بانکی ناوەندی عێراق ئەمڕۆ یەکشەممە لە ڕاگەیەنراوێکدا ئاماژەی بەوەدا دابەزاندنی بەهای دینار بەرامبەر دۆلار دەرئەنجامی ئەرێنی هەبووە و گۆڕانکاریکردن لە نرخی ئاڵوگۆڕکردنی بەبێ خوێندنەوەیەکی ورد دەبێتە هۆی پەکخستنی ئابووری وڵات.
لە ڕاگەیەنراوەکەدا هاتووە "ئاڵوگۆڕکردنی دینار بەرامبەر دۆلار بەم نرخەی ئێستا کاریگەرییەکی ئەرێنی هەبووە لەسەر کەمکردنەوەی کورتهێنانی بوودجە و بەدەستهێنانی زیادەیەک لە کۆتاییەکانی ساڵی 2021."
ئەوەشی خستەڕوو "هەروەها ئەم نرخەی ئێستای دینار بەرامبەر دۆلار بووەتە هۆی دروستکردنی پێشبڕکێ لەنێوان وەبەرهێنەران و بەرهەمی هاوردەکراو."
هاوکات ڕوونیشی کردەوە "گۆڕانی دووبارەی بەهای دینار بەرامبەر دۆلار لەماوەیەکی کورتدا بەبێ ئەوەی خوێندنەوەیەکی وردی لەلایەنە پەیوەندیدارەکانەوە بۆ بکرێت، دەبێتە هۆی پەکخستن و لاوازکردنی دراو و ئابووری وڵات و تێکدانی بازاڕەکانی ناوخۆ و ئەو دەستکەوتانەشی کە ئێستا بەهۆی ئەم نرخەی ئاڵوگۆڕکردنەوە بەدیهاتوون، لەناوی دەبات."
ئاماژەی بەوەشدا کە ناسەقامگیری و بەرزبوونەوەی نرخی نەوتی جیهان هیچ پەیوەندییەکی بە بەهای دۆلارەوە نییە. جەختیشی کردەوە بەرزبوونەوەی نرخی نەوت لە جیهان دەبێتە هۆی بنیاتنانی ئابووری عێراق بەشێوەیەکی دروست و دەبێتە هۆی جێگیربوونی ئابووری وڵاتەکە.
بانکی ناوەندی دووپاتیشی کردەوە کە هیچ مەبەستێک بۆ دابەزاندنی نرخی دۆلار نییە.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.