ئەمڕۆ یهكشهممه 27 ى 2 ى 2022، ئەنجوومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی کۆدەبێتەوە بۆ پرۆژە بڕیاری دانیشتنی نائاسایی سەبارەت بە ئۆکراینا لە ئەنجوومەنی گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکاندا.
کۆبوونەوە تایبەتەکەی ئەنجوومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی راگەیەندرا کە رۆژی یەکشەممە، كاتژمێر 3 ی ئێواره بەکاتی نیویۆرک (11ى شهو بەکاتی هەولێر) ساز دەکرێت.
سەرچاوە دیپلۆماسیەکانی نەتەوە یەکگرتووەکان، ئاماژە بەوە دەکەن کە دەنگ لەسەر پرۆژەبڕیارێک دەدرێت کە داوای دانیشتنێکی نائاسایی بەپەلە دەکات لە ئەنجوومەنی گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان سەبارەت بە ئۆکراینا.
کۆبوونەوە نائاساییەکانی ئەنجوومەنی گشتیی لە نەتەوە یەکگرتووەکان بە دەنگی لانیکەم نۆ ئەندامی ئەنجوومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی، یان نیوە کۆ یەکی دەوڵەتانی ئەنجوومەنی گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان ساز دەکرێن.
پێنج ئەندامە هەمیشەییەکی ئەنجوومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی (رووسیا، ئەمریکا، فەڕەنسا، بەریتانیا و چین) کە دەسەڵاتی ڤیتۆی بڕیارەکانیان هەیە، دەسەڵاتی ڤیتۆیان نییە لەبارەی داخوازی کۆبوونەوەی نائاسایی ئەنجوومەنی گشتیی.
ئەگەر ئەمڕۆ ئەو پرۆژەیە لە ئەنجوومەنی ئاسایشی گشتیی تێپەڕێت، ئەوا رۆژی دووشەممە ٢٨ی شوبات، کۆبوونەوەی نائاسایی ئەنجوومەنی گشتیی ئەنجام دەدرێت.
سەرچاوەکان باس لەوە دەکەن کە چاوەڕوان دەکرێت لە کۆبوونەوەکانی ئەنجوومەنی گشتییدا ئیدانەی هێرشەکانی رووسیا بۆسەر ئۆکراینا بکرێت و داوا دەکرێت هەرچی زووە داگیرکاریی کۆتایی پێ بێت.
بۆ پەسەندکردنی هەر پرۆژەیەک لە ئەنجوومەنی گشتییدا، پێویستە دوو لەسەر سێی ئەندامان، واتا لە کۆی 193 وڵات لانیکەم 128یان بە بەڵێ دەنگی پێ بدەن.
بڕیارەکانی ئەنجوومەنی گشتیی کە زیاتر گوزارشت لە خستنەڕووی بۆچوونی گشتیی دەوڵەتانی ئەندامی نەتەوە یەکگرتووەکان دەکەن، توانای سەپاندنی هیچ سزایەکیان نییە.
پێشتر رووسیا ڤیتۆی ئەو بڕیارەی کرد کە لەلایەن ئەمریکا و ئەلبانیاوە پێشکەشی ئەنجوومەنەکە کرابوو و ئیدانەی هێرشەکانی رووسیای دەکرد بۆسەر ئۆکراینا و داوای دەستبەجێ کشانەوەی دەکرد لە خاکی ئۆکراینادا.
لە کاتێکدا لە ئەنجوومەنەکە 11 وڵات بە بەڵێ دەنگیاندا، هەریەک لە چین، هیندستان و ئیمارات دەنگیان نەدا.
پێنج ئەندامە هەمیشەییەکەی ئەنجوومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی، دەسەڵاتی بەکارهێنانی ڤیتۆیان هەیە بۆ هەر بڕیارێک کە پەسەندی نەکەن.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.