فه‌رھاد كێیه؟
فه‌رھاد شاكر عه‌بدولعه‌زیز مجروم له ساڵی ١٩٣٦ له چه‌مچه‌ماڵ له دایكبووه، چونكه باوكی ئه‌وكات كاتبی دادگای به‌رایی چه‌مچه‌ماڵ بووه. له شاری ڕواندز خوێندنی بنه‌ڕه‌تی و ناوه‌ندی خوێندووه. له ساڵی ١٩٥٧ خانه‌ی مامۆستایانی به‌عقوبه ته‌واو ده‌كات. له ساڵی ١٩٥٨ له گوندی ده‌رگه‌ڵه ده‌بێته مامۆستا. له ساڵی ١٩٥٣ له‌گه‌ڵ له‌تیف نادر په‌یوه‌ندی ده‌كه‌ن به پارتی دیموكراتی كوردستان. له ساڵی ١٩٦١_١٩٦٣ له‌سه‌ر كاری سیاسیی و چالاكیی كوردایه‌تیی له كوت زیندان ده‌كرێت. دواتر زیندان ده‌شكێنێت و ڕاده‌كات. پاشی له گوندێكی نزیك به‌غدا، به‌ناوی سه‌عیده داده‌مه‌زرێته‌وه. له ساڵی ١٩٦٥ ده‌گوازرێته‌وه بۆ گوندی (باوه‌كوچك) له ھه‌ڵه‌بجه. له ساڵی ١٩٦٩ ده‌گوازرێته‌وه بۆ نێو شاری سلێمانی، له قوتابخانه‌ی زانستی ئێواران، وانه ده‌ڵێته‌وه. پاشی ده‌گوازرێته‌وه پارێزگای ھه‌ولێر و قه‌زای ڕواندز له قوتابخانه‌ی جوندیان و دواتر قوتابخانه‌ی پاشای گه‌وره له ڕواندز. له ساڵی ١٩٧٢ له ڕواندز ده‌یگوازنه‌وه بۆ شارۆچكه‌ی مه‌خموور و پاشان بۆ ھه‌ریر و بۆ شاری ھه‌ولێر و دواتر ده‌یگوازنه‌وه ھه‌مان قوتابخانه‌ی پاشای گه‌وره له ڕواندز. له ساڵی ١٩٧٤ ئاواره‌ی ئێران ده‌بێت. دوای گه‌ڕانه‌وه له قوتابخانه‌ی مھاباد له گه‌ڕه‌كی ئازادی شاری ھه‌ولێر ده‌بێته مامۆستا. له‌به‌ر شاره‌زایی له بواری شێوه‌كاری و خۆشنووسیدا، وه‌كو ھونه‌رمه‌ندێكی ده‌ستڕه‌نگین و ڕۆشنبیرێكی خاوه‌ن ھه‌ڵوێست و مامۆستایێكی به ئه‌زموون ده‌یگوازنه‌وه بۆ فه‌رمانگه‌ی ھۆیه‌كانی فێركردن وه‌كوو سه‌رپه‌رشتیاری چاپ و دیزاین، ده‌ستبه‌كارده‌بێت. تا ناوه‌ڕاستی نه‌وه‌ھه‌ده‌كان، له‌م فه‌رمانگه‌یه خزمه‌تی كردووه و جێی په‌نجه‌ی دیاربووه. نزیكی ١٥ ساڵ، به سه‌دان له ھۆیه‌كانی فێركردنی بۆ گشت وانه‌كان و سه‌رجه‌م قوتابخانه‌كان دروستكردووه. سه‌رپه‌رشتی ژمارێكی زۆری په‌رتووكی قوتابخانه‌ی كردووه، تا ئه‌و ڕۆژه‌ی خانه‌نشین ده‌بێت. له ساڵانی ھه‌شتایه‌كان له‌گه‌ڵ پێنج كه‌س ڕه‌وانه‌ی سوێد ده‌كرێت، شاره‌زایێكی باشی وه‌رده‌گرێت له‌كاركردن له‌سه‌ر چاپخانه‌كانی ئه‌وكاته‌ی په‌روه‌رده. به‌شی زۆری پۆسته‌ره‌كانی بابه‌تی فیزیا و ئه‌ندامه‌كانی له‌شی مرۆڤ و كۆمه‌ڵه‌ی خۆر و زینده‌وه‌رزانی و بابه‌ته‌كانی تر بۆ په‌روه‌رده‌ی چاپكردوون، ئه‌مه‌ش نه‌ك ھه‌ر بۆ په‌روه‌رده‌كانی كوردستان، به‌ڵكوو بۆ سه‌رجه‌م شاره‌كانی عێراق ده‌نێردران، له‌به‌ر ئه‌وه‌ی چه‌ند ساڵێك وانه‌ی به عه‌ره‌بی وتووته‌وه و به‌ھۆی سه‌فه‌ر و گه‌شتكردنیش، شاره‌زایێكی باشی له زمانی توركی و ئینگلیزی ھه‌یه(١).
له‌ناوه‌ڕاستی په‌نجایه‌كان به‌سه‌ره‌وه و شیعری نووسیوه و له ڕۆژنامه و گۆڤاره‌كانی ئه‌وسای كوردستانی بڵاو كردۆته‌وه، به تایبه‌تی گۆڤاری ھه‌تاو (١٩٥٤_١٩٦٠). شیعره‌كانی باسی كوردایه‌تی و سروشتی جوانی كوردستان و ھوشیاری كۆمه‌ڵایه‌تی كردووه. شاره‌زایێكی باشی له شیعر و ئه‌ده‌بی كوردی ھه‌یه و شیعری زۆریشی له‌به‌ره. له خێزانێكی شیعردۆست په‌روه‌رده‌بووه و (مه‌جروم(٢))ی باپیری شاعیریكی دیاربووه و چه‌ند زمانێكی زانیووه. باوكیشی ھاوڕێیه‌كی نزیكی شێخ مه‌حمودی نه‌مر بووه، له حكوومه‌ته‌كه‌ی ئه‌ویش ده‌بێته به‌ڕێوه‌به‌ری پۆسته و گه‌یاندن. دوای ھاتنی ئینگلیزه‌كان بۆ شاره‌كه، له سلێمانی دووری ده‌خه‌نه‌وه بۆ به‌غدا. ناھێلن به ھیچ شێوه‌یێك ڕوو بكاته‌وه ئه‌و شاره. ئه‌وه بوو له دوایدا ڕوو ده‌كاته قه‌زای ڕواندز و نیشته‌جێ ده‌بێت. شاكر مه‌جروم، باوه‌ڕپێكراوی ڕۆژنامه‌ی ژیانه‌وه و ژین و گۆڤاری په‌یژه و گۆڤاری زاری كرمانجیی بووه له به‌غدا و له ڕواندزیش تا ڕۆژی مردنی باوه‌ڕپێكراوی گۆڤاری ھه‌تاو بوو(٣) . فه‌رھادیش له بنه‌ماڵێكی كوردپه‌روه‌ر و ڕۆشنبیر، ده‌بێته شیعردۆستێكی باش و شیعری چه‌ندین شاعیری كورد له‌به‌ر ده‌كات. به خۆشی شیعر ده‌ھۆنێته‌وه. خاوه‌ن شیعری زۆر بووه له ڕووداوه‌كانی ساڵی ١٩٧٤ به‌شێكی زۆری ئه‌رشیڤ و به‌ڵگه‌نامه‌ی ئه‌و بنه‌ماڵه‌یه ده‌فه‌وتێت و به‌م شێوه‌یه‌ش شیعره‌كانیش ده‌بنه خۆڵه‌مێش شه‌ڕ و بارودوخی ئه‌وكاته‌ی كوردستان(٤).
مامۆستا فه‌رھاد، ئێستا له شاری سلێمانی نیشته‌جێیه و كه‌سێكی ڕووناكبیر و شاره‌زایه له بواری مێژوو و ئه‌ده‌ب و شیعر به‌تایبه‌تی مێژووی شاری ڕواندز و جوڵانه‌وه‌ی سیاسیی و شۆڕشگێریی و حزبایه‌تی و ھه‌ڵگیرسانی شۆڕشی ئه‌یلوول. كه‌سێكی خاوه‌ن ھه‌ڵوێست و بوێربووه. كه‌سێكی خۆشه‌ویست و دڵسۆز و چالاك و پڕ وزه و توانا بووه. ھه‌ر ئه‌مه‌ش وایكردووه، باجی ئه‌و كوردبوونه‌ی بدات، ڕه‌نگه گواستنه‌وه‌ی له كاری مامۆستایه‌تی له‌و شاره بۆ ئه‌م شاره گه‌واھی ئه‌م ڕاستیه‌مان بێ.
زرار محه‌مه‌د، مامۆستا و ھونه‌رمه‌ندی دیاری كورد له‌سه‌ر ئه‌م پیاوه، ده‌ڵێت:”ده‌ستی شیعری ھه‌یه ئه‌و پیاوه زۆر به‌ھره‌داره، له شیعر له نووسین له ھونه‌ر. براده‌ری منه و ڕۆح به ڕۆحه و زۆرم خۆشده‌وێت. فه‌رھاد زۆر زۆر زیره‌كه، ده‌ستی وێنه‌كێشانی زۆر به‌ھێزی ھه‌یه، به‌ڵام ھیچ پێشانگایی نه‌كرده‌وه. زۆرم ھانده‌دا. له ھۆیه‌كانی فێركردن بوو، ناردیان بۆ سوێد نزیكه‌ی دووسێ مانگان له سه‌ر ئه‌ركی حكومه‌ت له‌وێ مانه‌وه. له پێشه‌نگی ئه‌و مامۆستایانه‌یه كه بوونه پارتی. كه‌سێكی كوردپه‌روه‌ر و لێھاتووه. وه‌خته‌كی له‌گه‌ڵ من پێشمه‌رگه‌بوو.”(٥)
له ده‌سپێكی ئه‌م نووسینه‌دا، ژیاننامه‌ی شاعیرمان كرده، په‌نجه‌رێكی قه‌شه‌نگ، تا ئاوڕێك له‌و شاعیره و مامۆستا دڵسۆزه بده‌ینه‌وه، كه له‌ته‌مه‌نێكی بچووك شیعری بڵاوكردوته‌وه، واته ئه‌و شیعرانه‌ی له ده‌سپێكیی نووسین و بڵاوكردنه‌وه‌ی له ڕۆژنامه و گۆڤاره‌كان. سه‌ره‌تا به شیعرێكی منداڵانه‌ی ئه‌و ده‌ست پێ ده‌كه‌م، كه ئه‌وكات، به ته‌مه‌نێكی كه‌م، ناوی ده‌كه‌وێته سه‌ر ڕووپه‌ڕی ڕۆژنامه. ئه‌م شیعره به زمانی منداڵ بۆ (ڕواندز) نووسراوه، ئه‌وكات ته‌مه‌نی پازده ساڵان بووه. ئه‌مه یه‌كه‌مین شیعری ئه‌و شاعیره‌یه، كه ئه‌وكات له ڕۆژنامه‌ی ھه‌ولێر(٦)بڵاوكراوه‌ته‌وه. ئه‌و ڕۆژنامه‌یه یه‌كه‌م ژماره‌ی له ١٦/١٢/١٩٥٠ و دوا ژماره‌شی له ٢٨/١٢/ ١٩٥٣ ده‌رچوو، ١٤٠ ژماره‌ی لێ ده‌ركراوه. شیعری ڕواندز، چوار كۆپله‌یه، پێنجخشته‌كییه. دێڕه‌كان له ڕووی برگه‌یه‌یه‌وه ناته‌واون و له‌گه‌ڵ یه‌ك ناھێنه‌وه. وه‌لێ له ڕووی جوانی وشه‌كه و ڕسته شیعریه‌كان جوان و خاسیه‌تی شیعری منداڵانه‌ی پێوه دیاره، ئه‌گه‌ر چی خۆشی ئه‌و منداڵه به‌ھره‌مه‌نده بووه، ڕواندزی خۆش ویستووه وه‌ك: (دین) و (چاو)، ناساندنی وه‌كوو به‌ھه‌شت، ئاماده‌شه له پێناو شار ھه‌رچی شار لێی داوا بكات، به‌چاوان بۆی جێبه‌جێ بكات. پاش ئه‌م شاره‌ش، ھه‌موو شارێكی ئه‌م دونیایه‌ی لێ حه‌رامه. له جوانیی و له خۆشه‌ویستی. ئه‌مه نموونه‌یێكی جوانه، ھه‌ستێكی كوردانه‌یه، خۆشویستنی شار و وڵاته. له‌م شیعره‌دا، ده‌ڵیت:
ڕواندز
رواندزه شاره‌كه‌م به‌ھه‌شت و كوێستانه‌كه‌م
گوڵ و گوڵزارو ڕه‌یحانه‌كه‌م دین و ئیمان و چاوه‌كه‌م
تۆ پێم بڵێ بۆ وانه‌كه‌م
من له دونیا تا ماوم چی بفه‌رمووی سه‌رچاوم
بۆ ڕواندز زۆر سووتاوم به‌و دڵه‌ی غه‌مگین و پڕ تاوم
له ناویا سه‌یران ئه‌كه‌م
كزه‌ی شه‌ماڵی ده‌می به‌یانی بولبول ده‌خوێنێ له ناو گوڵانی
به ھه‌زاران دڵ ببێ حه‌یرانی با بۆ خۆم بكه‌م به‌زم و سه‌یرانی
جوانه چیا و دۆڵه‌كه‌م
لوتكه‌ی به‌رزی سه‌ربه‌ستی چیاكه‌ت به‌فرو چنوور و ڕێواسه‌كه‌ت
ده‌رمانی ده‌رده بۆ برین و زامه‌كه‌ت حه‌رامه دونیا پاش شاره‌كه‌ت
جوانه كه‌ژو كێوه‌كه‌م (٧)
ھه‌ر له‌م ڕۆژنامه‌یه، ناوی فه‌رھاد ھاتووه له ھه‌واڵێك به ناوی (لێژنه‌ی مه‌درسه له ناوه‌ندی ڕواندز (٨) ئه‌و كات پۆلی یه‌كه‌می ناوه‌ندی بووه، له لێژنه‌ی زمانی ئینگلیزی ناوی ھاتووه. له‌گه‌ڵ چه‌ند قوتابییه‌كی تری ئه‌م قوتابخانه‌یه‌یه. كه ژماره‌یان شه‌ش قوتابی بووه، ئه‌و بچوكتریینان بووه. ئه‌و لێژنه‌یه‌یه له ڕووی بڵاوكراوه و نووسینی سه‌ر دیوار و چیڕۆك و شتی وا گرنگی به زمانی ئینگلیزی بده‌ن له‌م قوتابخانه‌یه. ئه‌مه ده‌رخه‌ری ئه‌و ڕاستییه‌یه، ئه‌و ھه‌ر له ته‌مه‌نی بچووك، به‌ھره‌مه‌ند و زیره‌كبووه، ھه‌م له قوتابخانه و ھه‌م له بواری ئه‌ده‌ب و ھونه‌ریشدا.
فه‌رھاد ھه‌ر له زوو به‌ھره‌ی شیعر و زیره‌كی لێ به‌ده‌ركه‌وتووه. ھه‌روه‌ھا بڵاوكراوه‌كانی ئه‌وكات، به‌تایبه‌تی گۆڤاری ھه‌تاو، شیعری تێدا بڵاوكردۆته‌وه. له ته‌مه‌نێكی بچووك، خاوه‌ن ده‌نگێكی جوان و وشه‌ی ناسك، به‌تام و بۆنی كورده‌واری و كه‌متر وشه‌ی بێگانه‌ی تێدا ده‌بینیت. ئه‌مه به‌ده‌ر له‌و وێنه‌ی جوانی ھونه‌ری ئه‌و شاعیره و ڕِسته‌كان پڕن له ھه‌ڵوێست و ھوشیاری و ئاگاداركردنه‌وه‌ی تاكی كورد و جۆشدانی به فرچكی كوردایه‌تیی و خه‌بات و قوربانیدان. شیعره‌كان بۆنی شۆڕش و جوانی وڵات و سروشتی لێدێت. بۆ ئه‌م كات بۆ گه‌نجكێ كه‌مته‌مه‌ن، به‌ڵام خاوه‌ن خامه‌ی ڕه‌نگین و وشه‌ی شیرین و ملوانكه‌ی جوانی باڵای شیعری ئه‌و ده‌شه‌كێته‌وه و بۆن و ھه‌ناسه‌ی سروشتی كوردستانی لێدێت. له‌م نووسینه دوو شیعری تر، ئاماژه‌ی پێده‌ده‌ین. شیعری یه‌كه‌م به‌ناونیشانی كوردێك و پیرێكی ھه‌ژار(٩) خودی ناونیشانه‌كه پێمان ده‌ڵێت، ئه‌مه ده‌مه‌ته‌قێیه‌كه له‌نێوان دوو مرۆڤ. یه‌كه‌م، وه‌كوو نه‌ته‌وه‌یێكی چه‌وساوه و ژێرده‌ست و دووه‌میش، (پیرێكی ھه‌ژار)، كه ئه‌ویش له ژێر زوڵم و سته‌می داگیركه‌ر و نه‌بوونی دادی كۆمه‌ڵایه‌تیی و جیاوازی چینایه‌تیی و نه‌بوونی ده‌رفه‌تی خۆشگوزه‌رانی، جا به ھه‌ر ھۆیه‌كه‌وه بێت. له ده‌سپێكی شیعره‌وه له ڕێگه‌ی بینینی خه‌ونه‌وه ئه‌و گفتوگۆیه ده‌سپێده‌كات، خه‌وبینینه‌كه خودی شاعیره، كه تازه پێناوه‌ته ته‌مه‌نی لاوی، خه‌ونی لاوێكی (نوزده ساڵان). له‌و ته‌مه‌ن مرۆڤ به‌ره‌و كامڵبوون و پێگه‌یشتن ده‌چێت له ڕووی جه‌سته و ئه‌قڵ و ده‌روونه‌وه، ڕه‌نگه خه‌ونی ئه‌و ته‌مه‌نه خه‌ونبینین بێت به جوانی یار و حه‌ز و كه‌ف و كۆڵی ھه‌رزه‌كاریی و عه‌شق و دڵداریێكی ساده و بینی خه‌ون ته‌ڕ و پڕ شه‌ھوه‌ت. كه‌چی خه‌ونبینینی ئه‌م گه‌نجه، خه‌می ملله‌تێكی فرامۆشكراو و داگیركراو و مافخوراو ھه‌ڵده‌گرێت. خه‌می نیشتمان، خه‌می كورد و خه‌می ژیان و ئازادیی. پیری ھه‌ژاریش، كه خۆی ده‌ناسێنێت وه‌ك لوقمانی حه‌كیم. وه‌كوو شاره‌زا و ته‌گبیركه‌رێكی لێزان و ئاقڵمه‌ند. ئه‌مه‌ش وه‌ك نیشانه‌یێكه بۆ فڕیادره‌سێك، سه‌ركرده‌یێك ئه‌م گه‌له ھه‌ژاره، له سته‌م و زوڵم داگیركه‌ر ڕزگار بكات. تێدا وڵاتێك له‌تله‌تكراو دیارده‌كات كه كوردستانه. خه‌باتكردن و قوربانی ده‌وێت، له ھه‌مانكاتیش ئه‌وه‌مان پێده‌ڵێت، نه‌زانینیش ده‌ردێكی كوشنده‌یه (ھه‌رده‌م دوژمنی جه‌ھاله‌تیش بن)، چونكه نه‌زانینیش ئاسۆیی ئه‌م گه‌له‌ی ڕه‌شتر كردووه. شاعیر له ڕێگه‌ی ئه‌م گفتوگۆ شیعرییه، ڕێگای خه‌باتمان نیشانده‌دات. خه‌باتكردن له پێناو به‌ده‌ستھێنانی ماف و ڕزگاری نیشتمان و نه‌ته‌وه. ته‌نانه‌ت ئه‌وه‌شمان پێده‌ڵێت، ئه‌وانه‌ی به‌شداری ئه‌و خه‌باته نه‌كه‌ن و له پێناوی خۆیان نه‌كه‌نه قوربانی ئه‌وانه زۆڵن:
ئه‌وه‌ی كــــــــورده بۆ كوردستان
نه‌چێته كــــــــــــۆڕی تیكۆشان
ھه‌رگیــــــز به‌وه ناڵێم كورده
به‌ڵكو ئه‌ڵێم : (… ڵه) كورده
ئه‌م شیعره دوای شۆڕشی عه‌بدولكه‌ریم قاسم نووسراوه، ڕه‌نگدانه‌وه‌ی ئه‌و شۆڕشه‌یه، كه گه‌لانی ئه‌وسای عێراق به ئومێدێكی گه‌وره ده‌یانڕوانه‌یه ئاینده‌ی عێراق. تێدا په‌یامی ئه‌وه ده‌گه‌ینێت له عێراق ئه‌و ئازادییه له‌دایكبوو وه‌كوو حه‌كیمی لوقمان، له لانه‌ی شۆڕش ده‌چێته ئێران و ئه‌وجا توركیا و سووریا. واته گه‌ڕان به‌نێو ھه‌رچوار پارچه‌ی داگیركراوی كوردستان. تا ئه‌و په‌یامه به كوردان بدات و كه ئه‌وانیش بێنه نێو خه‌بات و داوای ماف و ئازادی بكه‌ن، شۆڕش بكه‌ن. له دێڕه شیعرێكی تر، ئاماژه به‌وه ده‌دات لێره ده‌چێته بارزان و ده‌رسیم، ئاماژه‌یه بۆ شۆڕشی بارزان له عێراق و شۆڕشی ده‌رسیم له توركیا. بۆ ئه‌وه‌ی جارێكی تر، ئازادی وڵات بگه‌ینێته ئه‌و شوێنانه. له كۆتاییدا شاعیر ئه‌و خه‌ونه به‌وه كۆتایی دێنێت كه كوردی عێراق ئازادبوو، له‌گه‌ڵ عه‌ره‌ب بوون به برا. لێره‌دا وه‌كو بێكه‌س (١٠) ده‌ڵێت:
دۆستیی كورد و عه‌ره‌ب زۆر كۆنه ته‌ئریخ شاھیده
ناحه‌زی ڕووڕه‌ش له‌داخا با یه‌خـــه‌ی خۆی دادڕێ
جارێكی تر گه‌لانی عێراق له ژێر چه‌تری سه‌ركرده (عه‌بدولكه‌ریمی دلاوه‌ر)خه‌ونی ئازادیان ھاته دێ. ئه‌گه‌ر ئه‌م شیعره له ڕووی خه‌ونه‌وه ده‌گێڕدرێته‌وه، له ھه‌مانكاتیش نموونه‌یه‌كی واقیعی ژیانی دوای ڕووخانی ڕژێمی پاشایه‌تی و ھاتنه سه‌ر حوكمی عه‌بدولكه‌ریم قاسمان بۆ ده‌گێڕێته‌وه. ڕاستی ئه‌و ڕووداوانه، كه گه‌لانی عێراق له ژێر زوڵم و سته‌می داگیركه‌ر ڕزگاربوون.
ئه‌م شیعره زۆر ساده و ساكاره، به‌ڵام له‌ناوه‌رۆك، قووڵ و ھه‌ڵگری په‌یامێكی مرۆڤایه‌تیی و گه‌لێكی سته‌مدیده‌یه، ئه‌گه‌رچی شیعره‌كه له‌نگی له دێڕه‌كان ده‌بیندرێت، به‌ڵام له‌به‌ھای شیعره‌كه كه‌م ناكه‌نه‌وه، ئه‌وه‌یش بۆ ئه‌وكاته‌ی شاعیر له شیعره‌كه ئاماژه‌ی پێكردووه (ته‌مه‌نم گه‌یشت به نۆزده ساڵان) واته ته‌مه‌نێكی بچووك بوو، شاعیریكی گه‌نج شیعرێكی وا درێژ بنووسێت، كه له (٣٥) دێڕ پێكھاتووه. شیعره‌كه‌ش له ساڵی ١٩٥٩ بڵاوكراوه‌ته‌وه، من بۆ كاتی نووسینی شیعره‌كه وا ده‌ڵێم ته‌مه‌نێكی بچووكبووه. جیاوازی ھه‌یه له ساڵی بڵاوكردنه‌وه‌ی شیعره‌كه. وشه‌كان، په‌یڤی كوردی ناسك و جوانن، ئه‌و وشانه بۆنی خه‌بات و شۆڕش و كورد ده‌ده‌ن. وه‌ك: (كورد، گه‌لی كورد، میلله‌ت، ئاوات، خه‌ون، وڵات، ماف، كوردستان، خه‌بات، كوردایه‌تی، تێكۆشان، له‌شكر، كۆڕی تیكۆشان، كوردی دڵسۆز، بارزان، ده‌رسیم، ئاڵا و سوپای تێكۆشه‌ر… ھتد.) شیعرێكی درێژ به‌ده‌گمه‌ن وشه‌ی بێگانه به‌كاری ھێناوه. شیعره‌كه ده‌ڵێت:
كوردێك و پیرێكی ھه‌ژار
ئه‌مشه‌و دیم له‌خه‌و پیرێكی ھه‌ژار
له ڕێگا په‌یتا په‌یتا دێته خوار
بانگێكی كردم به‌ده‌نگێكی به‌رز
ده‌نگه‌كه‌ی دونیای ده‌ھینایه له‌رز
پێی گوتم: كورده بۆ وا ھه‌ژاری
ھه‌رده‌م گرژوكالڕ بۆ وا خه‌مباری
گوتم: خاڵه گیان وازم لێ َبێنه
ڕێگاكه‌م به‌رده، دڵم برینه
چونكه ناتوانم وه‌ڵامت بده‌م
له‌شم برینه و دڵم پڕ له‌خه‌م
ناتناسم تۆ كی ئه‌ی خاڵی پیر
بۆ وا به‌خه‌می بۆ كوردی فه‌قیر
خاڵه‌ی پیر به‌ده‌نگێكی نزم:
ڕۆڵه‌گیان وه‌ره پێت نیشان بده‌م
ده‌ردی ئه‌م كورده بۆتان چار بكه‌م
میلله‌تی كوردیش ئه‌گاته ئاوات
گه‌ر خۆیان یه‌ك بن له ھه‌موو وڵات
چونكه ئه‌زانین مافیان خوراوه
ئه‌م كوردستانه‌ش له‌تله‌ت كراوه
به‌ھێزی میللی زۆر چاك تێكۆشن
له‌ناوی به‌رن له‌شكری دوژمن
ھه‌رده‌م دوژمنی جه‌ھاله‌تیش بن
به‌ھه‌ولڕ و خه‌بات له‌ناوی به‌رن
كه‌سێ كه بیری كوردایه‌تی بێ
جیھان قه‌ت نابێ له‌بیری بچێ
كورده‌كه ده‌ڵێ:
ئه‌ی خاڵه، تۆ كێی توخوا پێم بڵێ
له‌كوێوه ھاتووی له كوێوه بۆ كوێ؟
شاھده بۆ خه‌باتی كورد
تێكۆشانی درشت و ورد
گه‌لی كورد سه‌ر ئه‌كه‌وێ
ھێزی دوژمنان ئه‌نه‌وێ
ئه‌وه‌ی كورده بۆكوردستان
نه‌چێته كۆڕی تیكۆشان
ھه‌رگیز به‌وه ناڵێم كورده
به‌ڵكو ئه‌ڵێم : (… ڵه) كورده
ته‌مه‌نم گه‌یشت به نۆزده ساڵان
گه‌وره‌بووم له‌ناو خاكی كوردستان
نه‌مدیوه ئه‌به‌د پیاوێكی وه‌ك تۆ
چه‌ند قسه خۆش و چه‌ند به‌گفتوگۆ
پێم بڵێ توخوا چی ئه‌كه‌ی لێره
له‌ناو ئه‌و كورده بێ كه‌س و دلێره
خاڵه‌ی پیر ده‌ڵێ:
من ھاتووم بۆناو ئه‌و كورده‌واره
بۆ سه‌ر ئه‌م خاكه‌و بۆناو ئه‌م شاره
ئه‌گه‌رێم به‌سه‌ر خاكی كوردستان
بۆ ناو میلله‌تی كوردی بێ تاوان
ھاتم بۆ عێراق، ده‌رچم بۆ ئێران
له بۆ توركیا و سوریای وێران
تا ھۆشیار ببن ھه‌موو گه‌لی كورد
به گه‌وره‌و بچوك، به‌درشت و ورد
وه‌ره پێت بڵێم: ئه‌ی كوردی دڵسۆز
من زانایه‌كم له‌ناو گه‌ل و ھۆز
پێم ئه‌ڵێن: لوقمان، لوقمانی حه‌كیم
وا ده‌رۆم به‌ره‌و بارزان و ده‌رسیم
ده‌رمانی ده‌ردی میلله‌تم پێیه
وا به پێ ئه‌ڕۆم ئه‌م دووره ڕێیه
تاكو تێ بگه‌ن، گه‌لانی جیھان
گه‌لێكیش ھه‌یه، له‌ناو كوردستان
پێی ئه‌ڵێن: كورده و له‌ناو ئه‌م خاكه
ئاڵای به‌رزیان چه‌ند جوان و پاكه
وا ڕزگاری بوو، كوردانی عێراق
له‌ناو كورداندا، نامینێ نیفاق
كورده‌كه ئه‌ڵێ:
ئه‌ی خاڵه‌ی پیر، قسه‌ت زۆر ڕاسته
ئه‌ی كوردی دڵسۆز، ده‌زووبه ھه‌ڵسته
با به گوێی خاڵه‌ی ھه‌ژارمان بكه‌ین
تف له چاره‌ی ئیستیعمار بكه‌ین
ھه‌موومان یه‌ك ده‌نگ، بڵێین: بژی كورد
دوژمنی گه‌وره‌ی له‌ناو خۆ ده‌ركرد
له‌نێو عێراقا، سوپای تێكۆشه‌ر
به‌سه‌ركرده‌یی، كه‌ریمی دلاوه‌ر
دوژمنه‌كه‌مان له‌ت و په‌ت كرا
جا كورد و عه‌ره‌ب، وا بوون به برا
شیعری دووه‌میش، كه له‌ھه‌مان گۆڤار په‌خشی كردووه. به‌ناوی ڕزگاری(١١) . ئه‌م شیعره پێكدێت له پێنج كۆپله شیعری پێنج دیڕی، ده برگه‌یی. وشه‌ی ناسك و ئاسان و به‌زمانێكی بێ گرێ و ئاڵۆز. ئه‌م شیعره‌ش ھه‌ڵقوڵاویی ئێش و ئازاره‌كانی نیشتمان و گه‌له‌كه‌یه‌تی. تێدا سوێند به‌گه‌له‌كه‌ی ده‌خوات، كه قوربانی داوه و كه‌چی خاكه‌كه‌ی پارچه پارچه كراوه. ئه‌ویش وه‌ك تاكێكی كورد و دڵسۆزی ئه‌م خاكه له ڕێگه‌ی شیعره‌وه په‌یامی خۆی ده‌گه‌ینێت. خزمه‌تكردنی وڵات له سه‌ر خۆی ده‌كاته مه‌رج، خه‌باتكردن له پێناو نیشتمان:
مه‌رجه تێكۆشم له‌ڕێی كوردستان
ده‌بێ ھه‌وڵده‌م، به دڵ و به‌گـیان
تا ڕزگاری كه‌م له چنگ دوژمنان
دیاره شاعیر ڕاستگۆیانه ده‌ئاخڤێت و ئه‌م ڕه‌وشته و كاره جوانه‌ی ڕه‌نگده‌داته‌وه له‌خۆی. وه‌ك شاعیر و مامۆستایێكی دڵسۆز، ھه‌ر له‌ته‌مه‌نێكی زوو قه‌ڵه‌مه‌كه‌ی ده‌خاته خزمه‌تی میلله‌ت و داوای یه‌كێتیی و تێكۆشانمان لێده‌كات و ئاگادارمان ده‌كاته‌وه، كه دوژمن چ له كورد ده‌كات. ڕه‌نگه ئه‌م دوو شیعره به‌س بێت له تێگه‌یشتن و په‌یامی جوانی ئه‌و شاعیره، كه بۆنی كوردایه‌تی له‌په‌یام و په‌یڤ و ھه‌ڵوێسته جوانه‌كه‌ی ده‌بینین.
سوێندم به‌و گه‌له‌ی قوربانی داوه له‌ژێر چه‌پۆكی دوژمن داماوه
خاكی پیرۆزی دابه‌شكراوه ھیچ سات و كاتێ ، نابێ بسره‌وم
تا تنۆكی خوێن له له‌شما ماوه
مه‌رجه تێكۆشم له‌ڕێی كوردستان ده‌بێ ھه‌وڵده‌م، به دڵ و به‌گیان
تا ڕزگاری كه‌م له چنگ دوژمنان كه‌سیش ناتوانێ بگرێ جله‌وم
تا كوردیش دێته ڕێزی میلله‌تان
ئه‌ی كورد دره‌نگه ده‌به‌سه نووستن چاوێ ھه‌ڵێنن، بزانه دوژمن
چۆن جه‌رگی كوردان ئه‌وا ھه‌ڵئه‌دڕن ده‌ھه‌ستن ئێمه‌ش ھه‌موومان یه‌كجار
به‌یه‌كیه‌تیمان، دوژمنمان ده‌مرن
گه‌ر باوه‌ڕ ناكه‌ی به‌م وته جوانه دابه‌شكراوی ئه‌م كوردستانه
چیمان لێ ئه‌كه‌ن ئه‌م دوژمنانه بزانه جووتیار بێچاره‌و ھه‌ژار
كورد چی به‌سه‌ر ھات له ئه‌م ئێرانه
ھه‌رلێدان كوژتن، بۆچی وا ئه‌كه‌ن؟ بۆچی ئه‌م كورده به‌م ده‌رده ئه‌به‌ن
نابێ بڵێن كوردین بابكه‌ین شیوه‌ن ئه‌مه‌یه دوژمن له‌گه‌لڕ ئیستیعمار
به‌ھێزی پیسیان ھه‌ر له كورد ئه‌ده‌ن
ھه‌روه‌ھا شاعیر ھه‌ر له‌م گۆڤاره به شیعر وه‌ڵامی مه‌ته‌ڵی شاعیرانی داوه‌ته‌وه. بۆ نموونه:
مه‌ته‌ڵ چنارۆك گه‌لێ ئاسانه
ھه‌وارگه‌یێكی خۆشی كوردانه
یاخوا ھه‌ر بژی گۆڤاری ھه‌تاو
ھه‌لێنی ئێمه‌ش با بكا بڵاو(١٢)
وه‌ڵامی مه‌ته‌ڵێكی محه‌مه‌د عه‌لی شێخ نوری جه‌لی _ كۆیی داوه‌ته‌وه كه له ژماره (٦٤) بڵاوكراوه‌ته‌وه.
ئه‌م چه‌ند دێڕه شیعره، كه قسه‌مان له‌سه‌ر كردن، سه‌ره‌تایی ده‌سپێكی كاری شیعری شاعیره، ئه‌وه ده‌ھێنێت، گرنگی زیاتر به شیعره‌كانی تر بدرێت و ئه‌وانه‌ی ماون، له ئاینده‌دا چاپبكرێن و تا دۆستانی شیعر سوودی لێ ببینن. ڕه‌نگه ئه‌م نووسینه‌ش، ھه‌ر ئاوڕدانه‌ویێكی بچووك بێت له ئه‌زموونی ئه‌و شاعیره، ھیواخوازم شاعیر خۆی خه‌مێكی ئه‌و كاره بخوات و ژیان و شیعری خۆی ئاماده بكات، بیخاته به‌ر دیده‌ی خوێنه‌ر.
سه‌رچاوه‌كان:
١. فه‌ریدوون فه‌رھاد شاكر، ١٩٧٢ ھه‌ریر، ده‌رچووی كۆلێژی كارگێڕی و ئابووری، دانیشتووی سلێمانی، نامه‌ی فه‌یسبووك.
٢. مجروم، شاعیر و فه‌رمانبه‌ر و پیشه‌زان، یاسین برایم، گۆڤاری نما، ژماره (٤٨)، ھاوینی ٢٠١٩.
٣. شاكر مه‌جروم… باوه‌ڕپێكراو و خه‌مخۆرێكی دیاری ڕۆژنامه‌گه‌ریی كوردی، یاسین برایم، ھه‌فته‌نامه‌ی زاری كرمانجی، ژ(٥٨٩)، ٢٣/٤/٢٠١٩.
٤. ژیاننامه‌كه به ھاوكاری و پشتیوانی شاعیر نووسراوه.
٥. دیمانه: زرار محه‌مه‌د مسته‌فا، ھونه‌رمه‌ند، ١٩٣٧، ڕواندز، ڕۆژی ٢٣/٧/٢٠٢٠، ئاكۆیان.
٦. ھه‌ولێر. ڕۆژنامه‌یه‌كی ئه‌ده‌بی و پھقافی ھه‌فته‌یییه، پاڕێزه‌ر: تارق جامباز، ئه‌كادیمیای كوردی، ھه‌ولێر، ٢٠١٨.
٧. فه‌رھاد شاكر مجرم، رواندز، ڕۆژنامه‌ی ھه‌ولێر، ژماره (١٧)، ٧/٤/١٩٥١.
٨. ڕۆژنامه‌ی ھه‌ولێر، ژماره (٩٨)، ٢/١٢/١٩٥٢.
٩. گۆڤاری ھه‌تاو، ژماره (١٦٨)، ٣١/١٢/١٩٥٩، ل١٣_١٤.
١٠. دیوانی بێكه‌س، شیعری داری ئازادی، محمدی مه‌لا كه‌ریم، چاپی سێیه‌م، ١٩٨٦. ل٨٣.
١١. گۆڤاری ھه‌تاو، ژماره (١٦٩)، ١٥ /١/١٩٦٠، ل١٢.
١٢. گۆڤاری ھه‌تاو، ژماره (٦٥)،٢٠ی حوزه‌یران ١٩٥٦.
ن- یاسین برایم
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.