بەرەبەیانی ئەمڕۆ لە شارەكانی كیێڤ، خاركیڤ، كراماتۆرسك، ماریوپۆل، میكۆلایڤ و ئۆدێسا، دەنگی تەقینەوەی یەك لە دوای یەك بیستراوە و، هاوكات لە كیێڤی پایتەخت دەنگی ژمارەیەكی زۆر تەقینەوە بیستراوە و زەنگی ئاگاداركردنەوە لێدراوە.
بەشێك لە هاووڵاتییانی سڤیل هەوڵیاندا لە شارەكە بڕۆنە دەرەوە و بەشێكی دیكەیشیان هەوڵیاندا لە وێستگەكانی میترۆ و ژێرزەمینی ماڵەكانیاندا خۆیان حەشاربدەن.
لە بۆردوومانەكانی رووسیادا بۆسەر شاری خاركیڤ، باڵەخانەیەك زیانی بەركەوت، هەروەها لانیكەم یەك كەس برینداربوو، ئەوەش بینرا كە كەسێك لەسەر زەوییەكە كەوتووە.
خزمەتگوزاری پاسەوانی سنووری ئۆكراینا، ئەوەی راگەیاند كە رووسیا لە بێلاڕووس و كریمیا هێرشی بۆسەر ئۆكراینا دەستپێكردووە.
بەر لە دەستپێكی جەنگیش سەرۆكی ئۆكراینا، ڤلادیمیر زێلێنسكی، پەیامێكی ڤیدیۆیی بڵاوكردەوە و تیایدا رایگەیاند: "ئەگەر هێرش بكرێتە سەر گیانمان، ئازادی و منداڵەكانمان، ئەوا بەرگری لە خۆمان دەكەین. بەڵام هێرش ناكەین و تەنها بەرگری لە خۆمان دەكەین".
زێلێنسكی دواتر لە پەیامێكی ڤیدیۆییدا ئەوەی ئاشكرا كرد كە بەهۆی پەلامارەكانی رووسیاوە باری نائاسایی لە ئۆكراینا راگەیاندراوە.
سەرۆكی ئۆكراینا، ئەوەی خستەڕوو كە رووسیا، لەڕێی هێرشكردنە سەر ناوچەی دۆنباس خۆرهەڵاتی ئۆكراینا، ژێرخانی سەربازی ئۆكراینا و پاراستنی سنووری كردووەتە ئامانج. زێلێنسكی داوای لە هاووڵاتییانی وڵاتەكەیشی كرد كە، ئارام بن و لە ماڵەكانیان نەچنەدەرەوە.
لە لایەكی دیكەیشەوە هێزە سەربازییەكانی ئۆكراینا، ئەوەیان ئاشكرا كرد كە، لە ناوچەی دۆنباس پێنج فڕۆكە و كۆپتەرێكی رووسی خراونەتەخوارەوە.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.