Erbil 38°C شەممە 16 تشرینی دووەم 10:39

بایدن: سزای توند به‌سه‌ر ڕووسیا ده‌سه‌پێنین و ده‌یكه‌ینه‌ وڵاتێكی په‌راوێزخراو له‌ جیهاندا

کوردستان TV
100%

سه‌رۆكی ئه‌مه‌ریكا ئه‌مڕۆ پێنجشه‌م له‌سه‌ر هێرشه‌كانی ڕووسیا بۆ سه‌ر ئۆكڕانیا وته‌یه‌كی پێشكه‌شی هاووڵاتییانی وڵاته‌كه‌ی و جیهان كرد و ڕایگه‌یاند كه‌ به‌هه‌موو شێوه‌یه‌ك به‌رگری له‌ ئۆكڕانیا و سه‌رجه‌م وڵاتانی ئه‌ندامی‌ ناتۆ ده‌كه‌ن، جه‌ختیشی كرده‌وه‌ كه‌ به‌هۆی ئه‌م هێرشه‌وه‌ ڕووسیا ده‌كه‌نه‌ وڵاتێكی ته‌واو په‌راوێزخراو له‌ جیهاندا.

جۆ بایدن سه‌رۆكی ئه‌مه‌ریكا بۆ ده‌زگاكانی ڕاگه‌یاندن گوتی: به‌داخه‌وه‌ ئه‌وه‌ی پێشبینی ده‌كرا له‌ ئۆكرانیا ڕووی دا و جه‌نگ و داگیركاری ده‌ستی پێ كرد.

ڕاشیگه‌یاند: به‌هۆی ئه‌و هێرشانه‌وه‌‌ سزا ده‌خه‌ینه‌ سه‌ر دووه‌م گه‌وره‌ترین بانكی ڕووسیا و له‌گه‌ڵ 27 وڵاتی تر سزای توند ده‌خه‌ینه‌ سه‌ر ئه‌و وڵاته‌ و واده‌كه‌ین‌ تواناكانی به‌ته‌واوی ڕابگرین.

ڕاشیگه‌یاند: ڤلادیمێر پوتین خۆی كه‌سێكی شه‌ڕانگێزه‌، ته‌نانه‌ت سزا ده‌خه‌ینه‌ سه‌ر ئه‌و كه‌سانه‌ی كه‌ نزیكی ئه‌م پیاوه‌شن.

سه‌باره‌ت به‌ هاوكارییه‌كانیان بۆ ئۆكڕانیا، سه‌رۆكی ئه‌مه‌ریكا ڕایگه‌یاند: له‌ ماوه‌ی ڕابردوودا 650 ملیۆن دۆلارمان وه‌ك هاوكاری داوه‌ته‌ ئۆكڕانیا، بێگومان تا دواساتیش له‌ هاوكاریكردنی ئه‌و وڵاته‌ و سه‌رجه‌م وڵاتانی ئه‌ندامی ناتۆ به‌رده‌وام ده‌بین.

ڕاشیگه‌یاند: به‌دڵنیاییه‌وه‌ ئه‌م داگیركارییه‌ی ڕووسیا نابێت به‌بێ باج تێپه‌ڕێت، له‌ چه‌ند ڕۆژی داهاتووشدا هێزی زیاتری سه‌ربازی ده‌نێرینه ئه‌وروپا له‌ ئه‌ڵمانیا و پۆڵه‌ندا.

هه‌روه‌ها ڕایگه‌یاند: له‌ رۆژانی داهاتوودا به‌رامبه‌ر هێرشه‌كانی ڕووسیا بۆ سه‌ر ئۆكڕانیا پێداگیرتر ده‌بین و پارێزگاری له‌ بست به‌ بستی خاكی وڵاتانی ناتۆ ده‌كه‌ین. جه‌ختیشی كرده‌وه‌ كه‌ ئێستا چه‌ندان بژارده‌ی تریان له‌به‌رده‌سته‌ بۆ ڕووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ی ڕووسیا، به‌ڵام نایه‌وێ لێره‌دا باسیان بكات.

جۆ بایدن گوتیشی: به‌ دڵنیاییه‌وه‌ ئه‌م داگیركارییه‌ی ڕووسیا نابێت به‌بێ باج تێپه‌ڕێت و سزای وا ده‌خه‌ینه‌سه‌ر ئه‌و وڵاته‌ كه‌ كاریگه‌ری درێژخایه‌نی بۆ ماوه‌یه‌كی درێژ هه‌بێت و ته‌نانه‌ت ئابووری ڕووسیا به‌ته‌واوی ئیفلیج ده‌كه‌ین و ده‌یكه‌ینه‌ وڵاتێكی ته‌واو په‌راوێزخراو له‌ جیهاندا.

سه‌باره‌ت به‌ قسه‌كردن له‌گه‌ڵ سه‌رۆكی ڕووسیا بۆ هێوركردنه‌وه‌ی دۆخه‌كه، بایدن گوتی: ئێستا هیچ پلانێكم نییه‌ بۆ قسه‌كردن له‌گه‌ڵ پووتین، هه‌رچه‌نده‌ ئه‌و ئێستا نه‌یارمانه‌ و دوژمنمان نییه‌.

له‌باره‌ی سزا دارایی و ئابوورییه‌كانیش ڕایگه‌یاند: سزاكانی ئێمه‌ بۆ سه‌ر ڕووسیا زۆر خێرا و كاریگه‌ر ده‌بن و ناهێڵین ئه‌و وڵاته‌ ده‌ستی به‌ هیچ دراوێكی جیهان بگات، هه‌روه‌ها هه‌موو سه‌رمایه‌كانی ڕووسیا له‌ ئه‌مه‌ریكا بلۆك ده‌كه‌ین.

ڕاشیگه‌یاند: هه‌ر وڵات و لایه‌نێك هاریكاری ڕووسیای كردبێت له‌ داگیركاری خاكی ئۆكڕانیا له‌ داهاتوودا باجی قورس ده‌دات، بێگومان ئه‌گه‌ر ئێستا ڕووسیا سزا نه‌ده‌ین ئه‌وا هێرشی تر بۆ سه‌ر وڵاتانی تریش ئه‌نجام ده‌دات.

جه‌ختیشی كرده‌وه‌ كه‌ هاووڵاتییانی ئۆكڕانیا ئێستا له‌ دۆخێكی خراپدا ژیان به‌سه‌رده‌به‌ن به‌هۆی هێرش و تۆپبارانه‌كانی ڕووسیا، هه‌روه‌ها به‌هۆی مه‌ترسییه‌كان خه‌ڵكانێكی زۆری ئه‌و وڵاته‌ له‌ ناوچه‌كانیان ئاواره‌ و ده‌ربه‌ده‌ربوون.

 

جیهان

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.