جێگری سەرۆکی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق ئەمڕۆ دووشەممە داوای لە وەزارەتەکانی پەروەردە و خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی کرد زمانی کوردی بۆ مەنهەجی خوێندن لە سەرانسەری عێراق زیاد بکرێت.
د. شاخەوان عەبدوڵا جێگری سەرۆکی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق لە ڕۆژی جیهانیی زمانی دایک لە ڕاگەیەنراوێکدا پیرۆزبایی خۆی ئاراستەی تەواوی خەڵکی هەرێمی کوردستان و سەجەم نەتەوە و پێکهاتەکانی کرد و ڕایگەیاند: ئێمە شانازی زۆر بە زمانی ڕەسەنی کوردی و کەلەپوورە مێژوویی و مرۆییەکانمان دەکەین.
ڕاشیگەیاند: ئێمە شانازی بە نەتەوەی خۆمان دەکەین و پێویستە هەموومان باوەڕمان بە هەمەجۆری زمان هەبێت و کەلتووری پێکەوەژیان، ئاشتییانە، برایەتی و یەکترقەبووڵکردن بۆ بنیاتنانی کۆمەڵگەیەکی پێشکەوتوو بڵاو بکەینەوە.
لە ڕاگەیەنراوەکەدا داوای لە هەردوو وەزارەتەکانی پەروەردە و خوێندنی باڵای عێراق کرد "زمانی کوردی بخرێتە مەنهەجی قۆناخەکانی خوێندن لە سەرتاسەری عێراقدا، چونکە زمانێکی فەرمییە و بەپێی دەستووری عێراق کە لە ماددەی 4 هاتووە (هەردوو زمانەکانی عەرەبی و کوردی زمانی فەرمی عێراقن)."
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.