Erbil 38°C یەکشەممە 24 ئاب 16:10

چۆن نەخۆش و كەسی بەركەوتوو بەشێوەیەكی تەندروست دەگوازرێتەوە

کوردستان TV
100%

باشتر وایە نەخۆش یان بریندار و كەسی بەركەوتوو جووڵەی پێ نەكرێت و لەشوێنی خۆی بمێنێت تا ئەو كاتەی تیمەكانی فریاكەوتنی خێرای تەندروستی ( 122 ) دەگەنە جێی ڕووداوەكە، چونكە هەر جووڵەیەكی هەڵە مەترسییەكانی سەر ژیانی و مەترسی لەسەر سەلامەتی پەلەكانی وەك دەست و قاچ زیاتر دەكات.

بەڵام ئەگەر مەترسی لەسەر ژیانی نەخۆشەكە هەبوو لەمانەوەی لەو شوێنەدا بەهەر هۆیەك بێت، یان ترسی ئەوە هەبێت كە تیمەكانی فریاكەوتن درەنگ بگەن، ئەو كاتە ناچاردەبین نەخۆشەكە یان بریندارەكە بجوڵێنرێت بەڵام دەبێت ڕەچاوی چەند خالێك بكرێت.

سەبارەت بەو خاڵانەی پێویستە رەچاو بكرێت لەكاتی گواستنەوەی بریندار یان نەخۆشدا، د.سەروەر عارف ستار چەند رێنماییەك دادەت لەوبارەوە:

* هەموو كات هەوڵبدرێت كە سەر و مل و پشت لەسەر یەك ئاراستە بێت.
* هەر نەخۆشێك بەهۆی برینداربوونەوە لەهۆش خۆی چووبێت، ئەگەری زۆر هەیە بڕبڕەكانی ملی یان پشتی بریندار بووبێت.
* نابێت جوڵاندنەكە هیچ مەترسییەك بۆ نەخۆش یان فریاگوزار دروست بكات.
* جۆرەكانی گواستنەوەی نەخۆش پەیوەستە بەجۆری برینداریەكە لەبەرئەوەی ئەگەر زەبر بەر  بڕبڕەی پشتی كەوتبێت دەبێت كەمتر جووڵەی پێ‌ بكرێت.
* ژمارەی كەسانی فریاگوزار زۆر گرنگە و دەتوانرێت داوای یارمەتی لەخەڵكی دەوروبەری  ڕووداوەكە بكرێت بەمەرجێ  ڕێنماییان بدرێتێ.
* پێویستە سەرەتا فریاگوزاری سەرەتایی بۆ نەخۆش یاخود بریندار بكرێت و دواتر بجووڵێنرێت ئەگەر شوێنەكە زۆر مەترسیدار نەبێت. 
* هەوڵبدرێت پەلەكانی مل یان پشتی جێگیربكرێت پێش جوڵاندن بە بەكارهێنانی ئەو كەرەستانەی بەردەستن بۆ نمونە لەفاف و دار، ئەگەر هەبێت سپلینت( splint) یان بەستنی پەلەكان بەیەكەوە بۆ نمونە پەنجەكان  هەردوو قاچ یان بەستنی باسك بەلەشەوە.
* كەسی فریاگوزار پێویستە قاچەكانی دووربن لەیەكتر و پشتی خۆی ڕاست ڕابگرێت و ئەژنۆكانی بنوشتێنێتەوە بۆئەوەی زیانی پێ نەكات  لەكاتی بەرزكردنەوەی نەخۆشەكەدا.

هەروەها ئەو پزیشكە لەبارەی جۆرەكانی گواستنەوەی نەخۆش یاخود بریندار لەشوێنی رووداوەكان زانیاری زیاتر دەدات و دەڵێت: پێویستە بەم جۆرانەی خوارەوە مامەڵە بكرێت:

1- هاوكاری كردن بۆ رێكردن بە رێگای گۆچان walkin assist، ئەویش بریتیە لەوەی یەك فریاگوزار یان دوو كەس لەهەردوولای نەخۆشەكە رادەوەستن ، نەخۆشەكە دەستی دەخاتە سەر شانیان و دەتوانێت رێبكات.

2- راكێشان بەجلەكانی یان راكێشان لەسەر پارچە پەرۆ یان پەتوو، كەسی فریاگوزار لەنزیكی سەری نەخۆشەكەوە دادەنیشێت و بەرهەدوو دەستی جلەكانی یان بەتانیەكە بەرەو خۆی رادەكێشێت و هەروەها دەتوانیت پارچەیەك پەرۆ یان لەفاف بەكاربهێنرێت بەتێپەڕاندنی پەرۆكە بەسەر سنگی نەخۆشەكە و لەژێر هەردوو باڵی و دواتر راكێشانی ، هەروەها دەتوانرێت هەردوو پێی نەخۆشەكە بەرەو خۆی رابكێشێت ئەگەر شوێنەكە وا پێویست بكات.

3- هەڵگرتنی ئاگركوژێنەوە یان باوەش پێداكردن firefighter carry، ئەم رێگەیە تەنیا بۆ برینداری سووك دەتوانرێت بەكاربهێنرێت و دەستێك دەخرێتە ژێر باڵی نەخۆشەكە و دەستێكی دیكە دەخرێتە ژێر رانی بریندار یان نەخۆشەكە بەمەرجێك رووی لەخۆت بێت.

4- هەڵگرتن بە پشت، ئەگەر بریندارەكە دەتوانێت خۆی رابگرێت دەتوانرێت وەك كۆڵە پشت هەڵبگیرێت.

5- دروستكردنی كورسی بەچوار دەست، بریندارەكە دەستەكانی دەخاتە سەر ملی فریاگوزارەكان.

6- دروستكردنی كورسی بەچوار دەست seat carry، لەم حاڵەتەدا فریاگوزارەكە ناتوانێت دەستەكانی بەكاربهێنێت و لەم حاڵەتەدا دەستەكان جیاكراونەتەوە دوو دەست بۆ پشت نەخۆش و دوو دەست بۆ خوارەوە.

7- هەڵگرتنی پەلەكان extremity lift، یەكێك لەفریاگوزارەكان لەپێشەوەی نەخۆشەكە دەڕوات و قاچی نەخۆشەكە هەڵدەگرێت و یەكێك لەدواوەی نەخۆشەكە بەهەردوو دەست سنگی نەخۆشەكە هەڵدەگرێت. 

8- هەڵگرتنی كورسی chair carry، دانانی نەخۆشەكە لەسەر كورسیەك و هەڵگرتنی كەسێك لەپێشەوە و كەسێكی تر لەدواوەی كورسیەكە.

9- هەڵگرتن بەراكشاوی بەسێ كەس flat lift، بۆ ئەو نەخۆشانەی ناتوانن دابنیشن هەر سێ كەسەكە لەیەك لا دەبن بەهەرسێكیان نەخۆشەكە بەرزدەكەنەوە و بەرێدەكەون و دەستیان لەژێر لەشی نەخۆشەكە دەبێت و ئەم جۆرە گواستنەوەیە بۆ بریندار باش نیە.

10- بەكارهێنانی بەتانی یان نەقالە دەستەبەر stretcher، ئەمە باشترین ڕێگایە بۆ گواستنەوەی بریندار، سەرەتا بەتانی یان نەقالەكە نزیكی بریندارەكە دەكرێتەوە و دواتر بەرز كردنەوە و دانانی بریندارەكە كە وەك یەك پارچە بجوڵێنرێت ، بەتانی بەكارنایەت بۆ ئەو كەسانەی بڕبڕەی مل یان پشتیان برینداربووە نەقالەی تەختە یان ئاسن یان ئەو جۆرانەی كەهەوای تێدەكرێت باشە بۆ جێگیركردنی بڕبڕەكانی مل وپشت.

ژێده‌ر - تەندروستی سلێمانی

تەندروستی

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.