یانهی ههولێر سهبارهت به یارییهكهی دوێنێیان بهرامبهر یانهی شوڕته له خولی نایابی عێراق ڕوونكردنهوهیهكی بڵاو كردهوه و تێیدا ڕهتی كردهوه كه بڕیاریان لهسهر قهدهغهكردنی ئاڵای كوردستان بۆ ناو یاریگه دابێت.
یانهی ههولێر ڕاشیگهیاند: نههێنانی ئاڵا بۆ ناو یاریگه بۆ دروستنهبوونی گرژی و ئاڵۆزی بووه و بۆ ئهمهش تهنیا ڕێگهمان له ئاڵای عێراق گرتووه نهك ئاڵای پیرۆزی كوردستان.
دهقی ڕوونكردنهوهكهی یانهی ههولێر:-
دوای ئەوەی دوێنێ لە گەڕی 22ی خولی نایابی تۆپی پێی عێراق، یاریی نێوان هەولێر و شوڕتە بە ئامادەبوونی زیاتر لە 20 هەزار هاندەر لە یاریگەی فڕەنسۆ هەریری ئەنجامدرا و، یارییەکە بێ هیچ کێشە و گرفتێک کۆتایی هات، بەڵام بەداخەوە کەسانێکی فێرکراو چاویان بە ئەنجامە باشەکانی ئەم دواییەی یانەکەمان و ئامادەبوونی ئەو ژمارە زۆرەی هاندەران هەڵنایەت، پڕوپاگەندەی ئەوە بڵاو دەکەنەوە، گوایە دەستەی کارگێڕی یانەی هەولێر بڕیاری قەدەغەکردنی ئاڵای کوردستانی داوە بێتە نێو یاریگە، ئێمە وێڕای ئەوەی سەرلەبەری ئەو هەواڵانە ڕەت دەکەینەوە و دوورە لە راستی و، روونیشی دەکەینەوە کە:
یەکەم: بە هۆی دروستبوونی گرژی و ئاڵۆزی لەنێوان هاندەرانی یانەی شوڕتە و هەولێر لە قۆناغی 16ی جامی عێراق کە دیسان زوڵم لە یانەکەمان کرا و وا لێکدرایەوە ئاڵای عێراق لە یاریگەی فڕەنسۆ هەریری دڕاوە کە وانەبوو، بۆیە ئێمە وەک دەستەی کارگێڕی یانەی هەولێر لە یارییەکەی دوێنێ رێگریمان کرد لە هێنانی ئاڵای عێراق بۆ ناو یاریگە نەک ئاڵای پیرۆزی کوردستان.
دووەم: دوێنێ لە یاریگەی فڕەنسۆ هەریری هەرسێ ئاڵای کوردستان و عێراق و یانەی هەولێر هەڵکرابوو، هیچ کەسێکیش نەهاتووەتە یانەکەمان سکاڵای ئەوە بکات، کە رێگری لە هێنانی ئاڵای پیرۆزی کوردستانی لێ کرابێ.
سێیەم: ئێمە هەر بڕیارێکمان هەبێت، لەم پەیجە بڵاوی دەکەینەوە و تەنیا لە پۆست و بڵاوکراوەکانی ئەم پەیجە بەرپرسیارین، لە هیچ پەیجێکی فەیک و خوازراو بە ناوی یانەکەمان بەرپرسیار نین.
چوارەم: ئێمە وەک دەستەی کارگێڕی نوێی یانەی وەرزشی هەولێر، زۆر شانازی بە ئاڵای پیرۆزی کوردستان دەکەین، هەموو ئەو هەوڵانەی بۆ ناشیرینکردنی یانەکەمان و سەرۆک و ئەندامانی دەستەی کارگێڕی یانەکەمان دەدرێن نەزۆکن، ئێمە رێگایەکی راستمان گرتووە و سارد نابینەوە، خۆشەویستان و هاندەرانی یانەی هەولێر دڵنیا دەکەینەوە پشتیوان بە خوای گەورە یانەکەتان دەگەڕێنینەوە رێڕەوی سەرکەوتن و سەر سەکۆی ناسناوەکان.
یانەی وەرزشی هەولێر
21ـــــــی شوباتی 2022
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.