Erbil 38°C شەممە 16 تشرینی دووەم 14:50

بڕیارەكەی پۆتین كاردانەوەی زۆری بەدوای خۆیدا هێنا

سزای نوێ بەسەر رووسیادا دەسەپێنین
کوردستان TV
100%

ڤلادیمیر پوتین ،سەرۆكی رووسیا، ئەو بڕیارنامەیەی واژوو كرد كە بەناو ئیدارە جووداییخوازەكانی لایەنگری رووسیا لە خۆرهەڵاتی ئۆكراینا، بە فەرمی دەناسێت.
دوای بڕیارەكەش یانس ستۆڵتنبێرگ ،سكرتێری گشتی ناتۆ، ئیدانەی بڕیاری بە فەرمی ناساندنی بەناو ئیدارە جووداییخوازەكانی لایەنگری رووسیا لە رۆژهەڵاتی ئۆكراینا لەلایەن سەرۆكی رووسیا، ڤلادمیر پوتینەوە گوتی: "ئەمە، یەكپارچەیی و سەروەری خاكی ئۆكراینا دەكاتە ئامانج، رێگری لە هەوڵەكانی دۆزینەوەی چارەسەریی بۆ ناكۆكییەكان دەكات و پێشێڵی رێككەوتنامەی مینسك دەكات كە رووسیا تێدا لایەنێكە".
هەروەها یەكێتی ئەورووپا، بە توندترین شێوە واژۆكردنی مەرسوومی داننان بە بەناو ئیدارەكانی جوداخوازانی نزیك لە رووسیا لە رۆژەڵاتی ئۆكراینا لەلایەن سەرۆكی رووسیا، ڤلادیمیر پوتین-ی ئیدانە كرد و هەڕشەی سەپاندنی سزای لێكرد.
هاوكات جێن ساكی گوتەبێژی، كۆشكی سپی، راگەیەندراوێكی سەبارەت بە دوایین بڕیاری سەرۆكی رووسیا ڤلادمیر پوتین بڵاوكردەوە.
لە راگەیەندراوەكەی ساكی، ئاماژە بەو كراوە كە چاوەڕوانی هەنگاوێكی وایان لە رووسیا كردووە و تێدا هاتووە: "سەرۆك بایدن، مەرسوومێكی سەرۆكایەتی كە قەدەغەی ئەنجامدانی كاری وەبەرهێنان، بازرگانی و دارایی نوێ لەسەر كەسانی ئەمریكی لەگەڵ بەناو كۆماری گەلی دۆنێتسك و لوهانسك كە (رووسیا دانی بە سەربەخۆییان ناوە)،

بڵاودەكاتەوە".
ساكی، باسی لەوەش كرد كە لەرێگەی ئەو مەرسوومەوە دەتوانرێت سزای ئەو كەسانەش بدرێـت كە لە ئۆكرایناوە هەوڵی ئەنجامدانی كاری بارزگانی لەگەڵ ئەو ناوچانە دەكەن و ئەوەی راگەیاند كە وردەكارییەكان لەلایەن وەزارەتی گەنجینەی ئەمریكا و وەزارەتی دەرەوە بڵاودەكرێتەوە.
جێن ساكی، جەختی لەوەش كردەوە كە لە ئەگەری داگیركردنی ئۆكراینا لەلایەن رووسیاوە ئەوە سزای دیكەش لەم مەرسوومە زیاد دەكرێ.


هەروەها بۆریس جۆنسن، سەرۆكوەزیرانی بەریتانیا، ئەو بڕیارنامەیەی "بە پێشێلكردنی یاسا نێودەوڵەتییەكان" ناوبرد كە لەلایەن سەرۆكی رووسیا، ڤلادیمیر پوتینەوە واژوو كرا سەبارەت بە ناسینی بەناو ئیدارە جووداییخوازەكانی لایەنگری رووسیا لە خۆرهەڵاتی ئۆكراینا، بە شێوەی فەرمی.
جۆنسن باسی لەوە كرد وڵاتەكەی لەگەڵ هاوپەیمانەكانی تاوتوێی سەپاندنی سزا گریمانەكراوەكان لە دژی رووسیا دەكات و رایگەیاند: "ئەوە دەردەكەوێت كە پێویستە تا ئەو جێگەیی رێی تێدەچێت فشاری زۆر بكەین. قورسە پێشبینی بكەین ئەم دۆخە بە كوێ دەگات".
سەرۆكوەیرانی بەریتانیا راشیگەیاند: "ئەمە پێشێلكردنی روونی یاسا نێودەوڵەتییەكانە. ئەمە پێشێلكردنی ئاشكرای سەروەریی و یەكپارچەیی ئۆكراینایە. رەتكردنەوەی پێواژوو و رێككەوتننامەی مینسكە و بە بڕوای من ئاماژەیە بۆ دۆخێكی زۆر خراپ و ئێجگار تاریك".
لای لیز ترەس، خۆیەوە وەزیری دەرەوەی بەریتانیا، لە پەیامێكدا كە لە رێگەی هەژماری خۆی لە تۆڕی كۆمەڵایەتی تویتەر، وێڕای سەركۆنەكردنی بڕیارەكەی پوتین، جەختی لەوەش كردەوە كە ئەم هەنگاوە پێشێلكردنی بەڵێننامەی نەتەوەیەكگرتووەكانە و ئاماژەیە بۆ ئەوەی كە پێواژووی مینسك كۆتایی هاتووە.
لیز ترەس باسی لەوەش كردووە كە رێگا نادەن پێشێلكردنی بەڵێننامە نێودەوڵەتییەكان لەلایەن رووسیاوە بێ سزا بمێنێتەوە و رایگەیاندووە: " سزای نوێ بەسەر رووسیادا دەسەپێنین لە بەرامبەر پێشێلكردنی یاسا نێودەوڵەتییەكان و هێرشەكان بۆ سەر سەروەریی و یەكپارچەیی خاكی ئۆكراینا .


لەلایەكی دیكەوە جۆ بایدن ،سەرۆكی ئەمریكا، رایگەیاند كە بە توندیی سەركۆنەی بڕیاری ناسینی بەناو كۆماری گەلی دۆنێتسك و بەناو كۆماری گەلی لوهانسك لەلایەن سەرۆكی رووسیاوە، دەكەن.

لەلایەن خۆیەوە جەیك سەڵیڤان، راوێژكاری ئاسایشی نیشتمانیی ئەمریكا، رایگەیاند كە ئەمریكا لەو بڕوایەدایە رووسیا خۆی ئامادەكردووە كە "زۆر بە توندوتیژی" ئۆكراینا داگیربكات.
سەڵیڤان، لە میانی بەشداریكردنی لە پرۆگرامێك بەناوی "Today"ی تەلەڤیزیۆنی ئێن بی سی-ی ئەمریكی، هەڵسەنگاندنی بۆ گرژییەكانی نێوان رووسیا-ئۆكراینا كرد.
سەڵیڤان، گوتی: "لەو بڕوایەداین كە قەبارە، ئامانج و توندوتیژیی ئەو ئۆپەراسیۆنە سەربازییەی كە رووسەكان پلانیان بۆ داناوە هەرچۆنێك بێت، ئەوە پڕ دەبێت لە توندوتیژیی. خەڵكی مەدەنی و سەربازەكانی رووسیا و ئۆكراینا بە ژیانیان باجی ئەم ئۆپەراسیۆنە دەدەن".
جەیك سەڵیڤان، باسی لەوەش كرد كە زانیاریی هەواڵگرییان لە سەر ئەوەی كە شەڕەكە تەنها بەڕێگا ئاساییەكانەوە نابێت، لەدەستە و گوتی: "ئەمە دەبێتە شەڕێك كە رووسەكان بۆ چەوساندنەوە، سەركوتكردن و گەیاندنی زیان بە ئۆكرانیاییەكان بەرپای دەكەن".
سەڵیڤان، جەختی لەوە كردەوە كە سەرەڕای هەڵبژاردنی دیپلۆماسی بەڵام لە ئەگەری داگیركردنی ئۆكراینا ئەوە وەڵامی پێویستی رووسیا دەدەنەوە و سەبارەت بە ئەگەری بەڕێوەچوونی كۆبوونەوەی نێوان سەرۆكی ئەمریكا، جۆ بایدن و سەرۆكی رووسیا، ڤیلادیمیر پوتین گوتی:
"سەركۆماری فەرەنسا، ئیمانوێل ماكرۆن، دوێنێ پرسیاری ئەوەی لە بایدن كرد كە ئایا ئەگەر رووسیا ئۆكراینا داگیرنەكات، رەزامەندی دەبێت لەگەڵ پوتین كۆببێتەوە؟ بایدن-یش لە وەڵامدا گوتی بێگومان" بەڵێ". بەڵام ئەو ئاماژانەی كە ئێستا لەسەر ئەرز دەیبینین ئەوەیە رووسەكان خۆیان بۆ ئۆپەراسیۆنێكی گەورە بۆسەر ئۆكراینا ئامادە دەكەن".
هەروەها وەزارەتی دەرەوەی توركیا لەبارەی بڕیاری ناسینی بەناو كۆماری گەلی دۆنێتسك و بەناو كۆماری گەلی لوهانسك لەلایەن رووسیاوە رایگەیاند "ئەم بڕیارەی رووسیا بە قبوڵنەكراو دەزانین و رەتی دەكەینەوە".


 

جیهان

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.