵامی بەپەلەیە وای كردووە پێش گۆڕانكاریی كەشوهەوا و بەرەنگاربوونەوەی ڤایرۆسی كۆرۆنای نوێ بكەوێت".
راوێژكاری ئەڵمانیا جەختی لەوە كردەوە كە هیچ پاساوێك نییە بۆ جێگیركردنی زیاتر لە 100 هەزار سەربازی رووسی لە نزیك سنووری ئۆكراینا و گوتی: "رووسیا بابەتی ئەگەری بوونە ئەندامی ئۆكراینا لە ناتۆ وەك هۆكارێكی جەنگ زەق دەكاتەوە بەڵام ئەمە بێمانایە، چونكە بڕیارێكی لەم جۆرە لە ئارادا نییە".
ئۆلاف شۆڵتز هەروەها گوتیشی: " وەك كۆمەڵگای ئەورووپییەكان و ناوچەكانی دەوروبەری زەریای ئەتڵەسی هۆشدارییان داوە بە رووسیا لەوەی هێرشی سەربازیی بۆسەر ئۆكراینا هەڵەیەكی گەورە دەبێت. ئێمە نامانەوێت ئەوە رووبدات".
 

جیهان

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.