زێلێنسكی: تەنها لە ماوەی یەک هەفتەدا نزیکەی9 هەزار سەربازی رووسیا کوژراون
سەرۆکی ئۆکراینا، ڤۆلۆدیمیر زێلێنسكی کوژرانی نزیکەی نۆ هەزار سەربازی رووسیای لە ماوەی هەفتەیەکدا راگەیاند.
ڤۆلۆدیمیر زێلێنسكی لە گوتارێکیدا ئاماژەی بەوە دا، لەماوەی هەفتەیەکدا پلانەکانی رووسیایان دژی ئۆکراینا پووچەڵ کردووەتەوە.
سەرۆکی ئۆکراینا ئاشکرای کرد لە کاتی هێرشکردنی رووسیا بۆسەر ئۆکراینا ورەی سەربازانی رووسیا دابەزیووە و گوتی: "پلانی چەندین ساڵەی رووسیامان لە گۆڕنا".
زێلێنسكی ستایشی ئۆکراینییەکانی کرد و گوتی: "ئۆکراینییەکان بە چەکی سووک و دەست و بازوویانەوە داگیرکەرانیان لە شارەکان وەدەرناوە".
سەرۆکی ئۆکراینا جەختی لەوە کردەوە کە پێویستە هەر داگیرکەرێک لەوە تێبگات کە لەلایەن ئۆکراینییەکانەوە کاردانەوەی توند دەبینێت و گوتی: "ئۆکراینا خۆی بەدەستەوە نادات. تەنها لە ماوەی یەک هەفتەدا نزیکەی نۆ هەزار سەربازی رووسیا کوژراون. تەنها لە شاری میکۆلاییڤ بە سەدان لاشەی سەربازی رووس هەن.
ڤۆلۆدیمیر زێلێنسكی ئەو شەڕەی بۆ ئۆکراینییەکان بە "جەنگان لە پێناو وڵات" ناوبرد و گوتی: لە بیرمانە کە ئەمە چۆن دەستی پێ کرد و دەشزانین کە بۆ داگیرکەران چۆن کۆتایی پێ دیت. بۆ هەر کوێیەک دەڕۆن با بڕۆن لە کۆتاییدا لەناو دەبردرێن. کۆتایی داگیرکەران بەدەستی ئۆکراینییەکانەوە دەبێت.
بایدن: لاوازبوونی رووسیا لە جەنگی ئۆکراینا لە مێژوودا دەنووسرێنەوە
سەرۆکی ئەمریکا، جۆ بایدن رایگهیاند: مێژوو لاوازبوونی زیاتری رووسیا لە جەنگی ئۆکراینا و بەهێزبوونی زیاتری جیهان، دەنووسێتەوە.
سەرۆکی ئەمریکا، جۆ بایدن ئەوەی ئاشکرا کرد کە لەئێستادا سەرۆکی رووسیا، ڤلادیمیر پوتین زیاتر لە هەموو کاتێک لە جیهان دوورخراوەتەوە و مێژووش لاوازبوونی زیاتری رووسیا و بەهێزبوونی زیاتری جیهان، دەنووسێتەوە.
جۆ بایدن لە میانی گوتارێکیدا لە بارەی پلانی ئابووری، باسیشی لە قەیرانی رووسیا-ئۆکراینا کرد.
سەرۆکی ئەمریکا لە بارەی هێرشی رووسیا بۆسەر ئۆکراینا رایگەیاند "ئەم هێرشە پێشتر پلانی بۆ داڕێژرابوو و بەبێ هیچ پاساوێکیش ئەنجامدرا. پوتین هەوڵە دیپلۆماسییەکانی رەتکردەوە. وای زانی دەتوانێت وەڵامی ناتۆ و رۆژئاوا نەداتەوە و ئێمەش لەناو وڵاتەکەماندا بەش بەش بکات، بەڵام پوتین بەهەڵەداچوو و ئێمە لە ئامادەباشیدابووین.
- بە گوتنی راستییەکان وەڵامی درۆکانی مۆسکۆمان دایەوە.
سەرۆکی ئەمریکا، جۆ بایدن ئەوەشی ئاشکرا کرد کە هەوڵەکانیان بۆ یەکخستنی هاوپەیمانەکانین لە ئەورووپا کاتێکی زۆری خایاندووە و پێشوەختە پلانی پوتین-یان بەرامبەر بە ئۆکراینا بۆ جیهان ئاشکرا کردووە و گوتی:
"بە گوتنی راستییەکان وەڵامی درۆکانی مۆسکۆمان دایەوە. لەئێستادا هەموو جیهان، سەرۆکی رووسیا بە بەرپرسیار لە رووداوەکان دەزانێت و پوتین زیاتر لە هەموو کاتێک لە جیهان دوورخراوەتەوە.
جۆ بایدن جەختی لەوەش کردەوە کە هاوکارییەکانی ئەمریکا بۆ ئۆکراینا بەردەوام دەبن و رایگەیاند مێژووش لاوازبوونی زیاتری رووسیا لە جەنگی ئۆکراینا و بەهێزبوونی زیاتری جیهان، دەنووسێتەوە.
سەرۆکی ئەمریکا ئاماژەی بەوەش دا کە پوتین پێیوابووە دەتوانێت ئەمریکا بەش بەش بکات، بەڵام لەمەدا بەهەڵەداچووە، گوتیشی: ئێمە ئەورووپا و جیهانی ئازاد دەخەینە تای تەرازوویەکەوە. پوتین وای زانی دەتوانێت ناتۆ، ئەورووپا و ئەمریکا بەش بەش بکات، بەڵام نیشانی هەموو جیهانمان دا کە هیچ کەسێک ناتوانێت وڵاتەکەمان بەش بەش بکات.
ئهمریكا: تانك و فڕۆكه ڕهوانه ئۆكراینا دهكهین
وهزیری دهرهوهی ئهمریكا، ئهنتۆنی بلینكهن رایگهیاند كه وڵاتهكهی بۆ رادهستكردنی هاوكاریی بهرگریی به ئۆكراینا كه تانكشكێن و فڕۆكهشكێنیش لهخۆ دهگرێت له ههماههنگیدایه.
ئهنتۆنی بلینكهن له وهزارهتی دهرهوه لهبارهی جهنگی نێوان ئۆكراینا و رووسیا به تیشك خستنه سهر ئهوهی كه ههموو جۆره هاوكارییهكی بهرگریی، ئهمنی، مرۆیی و ئابووریی بۆ ئۆكراینا دابین دهكهن، گوتی: بۆ هاوكاریكردنی ئهو جهنگاوهره ئۆكراینییانهی پێداگیرانە و به لێهاتوویییهوه وڵاتهكهیان دهپارێزن، هاوكاریی مرۆیی دهگهیهنین پێیان كه تانكشكێن و فڕۆكهشكێن و چهكی سووكیش لهخۆ دهگرن.
وهزیری دهرهوهی ئهمریكا بیری خستهوه كه تا ئێستا ئیدارهی وڵاتهكهی سزای بهسهر بهرپرسه باڵاكانی رووسیادا سهپاندووه و تیشكی خسته سهر ئهوهی كه بههۆی هێرشهكانی رووسیاوه بۆسهر هاووڵاتییانی مهدهنی دهیان ههزار كهس دهربهدهربوون، سهدان ههزار كهس پهنایان بردووهته بهر وڵاتانی هاوسێ و تا دێت ژمارهی ئهو مهدهنییانهی بههۆی هێرشهكانهوه گیان لهدهست دهدهن زیاتر دهبێت.
ئهنتۆنی بلینكهن ههڕهشهی بهكارهێنانی چهكی ئهتۆمیش لهلایهن رووسیاوه، بە مهترسیدار و لووتكهی نابهرپرسیارێتی له دهربڕین لهقهڵهم دا.
ئۆکراینا.. سوپای رووسیا شاری خێرسۆنی کۆنتڕۆڵ کرد
ئەمڕۆ پێنجشەممە 3ی ئاداری 2022، ئیگۆر کۆناشینکۆ، گوتەبێژی وەزارەتی بەرگریی رووسیا رایگەیاند، سوپای رووسیا شاری خێرسۆنی لە باشووری ئۆکراینادا کۆنتڕۆڵ کردووە و هیچ گرفتێکی کورتهێنانی خواردن و پێداویستییە سەرەتاییەکانی ژیان لە شارەکە بوونی نییە.
هاوکات سەرۆکی شارەوانیی خێرسۆن داوا لە سەربازانی رووسی دەکات تەقە لە خەڵکی مەدەنی نەکەن، داواش لە خەڵک دەکات تەنیا لە کاتی رۆژدا بێنە دەرەوە.
هەر ئەمڕۆ، فیلیپۆ گراندی، کۆمیسەری باڵای کاروباری پەنابەران لە نەتەوە یەکگرتووەکان رایگەیاند: لە سەرەتای دەستپێکردنی هێرشی سوپای رووسیا بۆ سەر ئۆکراینا و تەنها لە ماوەی یەک هەفتەدا یەک ملیۆن پەنابەر لە ئۆکرایناوە روویان کردووەتە وڵاتانی دراوسێ.
ئەمە لە کاتێکدایە دوێنێ چوارشەممە کۆمەڵەی گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان بە زۆرینەی دەنگ بڕیاری دا لەسەر بڕیارێک کە داوا لە رووسیا دەکات دەستبەجێ بەکارهێنانی هێز لە ئۆکراینا رابگرێت.
کۆمەڵەی گشتیی نەتەوەیەکگرتووەکان پڕۆژە بڕیاری سەرکۆنەکردنی رووسیای پهسهند کرد
کۆمەڵەی گشتیی نەتەوەیەکگرتووەکان، پڕۆژە بڕیاری سەرکۆنەکردنی دەستوەردانی سەربازیی رووسیای له ئۆکراینا بە 141 دەنگی "بەڵێ" بەرامبەر35 دهنگی سپی و پێنج دەنگی "نەخێر"، پەسەند کرد.
دوای کۆتاییھاتنی گوتارەکانی کۆبوونەوە نائاساییەکانی کۆمەڵەی گشتیی نەتەوەیەکگرتووەکان کە ماوەی سێ رۆژە بۆ تاوتوێکردنی دۆخی ئۆکراینا بەردەوامە، دەست بە دەنگدان کرا.
پڕۆژە بڕیارەکە کە تورکیاش تێیدا بەشداربوو، بە کۆکردنەوەی 141 دەنگ بەرامبەر بە پێنج دەنگ پەسەند کرا. ھاوکات 35 وڵات مافی دەنگدانیان بەکار نەھێنا.
هەریەک لە رووسیا، بێلاڕووس، سووریا، کۆریای باکوور و ئێریتیریا بە نەخێر دەنگیاندا و 35 وڵاتی دیکە کە چین و ھیندستان لە نێویاندابوون دەنگیان نەدا.
تورکیا وەکو وڵاتێک کە پڕۆژە بڕیارەکەی پێشکەش کردبوو، بووە یەکێک لەو وڵاتە سەرەکییانەی کە کاریان لەسەر دەرکردنی دەقەکە کردووە.
- لە بڕیارەکەدا داوا لە رووسیا دەکرێت دەستبەجێ لە ئۆکراینا بکشێتەوە
لەو بڕیارەدا کە پەسەندکراوە، بە شێوەیەکی توند سەرکۆنەی ھێرشەکانی رووسیا بۆ سەر ئۆکراینا کراوە و داوا لە مۆسکۆ کراوە کە "سەرجەم ھێزە سەربازییەکانی دەستبەجێ، بەبێ کەموکوڕی و بێ مەرج لە نێو خاکی ئۆکراینا بکشێنێتەوە".
لە بڕیارەکەدا جەخت لەسەر سەروەری، سەربەخۆیی و یەکپارچەیی خاکی ئۆکراینا کراوەتهوه و تێیدا ھاتووە: "رووسیای فیدراڵ بڕگەی چوارەمی ماددەی دووەمی پەیماننامەی نەتەوەیەکگرتووەکانی پێشێلکردووە و ھێرشەکانی بۆ سەر ئۆکراینا بە قوڵترین نیگەرانییەوە لێی روانراوه".
ههروهها جەخت لەوە کراوەتەوە کە دەبێت رووسیا کۆتایی بە چالاکییە سەربازییەکانی لە ئۆکراینا بھێنێت و ئاماژە بەوە کراوە کە بڕیاری 21ی شوباتی رووسیا سەبارەت بە ناساندنی بەناو کۆمارەکانی دۆنێتسک و لوھانسک بایەخی نییە و تێیدا ھاتووە: دەبێت رووسیا دەستبەجێ و بێ مەرج ئەم بڕیارەی ھەڵبوەشێنێتەوە.
لە بڕیارەکەدا داوا لەسەرجەم لایەنەکان کراوە کە پابەندی رێککەوتنی مینسک بن و ئاماژە بە گرنگیی کردنەوەی رێگا بۆ گەیاندنی ھاوکاری مرۆیی بۆ ئەو ناوچانەی کە پێویستییان پێیەتی، کراوە.
لە بڕیارەکەی نەتەوەیەکگرتووەکاندا، بانگەوازێک ئاراستەی بێلاڕووس کە لایەنگریی رووسیا دەکات، کراوە و ئاماژە بە ھەستکردن بە نیگەرانی لە بەرامبەر تێوەگلانی وڵاتهكه لە بەکارھێنانی ھێزی نایاسایی لە دژی ئۆکراینا کراوە و داوای لێکراوە پابەندی بەرپرسیارێتییە نێودەوڵەتییەکانی بێت.
روبڵی رووسی بهردهوامه لهدابهزین
سەرەڕای ئەو رێوشوێنانەی حکوومەت گرتوویەتەبەر، بەڵام بەهای روبڵی رووسی بەردەوامە لە دابەزین.
جیاوازی بەهای دۆلاری ئەمریکی بەرامبەر روبڵی رووسی سەدا 5،9 بەرزبووەوە و گەیشتە 107 و بەهای یورۆ بەرامبەر روبڵ سەدا 6،5 بەرزبووەوە و گەیشتە 119.
بانکی ناوەندیی رووسیا، بە بڕیارێک کە 28ی شوبات دەری کرد، رێژەی سووی لەسەدا 9،4ەوە بەرزکردەوە بۆ سەدا 20.
هەروەها ئەو کۆمپانیایانەی لە بازرگانی نێودەوڵەتیی کار دەکەن ناچار کران سەدا 80ی داهاتی دراوی بیانیان لە بانکە رێگەپێدراوەکان بفرۆشن.
وەزارەتی بەرگریی رووسیا کۆنترۆڵکردنی شاری خیرسۆنی ئۆکراینای راگەیاند
وەزارەتی بەرگریی رووسیا، کۆنترۆڵکردنی شاری خیرسۆن باشووری ئۆکرانیای لەلایەن سوپای رووسیا راگەیاند.
گوتەبێژی وەزارەتی بەرگریی رووسیا، ئیگۆر کۆناشێنکۆڤ لە راگەیەندراوێکدا دوایین زانیاری لەبارەی ئۆپەراسیۆنەکانیان بۆسەر ئۆکراینا بڵاوکردەوە.
ئیگۆر کۆناشێنکۆڤ ئاماژەی بەوە داوە بەپێی دوایین زانیارییەکان تا ئێستا، 472 تانک و زریپۆش، 63 تانکشکێن، 602 تۆپ و 336 ئۆتۆمۆبێلی تایبەتی سەربازیی سوپای ئۆکراینایان لەناوبردووە.
گوتەبێژی وەزارەتی بەرگریی رووسیا ئاشکراشی کرد، بە چەکی قورس و هەستیار سیستمی تەکنەلۆجیایی دەزگای هەواڵگریی ئۆکراینا و 72ەمین ناوەندی ئۆپەراسیۆنی تایبەت-مان پێکاوە و تاوەری تەلەڤیزیۆنمان لە کیێڤ لە چالاکی خستووە.
ئیگۆر کۆناشێنکۆڤ ئاماژەی بەوەش دا شاری خیرسۆن لەلایەن سوپای رووسیا کۆنترۆڵ کراوە و گوتی: کۆبوونەوەکان لەنێوان بەرپرسانی ناوچەکە و سوپای رووسیا بەردەوامە بۆ بەکارخستنەوەی ژێرخانە کۆمەڵایەتییەکانی شارەکە.
كاربهدهستێكی باڵای ئهمریكا: رووسیا هێشتا باڵادهستیی ئاسمانیی له تهواوی ئۆكراینادا نییه
كاربهدهستێكی باڵای وهزارهتی بهرگریی ئهمریكا (پێنتاگۆن) ئاشكرای كرد، هێشتا رووسیا نهیتوانیوه باڵادهستیی بهسهر تهواوی ئاسمانی ئۆكراینادا ههبێت.
كاربهدهستهكه سهبارهت به جهنگی رووسیا-ئۆكراینا زانیاریی دایه گرووپێك له رۆژنامهوانان و ئاشكرای كرد، لهسهدا 80ی ئهو هێزانهی رووسیا له ناوچهكه جێگیری كردبوون، چوونهته نێو ئۆكرایناوه.
راشیگهیاند: "تا سهرلهبهیانی ئهمڕۆ دیسان تێكهڵهیهكمان بینی له مووشهكی كورت مهودا و مووشهكی مامناوهند مهودا كه بریتی بوون له زیاتر له 400 مووشهك (له رووسیاوه ئاڕاستهكرابوون). كایهی ئاسمانیی ئۆكراینا بهردهوامه لهوهی جێ ناكۆكی بێت. رووسهكان تا ئێستا نهیانتوانیوه له تهواوی ئاسمانی ئۆكراینادا باڵادهستییان ههبێت بهڵام بهراورد به ژمارهیهك ناوچه، له ههندێكیان كۆنترۆڵیان زیاتره. ههمان شت بۆ ئۆكراینییهكانیش راسته. سیستمی بهرگریی ئاسمانیی و بهرگریی مووشهكی ئۆكراینا سهلامهته، تێكنهچووه و بهردهوامه له كاركردن.
كاربهدهستهكه باسی لهوهش كردووه، رووسیا زیاتر له 75 فڕۆكهی جهنگیی رهوانهی ئۆكراینا كردووه كه ژمارهیهكیان خراونهته خوارهوه و به ههمان شێوه ژمارهیهك فڕۆكهی سهربه هێزه ئاسمانییهكانی ئۆكرایناش خراونهته خوارهوه.
ئهو كاربهدهستهی پێنتاگۆن تیشكی خستهسهر ئهوهی له پێگهیهكدا نییه بتوانێت پشتڕاستی ئهوه بكاتهوه كه رووسیا بۆمبی ههڵماتیی له ئۆكراینا بهكارهێناوه یان نا و سهبارهت به بۆمبی گهرمیی (تێرمۆباریك)یش رایگهیاند: ههڵسهنگاندنهكانمان بهوشێوهیهیه كه خاوهنی ئهو سیستمهن كه بۆ ئاراستهكردنی چهكه گهرمییهكانیان بهكاردههێنرێت بهڵام ناتوانین بهكارهێنانی ئهو چهكه پشتڕاست بكهینهوه.
كاربهدهستهكه ئهوهشی خستهڕوو كه رووسهكان هێشتا لهو خاڵهدان كه دوێنێ له باكووری كیێڤ تێیدا بوون و ئاشكرایشی كرد، ئاماژهیان بینیوه بهوهی كه یهكه سهربازییه رووسهكان بهرهوڕووی بهرگریی، تهواوبوونی سووتهمهنی و خۆراک بوونهتهوه.
بایدن: سەرۆکی ئۆکراینا بووەتە سەرچاوەی ئیلهام بۆ جیهان
بەرەبەیانی ئەمڕۆ چوارشەممە، جۆ بایدن، سەرۆکی ئەمریکا لە گوتارێکدا لە بەردەم کۆنگرێسی ئەمریکا کە بەشێکی زۆری تەرخاند بوو دەربارەی رەوشی ئۆکراینا بەڵێنيدا هاوتا رووسییەکەی ڤلادیمێر پۆتين بە سەپاندنی زۆرێک لە سزا بەسەر رووسیا و، داخستنی کایەی ئاسمانی ئەمریکا بە رووی فڕۆکەکانی رووسیا راگەیاند.
بایدن هاوتا رووسییەکەی بە "دیکتاتۆری رووسی" وەسف کرد و پێی وایە، پۆتين گرەوی لەسەر لەیەکترازانی رۆژئاوا دەکرد بەڵام هەڵە بوو.
بایدن راشیگهیاند، لە ئێستادا پۆتین لە هەموو کات زیاتر لە جیهاندا پەراوێز خراوە و، جەنگی پووتین لە دژی ئۆکراینا پێشتر پلانی بۆ دانرابوو و بێ بیانۆ بوو، بەڵام پەیمانی ناتۆ و رۆژئاوا لە ئامادەباشی دابوون.
ھەروەھا بایدن رایگەیاند: شانبەشان لەگەڵ ئۆکراینا شەڕ ناکەین بەڵام هێزی ناتۆ پتەو دەکەین.
بایدن ستایشی گەلی ئۆکراینا و سەرۆکەکەی کرد و گوتی، گەلی ئۆکراینا بە نەبەزی و ئازایەتی شەڕ دەکەن و سەرۆکی ئۆکراینا بووەتە سەرچاوەی ئیلهام بۆ جیهان، بایدن روونیشی کردەوە، رەنگە رووسیا تانکەکانی ئۆکراینا داگیر بکات بەڵام ناتوانێت دڵ و مێشکیان داگیر بکات.
لە 24 کاتژمێری رابردوودا 21 هاووڵاتی مهدهنی لە خارکیڤ بەهۆی هێرشەکانی رووسیاوە کوژراون
لە میانی 24 کاتژمێری رابردوودا لە ئاکامی هێرشی مووشەکیی سوپای رووسیا بۆسەر شاری خارکیڤ باکووری رۆژهەڵاتی ئۆکراینا، 21 کەسی مەدەنی کوژراون.
پارێزگاری خارکیڤ، ئۆلی سینیهوبۆڤ لە راگەیەندراوێکدا لە هەژماری خۆی لە تیلیگرام، ئاماژەی بەوە کردووە کە لە میانی 24 کاتژمێری رابردوودا، شارەکە رووبەڕووی هێرشی مووشەکیی و تۆپبارانی چڕی سوپای رووسیا بووەتەوە و یەکەکانی رووسیا لە باکووری رۆژئاوا و باکووری شارەکەوە هەوڵی هێرشکردن دەدەن.
ئۆلی سینیهوبۆڤ باسی لەوە کرد کە هەموو هێرشەکانیان تێکشکاندووە و فڕۆکە Su-25کانی رووسیا فڕۆکەخانەی ناوچەی جوهویڤ و قوتابخانەی تانکیان لەسەر رێگای پۆڵتاڤا بۆردومان کردووە و سەربازانی ئۆکراینا فڕۆکەیەکی رووسیایان خستووەتە خوارەوە.
پارێزگاری خارکیڤ هەروەها ئاماژەی بەوە کرد کە لە لە ئاکامی هێرشەکانی رووسیادا لە میانی 24 کاتژمێری رابردوودا، 21 هاووڵاتی ئۆکراینی مەدەنی کوژراون و 112 کەسیش برینداربوون.
- هێرش کرایە سەر بنکەی پۆلیس و زانکۆ
سوپای رووسیا بەردەوام بوو لەسەر هێرشەکانی و بەیانی ئەمڕۆ بە مووشەک هێرشی کردە سەر بینای پۆلیسی ناوچەی خارکیڤ و کەمپێکی زانکۆی کارازین.
بیناکە کە لەسەر شەقامێکی سەرەکی بوو لە پاش هێرشە مووشەکییەکە وێران بوو. لە کاتێکدا تیمەکانی ئاگرکوژێنەوە هەوڵی کۆنترۆڵکردنی ئاگرەکەیان دەدا، تیمەکانی گەڕان و رزگارکردن هەوڵێکی زۆر دەدەن بۆ رزگارکردنی ئەو کەسانەی کەوتوونەتە ژێر داروپەردووی رووخاوی بیناکەوە.
- سوپای رووسیا هەوڵ دەدات بەرەو کیێڤ پێشڕەوی بکات
سەبارەت بە حەوتەم رۆژی هێرشی رووسیا بۆسەر ئۆکراینا، سەرۆکایەتی ئەرکانی سوپای ئۆکراینا لە پەیجی فەرمی خۆی راگەیەندراوێکی بڵاوکردەوە.
لە راگەیەندراوەکەدا ئاماژە بەوە کراوە کە هێزەکانی رووسیا هەوڵ دەدەن لە باکوور و باکووری رۆژئاواوە بەرەو کیێڤ-ی پایتەخت پێشڕەوی بکەن.
لە راگەیەندراوەکەدا، هەروەها باس لەوە کراوە کە هێزەکانی رووسیا شکستیان هێناوە لە هەوڵی کۆنترۆڵکردنی شارەکانی سومی، لیبیدین و ئۆختیرکا و لە ناوچەی دۆنێتسک هێزەکانی رووسیا هەوڵ دەدەن دەوری شاری ماریۆپل بگرن.
ئاماژە بەوە کرا کە لە ناوچەی دەریای رەش رووسەکان گرووپێکی دەریاییان پێکهێناوە و بەردەوامن لە ئامادەکاریی بۆ دابەزین لە وشکانییدا.
لە راگەیەندراوەکەدا باس لەوەیش کراوە کە هێزەکانی رووسیا شکستیان هێناوە لە پێشڕەوی کردندا و ژێرخانە هەستیارەکانی سوپای ئۆکراینایان بۆردومان کردووە.
فرۆشتنی خزمهتگوزارییهكانی ئهپڵ و نایك به ڕووسیا وهستێندرا
کۆمپانیاکانی ئەپڵ و نایک خزمەتگوزاری فرۆشتن بە ئۆنڵاین لە رووسیا وەستاند.
هەریەک لە کۆمپانیای تەکنەلۆجیا، ئەپڵ و کۆمپانیای جلوبەرگ، نایک لە پێگەی فەرمی خۆیانەوە راگرتنی خزمەتگوزاری فرۆشتن بەشێوەی ئۆنڵاینیان لە رووسیا راگەیاند.
دوا بەدوای سەپاندنی سزا بەرفراوانە ئابوورییەکان لەلایەن ئەمریکا و یەکێتیی ئەورووپا بەسەر رووسیا دژبەو دەستێوەردانە سەربازییەی بۆسەر ئۆکراینا دەستی پێ کردووە، هەریەک لە کۆمپانیاکانی ئەپڵ و نایک خزمەتگوزاری فرۆشتن بەشێوەی ئۆنڵاینیان لە رووسیا وەستاند.
ئۆکراینا کوژرانی پێنج هەزار و 840 سەربازی رووسیای راگەیاند
سەرۆکایەتی ئەرکانی سوپای ئۆکراینا رایگەیاند کە لە حەوت رۆژی رابردوودا، پێنج هەزار و 840 سەربازی سوپای رووسیا کوژراون.
لەوبارەیەوە سەرۆکایەتی ئەرکانی سوپای ئۆکراینا راگەیەندراوێکی بڵاوکردەوە و تیایدا زیانەکانی سوپای رووسیای لە حەوت رۆژی رابردوودا، خستووەتەڕوو.
لە راگەیەندراوەکەدا ئەوە خراوەتەڕوو کە پێنج هەزار و840 سەربازی رووسیا کوژراون، هەروەها سوپای ئۆکراینا، 30 فڕۆکە، 31 هێلکۆپتەر، 211 تانک، 862 زرێپۆش، 85 تۆپهاوێژ، دوو یەخت، 40 سیستەمی مووشەکهاوێژ، 355 ئۆتۆمبێلی سەربازیی، 60 تانکەری سووتەمەنی، نۆ سیستەمی بەرگریی ئاسمانیی و سێ فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی سوپای رووسیای تێکشکاندووە.
بۆڕسەی مۆسکۆ ئەمڕۆش بەداخراوی دەمێنێتەوە
لە دووی ئاداردا، بۆرسەی مۆسکۆ بە داخراوی دەمێنێتەوە.
لەو بارەیەشەوە بۆرسەی مۆسکۆ راگەیەندراوێکی بڵاوکردووەتەوە و تیایدا ئەوە خراوەتەڕوو کە بەهۆی "دۆخی ئێستاوە" ئەمڕۆش، بۆرسە بەداخراوی دەمێنێتەوە.
دوای راگەیەندراوەکانی وڵاتانی رۆژئاوا لە بارەی سزا خستنە سەر رووسیا لە28ی شوباتەوە، رێژەی دابەزینی بەهای روبڵی رووسی بەرامبەر بە دۆلار، سەدا 20ی تێپەڕاند، بەمهۆیەشەوە لە 28ی شوباتەوە تا ئێستا بۆرسەی مۆسکۆ، داخراوە.
بۆرسەی مۆسکۆ لە مانگی شوباتدا، بەراورد بە مانگی پێشتر بەڕێژەی سەدا 35 بەهای لەدەستداوە.
ئۆکراینا: هێزەکانی رووسیا پێنج هەزار و 710 سەربازیان لهخاكماندا كوژراون
سەرۆکایەتی ئەرکانی سوپای ئۆکراینا رایگەیاند کە پێنج هەزار و 710 سەربازی هێزەکانی رووسیا کوژراون.
سەبارەت بە زیانەکانی پێنج رۆژی رابردووی هێزەکانی رووسیا، سەرۆکایەتی ئەرکانی سوپای ئۆکراینا راگەیەندراوێکی بڵاوکردەوە و تیایدا ئاماژە بەوە کراوە کە پێنج هەزار و 710 سەربازی سوپای رووسیا کوژراون و 200 سەربازیشیان بە دیل گیراوە.
ئاماژە بەوەیش دەکرێت کە لە ماوەی پێنج رۆژی رابردوودا، سوپای ئۆکراینا 29 فڕۆکە، 29 هێلیکۆپتەر، 198 تانک، 846 زرێپۆش، 77 تۆپهاوێژ و دوو کەشتی رووسیای لەناوبردووە.
لە راگەیەندراوەکەدا، هەروەها باس لەوە کراوە کە هێزەکانی رووسیا 24 سیستمی رادار، 305 ئۆتۆمبێل، 60 ئۆتۆمبێلی گواستنەوەی سووتەمەنی، حەوت سیستمی بەرگریی ئاسمانیی و سێ فڕۆکەی بێ فڕۆکەوانیان لەدەستداوە، ئەوەیش خراوەتەڕوو کە زیانەکانی بەردەوامی پێکدادانەکان نەخراوەتە سەر ئەم ژمارانە.
لە هێرشێکی رووسیادا بۆسەر یەکەیەکی سەربازیی ئۆکراینا نزیکەی 70 سەرباز کوژران
لە ئاکامی هێرشی مووشەکی سوپای رووسیادا بۆسەر یەکەیەکی سەربازیی ئۆکراینا لە شاری ئۆختریکا سەربە پارێزگای سومی، نزیکەی 70 سەرباز کوژران.
پارێزگاری سومی، دمیترۆ ژیڤیتسکی لە راگەیەندراوێکدا کە لە هەژماری تیلیگرام بڵاوی کردەوە، ئاماژەی بەوە کرد یەکەی سەربازیی لە شاری ئۆختریکا لەلایەن سوپای رووسیاوە هێرشی کراوەتە سەر و لە ئەنجامدا، نزیکەی 70 سەرباز گیانیان لەدەستداوە.
دمیترۆ ژیڤیتسکی باسی لەوە کرد کە تیمەکان و خۆبەخشەکان بەردەوامن لەسەر کارەکانی گەڕان و رزگارکردنی ئەو کەسانەی کەوتوونەتە ژێر داروپەردووی رووخاوی یەکە سەربازیەکە.
پارێزگاری سومی، دمیترۆ ژیڤیتسکی هەروەها باسی لەوە کرد کە ژمارەیەکی زۆر تەرمی سەربازانی رووسیا لە شارەکەدان، ئەوەشی خستەڕوو کە ئەو تەرمانەیان کۆکردووەتەوە و رادەستی کۆمیتەی خاچی سووری نێودەوڵەتییان کردوون.
کەنەدا هاوردەکردنی نەوتی خاو لە رووسیاوە قەدەغە دەکات
سەرۆکوەزیرانی کەنەدا، جەستن ترودۆ ئاماژەی بەوە کرد کە پلانیان داناوە هاوردەی نەوتی خاو لە رووسیاوە قەدەغە بکەن.
جەستن ترودۆ لە میانی کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانییدا، باسی لەوە کرد کەنەدا بەردەوام دەبێت لە پشتیوانیکردنی ئۆکراینا کە قارەمانانە دژی سوپای رووسیا بەرگریی دەکات.
سەرۆکوەزیرانی کەنەدا، جەستن ترودۆ ئاماژەی بەوە کرد کە پیشەسازی نەوت پیشەسازییەکە سوودێکی زۆر بۆ سەرۆکی رووسیا، ڤلادیمیر پوتین و ئۆلیگارشیەکان دەستەبەر دەکات و رایگەیاند، نیازمان بۆ قەدەغەکردنی هاوردەی هەموو نەوتێکی خاو لە رووسیاوە رادەگەیەنین.
جەستن ترودۆ هەروەها باسی لەوە کرد کە کەنەدا لە ماوەی ساڵانی رابردوودا بڕێکی زۆر کەم نەوتی لە رووسیاوە هاوردە کردووە و ئەو رێوشوێنەش هەڵگری پەیامێکی بەهێزە.
سەرۆکوەزیرانی کەنەدا، پلانی کەنەدای بۆ دابینکردنی سیستمەکانی چەکی دژەتانک بۆ ئۆکراینا خستەڕوو و باسی لەوە کرد کە وەک بەشێک لە هەوڵەکانی ناتۆ سوپای کەنەدا پشتگیری ئاسمانیی بۆ گواستنەوەی پێداویستی و هاوکاری دابین دەکات.
بەپێی ئامارەکانی دەزگای فەرمی ئاماری کەنەدا لە ساڵی 2021دا کەنەدا بە بەهای نزیکەی 228 ملیۆن دۆلار بەرهەمی وزەی لە رووسیاوە هاوردە کردووە.
وەزیری سەرچاوە سروشتییەکانی کەنەدا، جۆناسان ویلکینسۆن ئاماژەی بەوە کرد کە وڵاتەکەی لە ساڵی 2019ەوە تا ئێستا هیچ نەوتێکی خاوی لە رووسیاوە هاوردە نەکردووە.
کۆشکی سپی: ئەو 12 دیپلۆماتکارە رووسەی سنوورداش دەکرێنەوە کارمەندی هەواڵگرین
گوتەبێژی کۆشکی سپی، جێن ساکی رایگەیاند، 12 دیپلۆماتکاری رووسیا کە لە نوێنەرایەتی مۆسکۆ لە نەتەوە یەکگرتووەکان کار دەکەن ''کارمەندی هەواڵگریین''، لەبەرئەوە سنوورداش دەکرێنەوە.
جێن ساکی لە میانی بەڕێوەچوونی کۆنگرەی رۆژنامەوانیی رۆژانەیدا، باسی لە بڕیاری وڵاتەکەی کرد بۆ سنوورداشکردنەوەی 12 دیپلۆماتکاری رووسی.
گوتەبێژی کۆشکی سپی باسی لەوە کرد کە ماوەی چەند مانگێکە کار لەسەر ئەو هەنگاوە دەکەن و لەو بارەیەشەوە نەتەوە یەکگرتووەکان و نوێنەرایەتی هەمیشەیی رووسیایان لە نەتەوە یەکگرتووەکان ئاگادار کردووەتەوە و گوتی: ''دەستمان کرد بە پرۆسەی سنوورداشکردنەوەی 12 کارمەندی هەواڵگریی کە لە نوێنەرایەتی رووسیا کار دەکەن. ئەو کەسانە بە پێچەوانەی بەرژەوەندییە نیشتمانییەکانمان چالاکی سیخوڕی بەڕێوەدەبەن و ئەو مۆڵەتی نشینگەیەی لە ئەمریکا پێدراوە خراپ بەکاریانهێناوە.
لەلایەن خۆیەوە نوێنەری هەمیشەیی رووسیا لە نەتەوە یەکگرتووەکان، ڤاسیلی نێبێنزیا لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانییدا لە ناوەندی گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان لە نیویۆرک، ئاماژەی بەوە کرد کە ئەمریکا 12 دیپلۆماتکاری رووسی ئەرکدار لە نەتەوە یەکگرتووەکانی بە کەسی نەخوازراو راگەیاندووە و پێیان راگەیەندراوە کە پێویستە ئەو کەسانە تا حەوتی ئادار ئەمریکا جێبهێڵن.
زێلێنسکی: لە دانوستاکان لەگەڵ رووسیا ئەو ئەنجامەی دەیخوازین بەدەست نەهاتووە
سەرۆکی ئۆکراینا، ڤۆلۆدیمیر زێلێنسکی رایگەیاند کە لەو دانوستانانەی لەگەڵ رووسیا ئەنجام دەدرێن هێشتا ئەنجامێک بەدەست نەهاتووە کە ئۆکراینا دەیخوازێت.
ڤۆلۆدیمیر زێلێنسکی لە گوتارێکیدا کە پێشکەشی گەلەکەی کرد، ئاماژەی بەوە کرد کە هێزەکانی رووسیا بە چڕی شاری خارکێڤ بە مووشەک بۆردومان دەکەن و گوتی: ئەوە بە ئاشکرا تاوانی جەنگە. شارێکی ئاشتیخواز، ناوچەی نیشتەجێبوونی ئاشتیی، تەنیا یەک بنکەی سەربازیشی نییە. دەیان تۆماری گەواهیدەر دەیسەلمێنن کە ئەوە بۆردومانێکی هەڵە نییە، بەڵکو وێرانکاریەکی بە ئەنقەستە.
سەرۆکی ئۆکراینا باسی لەوە کرد کە رووسەکان دەزانن کوێ بۆردومان بکەن و رایگەیاند ''ئەوە پێشێلکردنی هەموو پەیمانە نێودەوڵەتییەکانە. بە دڵنیایییەوە دادگایەکی نێودەوڵەتی دادەمەزرێت بۆ ئەو تاوانە.
ڤۆلۆدیمیر زێلێنسکی بە پێویستی زانی دەستبەجێ ئەو بۆردومانە رابگیرێت و داوای کرد رووسیا لە رووی ئابوورییەوە لەناو ببرێت و گوتی: رووسیا هەموو رێککەوتننامەکانی پێشێل کرد، هەرگیز کەس لەوە نابوورێت.
سەرۆکی ئۆکراینا، ڤۆلۆدیمیر زێلێنسکی ئەوەیشی خستەڕوو کە رووسیا لە ماوەی پێنج رۆژدا، 56 هێرشی مووشەکی ئەنجامداوە و 113 مووشەکی ئاڕاستەکراوی رەوانە کردووە و گوتی: ''وڵاتێک کە هێرش بکاتە سەر مەدەنی ناتوانێت ببێتە ئەندامی نەتەوە یەکگرتووەکان. داوا دەکەین هەموو بەندەر، کەناڵ و فڕۆکەخانەکانی جیهان بە رووی مووشەک، فڕۆکە و هێلیکۆپتەرەکانی رووسیادا دابخرێن. پێویستە رووسیا سەدان ملیار دۆلار قازانج نەکات لە هەناردەکردنی سەرچاوەکانی وزەدا.
زێلێنسکی باسی لەوەیش کرد کە تەنیا لە ماوەی یەک رۆژدا، سێ هێرشی مووشەکیی کراوەتە سەر کیێڤ و هێزە تێکدەرەکانی رووسیا پیلانیان دانابوو کارەبای شارەکە ببڕن.
گوتیشی: لە کاتی بەڕێوەچوونی دانوستانەکانی شاندی رووسیا و ئۆکراینادا شارەکانی ئۆکراینا بۆردومان دەکرا. هێشتا لە دانوستانەکاندا ئەنجامێکی خوازراومان دەست نەکەوتووە. رووسیا پێگەی خۆی راگەیاند. ماددەکانیان پێ راگەیاندین بۆ راگرتنی جەنگ. هەندێک ئاماژەمان وەرگرت.
سەرۆکی ئۆکراینا، ڤۆلۆدیمیر زێلێنسکی ئاماژەی بەوەیش کرد کە شاندی ئۆکراینا دەگەڕێنەوە بۆ کیێڤ و شیکاریی دەکەن و بڕیار دەدەن لەبارەی چۆنیەتی بەڕێوەچوونی خولی دووەمی دانوستانەکان.
ڤۆلۆدیمیر زێلێنسکی هەروەها باسی لەوە کرد کە داواکاری بۆ چوونە ناوەوەی ئۆکراینا بۆ یەکێتیی ئەورووپای واژوو کردووە و بە فەرمی تۆمار کراوە، ئەوەشی راگەیاند کە ٣٠ ساڵە چاوەڕوانی ئەو ساتەن.
ئۆکراینا کوژرانی پێنج ھەزار و 300 سەربازی رووسیای راگەیاند
- جێگری وەزیری بەرگریی ئۆکراینا، ئاننا مالیار: لە دەستپێکی ھێرشی رووسیا بۆسەر وڵاتەکەمان تا ئێستا، پێنج ھەزار و 300 سەربازی ئەو وڵاتە کوژراون.
لەمبارەیەوە جێگری وەزیری بەرگریی ئۆکراینا، ئاننا مالیار لە لێدوانێکی رۆژنامەوانییدا، ئاماری زیانەکانی ھێزەکانی رووسیای لە ئۆکراینا رایگەیاند و گوتی: لە دەستپێکی ھێرشی رووسیا بۆسەر وڵاتەکەمان تا ئێستا، پێنج ھەزار و 300 سەربازیی ئەو وڵاتە کوژراون.
ئاماژەی بەوەیش داوە کە ھەروەھا سوپای ئۆکراینا تا ئێستا، 58 فڕۆکە و ھێلیکۆپتەر، 191 تانک،816 زرێپۆش و 74 تۆپهاوێژی ھێزەکانی رووسیایان تێکشکاندووە.
جێگری وەزیری بەرگریی ئۆکراینا، ئاننا مالیار باسی لەوەش کردووە کە تا ئێستا سیستەمێکی دژە فڕۆکەی "BUK"، 21ی سیستەمی ئاراستەکردنی مووشەکی گراد، 351 ئۆتۆمبێلی سەربازیی، پێنج سیستەمی بەرگریی ئاسمانیی و سێ فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی ھێزەکانی رووسیا، لەلایەن ھێزەکانی ئۆکرایناوە تێکشێندراون.
ئەسینا حکوومەتی ڕووسیا بە کوشتنی هاووڵاتییانی یۆنانی تۆمەتبار دەکات
حکوومەتی یۆنان ڕۆژی شەممە لە ڕاگەیەنراوێکدا ڕووسیای بە کوشتنی هاووڵاتییانی یۆنانی لە ئۆکڕاینا تۆمەتبار کرد.
وەزارەتی دەرەوەی یۆنان لە ڕاگەیەنراوێکدا داوای لە ڕووسیا کرد دەستبەجێ هێرشەکانیان بۆ سەر ئۆکراینا و هێرشکردنە سەر هاووڵاتییانی مەدەنی بوەستێنن.
هەر لە ڕاگەیەنراوەکەدا ڕووسیای تۆمەتبار کرد بە کوشتنی زیاتر لە 10 هاووڵاتی بە ڕەچەڵەک یۆنانی لە ئۆکراینا.
ئەمەش لەدوای ئەوە دێت کە شەوی شەممە دوو هاووڵاتی یۆنانی بەهۆی هێرشەکانی ڕووسیا بۆ سەر ئۆکراینا کوژران.
ڕووسیا.. بەهۆی خۆپیشاندان دژی هێرشەکان بۆ سەر ئۆکراینا زیاتر لە 3 هەزار کەس دەستگیر کراون
لەماوەی 3 ڕۆژدا بەهۆی خۆپیشاندان و ناڕەزایەتییەکان لە ڕووسیا زیاتر لە 3 هەزار کەس دەستگیر کراوە.
بەپێی ئامارێکی ڕێکخراوی OVD-INFO ناحکوومی، دەسەڵاتدارانی ڕووسیا 3 هەزار و 52 کەسی لەماوەی 3 ڕۆژدا بەهۆی ناڕەزایی دەربڕین دژی هێرشەکانی وڵاتەکە بۆ سەر ئۆکراینا دەستگیر کردووە.
هەروەها 467 کەس تەنها لە ڕۆژی شەممەدا دەستگیر کراون."
پووتین بۆ ئەمریکا و وڵاتانی ڕۆژئاوا: بەمزووانە دەتانبینمەوە
سەرۆکی ڕووسیا ئەمڕۆ شەممە ڕایگەیاند، ڕووسیا دەتوانێت بەبێ ڕۆژئاوا بەردەوام بێت، دەپرسێت ئایا ڕۆژئاوا بەبێ ڕووسیا دەتوانێت بەردەوام بێت، لەمبارەیەوەش دەڵێت، ئەمریکا و ڕۆژئاوا بەمزووانە دەتانبینمەوە.
ڤیلادمێر پووتین لە هەژماری فەرمی خۆی لە فەیسبووک ڕایگەیاند:ئێوە لەبوونی ڕووسیا بێزارن، دەستبەجێ هەموو سزاکان بەسەر ڕووسیا دەسەپێنن و هەموو پەیوەندییەک لە ڕووسیا دەپچڕێنن.
ڕاشیگەیاند: بۆ ماوەی 8 ساڵ ئۆکراینا لە دۆنباس شەڕی دژی هاووڵاتی خۆی ئەنجامدا و خەڵکی سڤیلی کوشت، تۆ سەرنجی ئەوەت نەدا و پارە و چەکت بۆ دابین کرد.
پووتین دەشڵێت:بۆ ماوەی 3 ڕۆژە ڕووسیا دادپەروەی لە دۆنباس و سنوورەکانی دەگێڕیتەوە، ئەمەش بە دوورخستنەوەی دەستدرێژیکەران، ئێوەش سزا دەسەپێنن.
ئاماژەی بەوەشدا "ڕووسیا بەبێ ڕۆژئاوا دەتوانێت بەردەوام بێت، بەڵام پرسیارە سەرەکییەکە ئەوەیە ئایا ڕۆژئاوا بەبێ ڕووسیا دەتوانێت."
پووتین هەر لە بڵاوکراوەکەدا نووسیویەتی "بەمزووانە دەیزانین، ڕۆژئاوا و ئەمریکا دەتانبینمەوە."
لە کیێڤ قەدەخەی هاتووچۆی ڕاگەیەنرا
شارەوانی کیێڤ ئەمڕۆ شەممە بڕیاری قەدەخەکردنی هاتووچۆی تا بەرەبەیانی ڕۆژی دووشەممەی داهاتووی ڕاگەیاند.
شارەوانی کیێڤ لە ڕاگەیەنراوێکدا ئاماژەی بەوەدا قەدەخەی هاتووچۆ لە کاتژمێر 5:00ـی ئێوارەی ئەمڕۆ دەست پێ دەکات و تاوەکو کاتژمێر 8:00ـی ڕۆژی دووشەممەی داهاتوو بەردەوام دەبێت.
بڕیارەکەی کیێڤ لە سێیەم ڕۆژی ھێرشەکانی ڕووسیا بۆ سەر وڵاتەکە دێت.
ڕووسیا بڕیاری فراوانکردنی هێرشەکانی دەدات
ڕووسیا ئەمڕۆ شەممە بڕیاری فراوانکردنی هێرشەکانی دژ بە ئۆکڕاینای دا دوای ڕەتکردنەوەی دانوستان لەلایەن کیێڤ.
وەزارەتی بەرگری ڕووسیا لە ڕاگەیەنراوێکدا فەرمانی بە هەموو یەکە سەربازییەکانی سوپای وڵاتەکەی دا کە هێرشەکانیان لە هەموو ئاراستەیەک فراوانتر بکەن.
ئەم بڕیارەی وەزارەتی بەرگری ڕووسیا دوای ڕەتکردنی دانوستان دێت لەلایەن کیێڤەوە.
هاوکات ڕووسیا بەهۆی هێرشەکانی بۆ سەر ئۆکڕاینا ڕووبەڕووی سەرکۆنەکردن و سزای نێودەوڵەتی بووەتەوە.
ئەمریکا هاوکاری سەربازی پێشکەش بە ئۆکڕاینا دەکات
وەزیری دەرەوەی ئەمریکا ئەمڕۆ شەممە ڕایگەیاند، ئەمریکا بەبڕی 350 ملیۆن دۆلار هاوکاری سەربازی پێشکەش بە ئۆکڕاینا دەکات بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی ڕووسیا.
ئەنتۆنی بلینکن لە ڕاگەیەنراوێکدا ئاماژەی بەوەدا "ئەم پاکێجەی هاوکاری سەربازی بۆ ئۆکڕاینا بۆ بەرپەرچدانەوەی ئۆتۆمبێلی زرێپۆش ، فڕۆکەی شەڕکەر، هەلیکۆپتەر وهەڕەشەکانی دیکە بەکاردەهێنرێت."
بلێنکن جەختیشی کردەوە ئەم بڕیارە ئاماژەیەکی ڕوونە کە "ئەمریکا لەگەڵ خەڵکی ئۆکڕاینا دەوەستێت، بۆ پاراستنی سەروەری خاکەکەیان."
وەزیری دەرەوەی ئەمریکا ڕوونیشی کردەوە "ویلایەتەیەکگرتووەکانی ئەمریکا لە پایزی ڕابردوو 60 ملیۆن دۆلار، لە مانگی 12ـی ساڵی ڕابردوو 200 ملیۆن دۆلاری وەک هاوکاری بەخشیوە بە ئۆکڕاینا.
ئاماژەی بەوەشداوە کۆی گشتیی هاوکارییەکانی ئەمریکا بەم 350 ملیۆنەی ئەمڕۆوەش گەیشتووەتە نزیکەی ملیارێک دۆلار.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.