سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان بەشداریی لە گشتپرسیی سەربەخۆیی کوردستاندا کرد و گوتی: "گەلی کوردستان بەشێوەیەکی ئاشتییانە بەشێوەیەکی دیموکراسییانە و بەشێوەیەکی هێمنانە دەیانەوێ رای خۆیان دەربڕن کە ئایندەی خۆیان و ئەم وڵاتە بە چ شێوەیەک دەبێت".
نێچیرڤان بارزانی ، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان لەدوای ئەوەی دەنگی خۆی خستە نێو سندووقی دەنگدان گوتی: "بۆ ئێمە لە هەرێمی کوردستاندا بە تەئکید، بۆ هەموو ئەو پێکهاتانەی کە لەم وڵاتەدا دەژین، لە کوردستاندا ئەمڕۆ رۆژێکی مێژووییە. پەیامی ئێمە لەم رۆژەدا ئەوەیە: گەلی کوردستان ئەمڕۆ، بە هەموو ئەو پێکهاتانەی کە لەم وڵاتەدا دەژین، بەشێوەیەکی ئاشتییانە بەشێوەیەکی دیموکراسییانە و بەشێوەیەکی هێمنانە دەیانەوێ رای خۆیان دەربڕن کە ئایندەی خۆیان و ئەم وڵاتە بە چ شێوەیەک دەبێت".
سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان گوتی: "بەدڵنیاییەوە ئەوەی ئەمڕۆ ئێمە لە هەرێمی کوردستان دەیبینین، لە پرۆسەی دەنگدان بۆ سەربەخۆیی، واتە ریفراندۆم، بۆ ئەوە نییە رۆژی پاشتر سەربەخۆیی کوردستان رابگەیەنین. بۆ ئەوەش نییە کە سنوورەکانی کوردستان بەم ریفراندۆمە دەستنیشان بکەین. ئەم دوو مەسەلەیە یەکجار زۆر گرنگە کە هەموو وڵاتانی دەوروبەری ئێمە و بەغداش ئاگاداری ئەوە بێت".
سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان بە ئاماژەدان بەوەی تەنیا دەمانەوێ ئیرادەی گەلی خۆمان پیشانی دنیا بدەین کە دەمانەوێ بەرەو سەربەخۆیی بڕۆین، لە پرۆسەیەکی دیموکراسییانە و دانوستاندنێکی جیدی لەگەڵ بەغدا گوتی: "ئێمە زیاتر لە بیست ساڵە سەلماندوومانە بۆ وڵاتانی دەوروبەر و بۆ عێراقیش کە ئێمە فاکتەری سەقامگیری و ئارامین لە ناوچەکەدا بەدڵنیاییەوە هەر وەک فاکتەرێکی سەقامگیری و ئاسایش لە ناوچەکەدا، هەم بۆ درواسێکانمان و هەم بۆ بەغداش".
دەقی پرسیار و وەڵامەکان لە سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان:-
پرسیار: حەیدەر عەبادی دوێنێ هەندێک هەڕەشەی لە کوردستان کرد، داوایکرد فڕۆکەخانەکان و دەروازە سنوورییەکان رادەستی عێراق بکرێنەوە و داوای لە وڵاتانی جیهان کرد مامەڵە لەگەڵ هەرێمی کوردستان نەکەن لەڕێگەی عێراقەوە نەبێت، وەڵامی ئێوە بۆ ئەو هەڕەشانە چییە؟ هەروەها دوای دەرچوونی بڕیارەکانی ئەنجوومەنی ئاسایشی نیشتمانیی تورکیا، هیچ پەیوەندییەک لەنێوان ئێوە و تورکیادا هەبووە بۆ هێورکردنەوەی بارودۆخی نێوان ئێوە و تورکیا؟
نێچیرڤان بارزانی: زۆر بەداخەوەم بۆ قسەکانی دوێنێی سەرۆکوەزیرانی عێراق، دکتۆر عەبادی. هەڕەشەکانی جەنابی سەرۆکوەزیران، بڕیارەکانی مەجلیسی قیادەی سەورەی رژێمی عێراقی کۆنمان بیردەهێنێتەوە. زۆر زۆر بەداخەوەم بۆ ئەو زمانەی ئەو بەکاریهێنا بۆ سزادانی هەموو گەلی کورد. ئەو سزایەی ئەو دوێنێ رایگەیاند بە هیچ شێوەیەک چاوەڕوانکراو نەبوو. فڕۆکەخانەکان دادەخات. کێشەی فڕۆکەخانەکانی هەیە؟ بانگهێشتیان دەکەین فەرموون ببینن بزانن فڕۆکەخانەکانی ئێمە و ئێمە چیدەکەین. ئێمە هیچ شتێکی شاراوە لەو فڕۆکەخانانە ناکەین. لەو فڕۆکەخانانە پێشوازیمان لە ئاوارەکان و ئەو بەدبەختانەمان کردووە کە ملیۆنێک و دووسەت هەزار کەس بوون و هاتوونەتە هەرێمی کوردستان. ئەوە ئەو ئاوارانە بوون کە ئەوان وەریاننەدەگرتن.
فڕۆکەکانمان بۆ ئەوان بەکارهاتووە، بۆیە ئەگەر فڕۆکەخانەکان دابخرێن، سزادانی دەستەجەمعیی گەلی کوردستانە. ئەوەی عەبادی رایگەیاند، سزادانی بەکۆمەڵی هەموو گەلی کوردستانە. بە هیچ شێوەیەک چاوەڕوانمان نەدەکرد بەوشێوەیە باسی هەرێمی کوردستان بکات. ئەگەر کێشە فڕۆکەخانەیە و دەیانەوێ بێن سەیریانبکەن و وەریانبگرن، با بفەرموون بێن، ئێمە هیچ کێشەمان نییە، بەڵام ئەگەر کێشە سزادانی بەکۆمەڵی گەلی کوردستانە، کە تاوەکو ئێستاش ئەو گەلە بەشێکە لە عێراق، من پێموایە ئەم بڕیارە تابڵێی کارێکی نابەجێ بوو و دروست نەبوو و عەبادی دەبووایە بەشێوەیەکی دیکە مامەڵەی لەگەڵ ئەم بابەتە کردبووایە. دیسانەوە دەڵێین: ئێمە کە ئەم گشتپرسییەمان کردووە و خواستی گەلی کوردمان پیشانداوە، بۆ ئەوەمان نییە رۆژی پاشتر دەوڵەتی کوردستان رابگەیەنین. بۆ ئەوەشمان نییە سنوورەکانی کوردستان بە زۆر دەستنیشان بکەین. ئەم دوو شتە زۆر گرنگن. ئێمە دەمانەوێ بکەوینە پرۆسەیەکی دانوستاندنی جیدی لەگەڵ بەغدا و ئەو مەسەلانە لە گفتوگۆدا یەکلایی بکەینەوە.
لەبارەی تورکیاوە من دوو مانگە داوامکردووە سەردانی تورکیا بکەم بۆئەوەی بۆیان روونبکەمەوە، کە ئەم پرۆسەیەی ئێمە بە هیچ شێوەیەک هەڕەشە نییە لەسەر تورکیا. زۆر بەداخەوە ئەو بوارەیان بە ئێمە نەدا لەنزیکەوە بۆ تورکیا ئەو روونکردنەوەیە بدەین. پەیوەندیی دیکەمان بەردەوامن. پەیوەندیی تەلەفۆنیمان هەیە. وەزیری دەرەوەیان سەردانی ئێرەی کردووە. بەبەردەوامی بەتەلەفۆن لەگەڵ هەندێک لە بەرپرسانی ئەوان قسەدەکەین لەسەر ئەم بابەتانە.
دیسان لێرەوە بەناوی هەرێمی کوردستانەوە، بە حکومەت و گەلی کوردستانەوە، دەمەوێ تەئکید لەوە بکەمەوە کە تورکیا لە ناوچەکەدا هیچ دۆستێکی باشتر لە هەرێمی کوردستانی نییە. ئێمە هیوادارین هیچ هەنگاوێکی وا نەبێتە هۆکاری ئەوەی کە ئەو پەیوەندییەی زۆر زەحمەتمان کێشاوە تا پێکەوە لەگەڵ تورکیا گەیاندوومانەتە ئێرە، تێکبچن. بەدڵنیاییەوە ئەوەی کردوومانە لەبەر ئەو کێشانە بووە کە لەگەڵ بەغدا هەمانە. ئێمە نە ئەمڕۆ و نە لە ئایندەشدا هەڕەشە لە ئاسایشی نیشتمانیی تورکیا دەکەین و نە دەستتێوەردانیش لە کاروباری نێوخۆیی تورکیادا دەکەین. دەمانەوێ هاوسێی باش بین و پەیوەندییەکانمان لەڕووی کۆمەڵایەتی و سیاسی و ئابووری لەگەڵ تورکیا رۆژ بە رۆژ بەرەو باشتر بڕوات.
پرسیار: بەپێی خوێندنەوەی چاودێران و ئەو ئاماژانەی هەن، هەرێمی کوردستان رووبەڕووی چەندین تەحەدی لەلایەن ئێران و تورکیا بووەتەوە، ئەمڕۆ تورکیا دەروازەی سنووری داخستووە، هاوکات وڵاتانی زلهێز ئەو گشتپرسییە رەتدەکەنەوە، وەڵامی ئێوە چییە و چۆن رووبەڕووی ئەو تەحەدیانە دەبنەوە؟
نێچیرڤان بارزانی: سنوورەکان هەتاوەکو ئێستا دانەخراون، سنوور و دەروازەکان کراوەن، بە دڵنیاییەوە گەلێک، میللەتێک کە داوای مافی خۆی دەکات پێشبینی ئەوەش دەکات کێشەشی بۆ بێتە پێش، ئێمە لەوە تێدەگەین، بەڵام ئەوەی لێی تێناگەین ئەوەیە، چۆن ئەو وڵاتانە ئەو مافە بەخۆیان دەدەن گەلی کوردستان لەسەر شتێک سزا بدەن، کە بەڕاستی هەڕەشە نییە بۆسەر هیچ لایەک، نە بۆ ئێران هەڕەشەیە نە بۆ تورکیا هەڕەشەیە، تەنها دەربڕینی رایە.
گەلی کوردستان دەیەوێت لە پرۆسەیەکی دیموکراسی ئازاددا رای خۆی دەرببڕێت، ئەوە بۆ هەڕەشەیە؟ چ هەڕەشەیەک لەسەر ئەو وڵاتانە هەیە، ئێمە نامانەوێت ببینە فاکتەری هەڕەشە بۆ سەر ئەو وڵاتانە.
وڵاتانی دیکەش، وڵاتانی زلهێزی ئەمریکا، ئێمە12 ساڵە هەموو دەرفەتێکمان دایە عێراق بۆ ئەوەی عێراق بە یەکگرتوویی بمێنێتەوە، ئێمە ئەو لایەنە نین کە عێراقمان دابەشکردووە، بەڵکو سیاسەتی هەڵەی بەغدا عێراقی بەمڕۆ گەیاندووە، ئێمە ناتوانین ببینە بەشێک لە سیاسەتێکی شکستخواردو لەسەر ئەو سیاسەتە شکستخواردووەش بەردەوام بین، ئەوەیە مەسەلەی ئێمە، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا تەنها سزادان کێشەکان چارەسەر ناکات، داخستنی فڕۆکەخانەش کێشەکە چارەسەر ناکات، داخستنی سنوورەکانیش کێشەکان چارەسەر ناکات، تەنها و تەنها دانیشتنێکی جددی لەگەڵ بەغدا دەتوانێت کۆتایی بەم کارانە بێنێت.
لە شوێنەکانی دیکەش لە دونیا ئەوە روونە، لەو شوێنانەی سزا لەسەر میللەتان سەپێنراوە هیچ ئەنجامێکی نەبووە، بە پێچەوانەوە ئەو سزایانە، ئەوەی بە حیساب لەلایەن وڵاتانی دراوسێ ئەگەر بکرێت، کە تاوەکو ئێستا هیچ دیار نییە چ لەلایەن تورکیاو چ لەلایەن ئێران، ئەوە دەبێتە هۆکاری ئەوەی ئیرادەی میللەتی ئێمە بەهێزتر بێت و زیاتر یەکگرتوو بین، بە دڵنیاییەوەش دەبێتە هۆکاری ئەوەی بتوانین رووبەڕووی ئەو کێشانە ببینەوە.
پرسیار: ئێستا کە ئێوە وەستاون دوو ئاڵا لە پشتتانەوە هەیە، ئایا سبەی تەنها یەک ئاڵا دەمێنێتەوە، یان دەرفەتێک هەیە بۆ ئەوەی سوود وەربگرن لە ئەزموونی چین، دوو سیستەم و یەک دەوڵەت؟
نێچیرڤان بارزانی: ئەو دوو ئاڵایە وەکو خۆیان دەمێننەوە، پەیامی ئێمە ئەوەیە فەرموون گفتوگۆ دەستپێبکەین، ئێمە بەزۆر بە تووندوتیژی و شەڕ نامانەوێت ئەو ئاڵایە لابدەین(بە ئاماژەدان بۆ ئاڵای عێراق)، بەڵکو دەبێت بە پرۆسەیەکی ئاشتیانە و گفتوگۆ لەگەڵ بەغدا بگەینە ئەو ئەنجامە.
هەرێمی کوردستان ئەوەی دەوێت، هەرێمی کوردستان پرۆسەیەکی جیدی دانوستاندنی لەگەڵ بەغدا دەوێت، سبەش ئێوە ئەو ئاڵایە (ئاڵای عێراق) لێرە دەبینن، هیچ ناگۆڕدرێت، دەکەوینە پرۆسەیەکی دانوستاندن ئەگەر بەغدا هیوادارین ئامادەبێت بۆ ئەوەی ئەو گفتوگۆیانەمان لەگەڵ بکات.
پرسیار: وەڵامتان بۆ رای نەرێنی کۆمەڵگای نێودەوڵەتی چییە، بە لەبەرچاوگرتنی ئەو هەوڵانەی بۆ پێشمەرگە دراون بۆ رووبەڕووبوونەوەی داعش؟
نێچیرڤان بارزانی: ئەمە گوتەیەکی کوردیمان بیر دێنێتەوە، ئێمە 3 ساڵی زۆر سەختمان بەڕێکرد، ئێمە لەسەنگەری پێشەوەی بەرگری بووین دژی گەورەترین و ترسناکترین تیرۆریستانی دونیا کە داعشە، لەم بەرگرییەدا دەوروبەری 1800 شەهید و 10 هەزار بریندارمان داوە، هەرێمی کوردستان پەناگەیەک بووە بۆ نزیکەی ملیۆنێک و 800 هەزار ئاوارەو پەنابەر و کۆچبەری نێوخۆ کە لە سووریا و شوێنەکانی دیکەی عێراق هاتوونەتە هەرێمی کوردستان، هەڵوێستی وڵاتانی دەرەوە ئەوەمان بەبیر دێنێتەوە، کە ئەو قسەیەی زۆرجار دەیگوت جگە لە چیاکان هیچ دۆستێکی دیکەمان نییە، بەڵام دیارە دیسان ئەوە دووبارە دەبێتەوە.
ئێمە زۆر نیگەرانین، گەلی کورد زۆر پێی ناخۆشە، ئێمە هیچمان نەکردووە وەکو هەر میللەتێکی دونیا ویستوومانە ئارەزووی خۆمان بۆ ئاییندە پیشان بدەین، ئێمە تێناگەین ئەو وڵاتانە بۆ وا بەم شێوەیە لە کارەکە دەگەن، چونکە پرۆسەکەمان پرۆسەیەکی دیموکراتییە، پرۆسەیەکە تووندوتیژی و شەڕی تێدانییە، پێکهاتەکانی کوردستان ئەوانەی کوردستانین و لەو وڵاتە دەژین، پێکەوە دەیانەوێت لە پرۆسەیەکی ئازاددا تەنها ئارەزووی خۆیان دەستنیشان بکەن، ئێمە بۆ ئەو مافەمان نەبێت ئەو ئارەزووەمان پیشان بدەین؟
هاوکات هەڵوێستی ئەنجوومەنی ئاسایش و وڵاتانی رۆژئاوا ئێمەی زۆر بێئومێدکردووە، زۆر بەداخەوە بۆ ئەوە.
پرسیار: لە ئەمڕۆوە کوردستان دەچێتە قۆناخێکی تازە، پرۆسەی دەوڵەتداری لەکوردستان قۆناخی تازەی چی دەبێت؟ پێگەی کورد لە نێوەندە نێودەوڵەتییەکان لەڕووی ئابوورییەوە لەکوێ دەبێت؟ ئایا چارەنووسی گرێبەستە نەوتییەکان چیان لێبەسەر دێت؟.
نێچیرڤان بارزانی: قۆناخی دوای ئێستا، قۆناخی دانوستاندن و دانیشتنە، بۆ یەکلاکردنەوەی ئەو کێشانە، بەدڵنیاییەوە ئێمە رامانگەیاندووە کوردستان وڵاتێکی دیموکراتی، فیدراڵی دەبێت، وڵاتێک کە دەیەوێت کە مافی مرۆڤ لەبەرچاو بگرێت، وڵاتێک کە دەیەوێت بە ئاشتی لەناوخۆ لەگەڵ دراوسێیەکانیدا بژیت، ئێمە ئەو وڵاتە پێکدەهێنین.
سەبارەت بەو گرێبەستانەی کردوومانن لەگەڵ هەموو کۆمپانیایەکان هەروەکو خۆی دەمێنێتەوە، هیچ گۆڕانکارییەکی بەسەردا نایێت و بەردەوام دەبین لەو کارانە، دەمەێت تەکیدیش لەسەر ئەوە بکەمەوە ئەو کارانەی ئێمە کردوومانە زۆر بەداخەوە ئەو هەستیاریە گەورەیەی بۆ دروست بوو، دیسانەوە دووبارەی دەکەینەوە، ئەوەی کردوومانە بەس بۆ پێشاندانی ئارەزووی گەلی ئێمەیە.
پرسیار: بۆچوونی ئێوە لەسەر دەنگدانی عومەری سەید عەلی، رێکخەری گشتی بزووتنەوەی گۆڕان.
نێچیرڤان بارزانی: بە دڵنیاییەوە لە تێکۆشەرێک و خەباتکارێکی وەکو کاک عومەری سەید عەلی کە هەموو ژیانی لەپێناو کورد و پرسی کوردیدا بەسەر بردووەو خەباتی کردووەو ماندوو بووە، هەموو کارێکی کردووە لەوە زیاتر من پێموانییە چاوەڕوان بکرێت، هەر ئەوەی لێ پێشبینی دەکرێت، بۆمن شتێکی سوپرایز و نامۆ نییە لەو تێکۆشەرە، کە ئەمڕۆ بێتە سەر سندووقی دەنگدان.
ئەو پرۆسەیەی لە کوردستان بەڕێوەدەچێت، پرۆسەیەک نییە پەیوەندی بە هیچ حیزب و لایەنێکەوە هەبێت، پرۆسەی هیچ لایەنێکی سیاسی نییە، پرۆسەی هەموو ئەو پێکهاتانەیە کە لەم وڵاتە دەژین، پرۆسەی کوردو تورکمان و مەسیحی کلدو ئاشوور و کودانی ئێزدی هەموو ئەو پێکهاتانەیە لە کوردستاندا دەژین، ئەو پرۆسەیە پەیوەندی بە هیچ لایەنێکەوە نییە، من وەکو خۆشم شۆک نیم ئەگەر ئەوەی کردبێت، چونکە لە تێکۆشەرێکی وەکو ئەو هەر ئەوە پێشبینی دەکرێت.
پرسیار: بۆچی گشتپرسی لە کەرکووک و ناوچە جێناکۆکەکان ئەنجام دەدەن؟ چارەنووسی کەرکووک چی لێبەسەر دێت؟ ئایا ئەو ناوچە جێناکۆکانەی لەژێر کۆنترۆڵی پێشمەرگەن، ئەمانە هەمووی دەخرێنە نێو نەخشەی کوردستانی داهاتوو؟ لە کاتێکدا تورکمانەکان نیگەرانن، ئایا پەیامی ئێوە لەوبارەیەوە چییە؟
نێچیرڤان بارزانی: ئەو ناوچانەی دەرەوەی هەرێمی کوردستان، وەکو پێشتریش گوتم هیوادارین بە گفتوگۆ و دانوستاندن لەگەڵ بەغدا یەکلا بکرێتەوە، ئێمە ئیرادەی خۆمان لەسەر هیچ پێکهاتەیەک ناسەپێنین، نە لەسەر عەرەب، نە لەسەر تورکمان و نە لەسەر هیچ پێکهاتەیەکی دیکە، کەرکووک وەکو شاری پێکەوەژیان دەمێنێتەوە، کەرکووک شارێکی کورد و عەرەب و تورکمانە، پێکهاتەکانی لەو شارەدا دەژین ئاییندەی خۆیان دەستنیشان دەکەن، ئەوە بۆچوونی ئێمەیە.
پێشمەرگە ئەو شوێنانەی لە داعش پاراستووە، داگیری نەکردووە، ئەگەر ئەو هیممەوت و هەڵمەتەی پێشمەرگە نەبووایە، دیار نەبوو دۆخی کەرکووکیش وەکو موسڵ دەبوو خراپتریش، بەڵام پێشمەرگە کەرکووکی پاراست، پێشمەرگە لە کەرکووک تەنها کوردی نەپاراستووە، بەڵکو تورکمان و عەرەب و هەموو پێکهاتەکانی دیکەی لە کەرکووک و ئەو شوێنانە پاراستووە، بۆیە بە دڵنیاییەوە جارێکی دیکە پێشمەرگە ئەو رۆڵەی خۆی دەبینێت بۆ پاراستنی هەموو ئەو پێکهاتانە، بە برا تورکمان و عەرەب و هەموو پێکهاتەکانی دیکەی کە لە سنوورەکە دەژین، بە دڵنیاییەوەش پێشمەرگە دەیانپارێزێت. سەبارەت بە مەسەلەی یەکلاکردنەوەی ئەو ناوچانەش، هیوادارین لەگەڵ بەغدا ئەو سنوورانە یەکلا بکرێنەوە.
پرسیار: کوردستان لە ماوەی رابردوودا بە دۆخێکی قورسی ئابووریدا تێپەڕی، ئایا دوای بەڕێوەچوونی گشتپرسی ئابووری کوردستان بەرەو باشتر دەچێت؟ ئایا ئەو پرۆسەیە پێگەیەک بە کوردستان دەدات لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتیدا؟
نێچیرڤان بارزانی: بە دڵنیایەوە ئێمە 3 ساڵە دۆخێکی ئابووری خراپمان هەیە، لە ساڵی 2014 عێراق بودجەی ئێمەی بڕی، تووشی شەڕی داعش بووین، نرخی نەوت دابەزی، ملیۆنێک و 800 هەزار ئاوارە و پەنابەر لە سووریاوە هاتنە کوردستان، بەدڵنیاییەوە ئەوەی ئێستا ئێمە دەیبینین، ئەگەر هەندێک لەو بڕیارانە جێبەجێ بکرێت، ئەوە بەدڵنیاییەوە دۆخی هەرێمی کوردستان باشتر نابێت لەوەی کە ئێستا هەیە، بەڵام ئێمە هیوادارین بە هیچ شێوەیەک نەگاتە ئەو بارگۆیە بە کۆمەڵەی لەسەر میللەتی ئێمە دایدەنێن، ئێمە هیچمان نەکردووە تاوەکو تووشی ئەو سزایانە بینەوە، وەکو هەر میللەتێکی دونیا ئێمە ویستوومانە بە پرۆسەیەکی دیموکراسیدا رای خۆمان بڵێین.
ئێمە لەوە تێدەگەین کە هەرێمی کوردستان پێویستی بە ریفۆرم هەیە، دەستمان پێکردووە، لەگەڵ بانکی نێودەوڵەتی دەستمان بە پرۆسەیەکی رێکوپێک کردووە لە پرسی ریفۆرم، لە مەسەلەی وردبینی لە پرۆسەی نەوت، ئێمە گرنگترین کۆمپانیای نەوتی جیهانیمان هێناوە کە چاودێری و وردبینی لە مەسەلەی نەوت بکات، ئەوەی کە سەرۆکوەزیرانی عێراق باسی دەکات کە ئێمە رۆژانە 900 هەزار بەرمیل هەناردە دەکەین، ئەوە دوورە لە راستی.
من لێرەوە بە جەنابی سەرۆکوەزیران دەڵێم ئەگەر فعلەن و بە جددی دەیەوێت شەفافیەت لەو پرۆسەیەدا ببینێت، ئێمە ئامادەین کۆمپانیای دیلۆیت، خۆشم شەخسی لەگەڵ دەزگا پەیوەندیدارەکان سەردانی بەغدا بکەین و هەموو ئەو شتانەشی بۆ روونبکەینەوە، ئەوەی کە ئەو دەیەوێت بیزانێت، ئێمە هیچ کێشەیەکمان نییە.
پرسیار: سەرەڕای هەبوونی هەڕەشەکان لەنێوخۆی عێراق لەلایەن میلیشیایەکان و دەستوەردانی سەربازی، تا چەند دەست بە داواکارییەکانتانەوە دەگرن لە پرسی سەربەخۆیی، ئەگەر هاتوو هەڵکشانەکان زیاتر بوون؟
نێچیرڤان بارزانی: لە راستیدا هیچ بەڵگەیەک بۆ ئەو هەڕەشانە نابینم، هیچ پێویستیش بەوە ناکات بە زمانە قسە لەگەڵ یەکتر بکەین، بۆ هەڕەشە لەیەک بکەین؟ لەبری هەڕەشە کردن فەرموون با دابنیشین، لە پرۆسەیەکی دانوستاندن ئامادەین گفتوگۆ لەسەر هەموو ئەو بابەتانە بکەین، ئێمە دوژمنێکی هاوبەشمان هەیە، حەشدی شەعبی، سوپای عێراقی، پێشمەرگە، هەموو لایەکمان دوژمنێکی هاوبەشمان هەیە کە ئەویش داعشە، باشترە پێکەوە شەڕی داعش بکەین لەبری ئەوەی لەسەر پرسێک کە بۆ دەربڕینی رای میللەتێکە، هەر هێزێک بیەوێت خۆی تووشی کێشە بکات لەگەڵ هەرێمی کوردستان، ئێمە ئەسڵەن ئەوە بە پێویست نازانین.
سەبارەت بە هەڕەشەکان بەغدا، زۆر بە داخەوە بۆ ئەو قسانەی کە جەنابی سەرۆکوەزیران کردی، من هیوادارم هیچ یەکێک لەوانە نەکەوێتە بواری جێبەجێکردن، چونکە لە زەرەر بۆ هەموو لایەکمان هیچ سوودێکی دیکەی نییە.
مەسەلەی ئیرادەی میللەتی کورد، پرسێکە چ ئەمڕۆ چ لە ئاییندەدا دەبێت زۆر بە جیدی هەڵوەستەی لەسەر بکرێت، ئیرادەی میللەتێک بە هەڕەشە چارەسەر ناکرێت، ئیرادەی میللەتێک بە دروستکردنی سزا لەسەری ناشکێت، هیچ میللەتێکی دونیا و کورد و پێکهاتەکانی دیکە ئیرادەیان بە داخستنی فڕۆکەخانەو سنوورەکان ناشکێت، لای من زۆر سەیرە سەرۆکوەزیرانی عێراق داوای یارمەتی لە وڵاتانی دیکە بکات بۆ ئەوەی گوشار بخاتە سەر میللەتی خۆی، کە تاوەکو ئێستاش کورد لەنێو عێراقدا دەژیت، ئەمە جێگەی پرسیارە، ئەمە سەرسوڕهێنەرە، ئەمە شتێکە کە بەڕاستی لە عێراقی نوێدا هەرگیز پێشبینیمان نەدەکرد، ئەگەر برا عەرەبەکانمان پرسیار لە ئێمە بکەن ئەرێ ئەو ریفراندۆمە بۆ چ بوو، من پێیان دەڵێم بۆ ئەو ئەقڵیەتە کردمان، چونکە ئێمە رێک لەو ئەقڵیەتە دەترسین، لەو ئەقڵیەتە دەترسین کە دەیەوێت هەڵسوکەوت بەو شێوەیە لەگەڵ کورد و پێکهاتەکانی کوردستان بکات.
مەترسی لەسەر عێراق کورد نییە، ئێمە مەترسی نین لەسەر عێراق، بەڵکو ئەو ئەقڵیەتەیە کە عێراق بەڕێوەدەبات، ئەوە مەترسییە لەسەر عێراق.
پرسیار: ئەمڕۆ بە هەمان شێوە گشتپرسی لە کەرکووکیش بەڕێوەدەچێت، لەو ناوچەیە کێشەو گرفت زۆرە، حکوتی عێراق لەدوای ئەنجامدانی گشتپرسی لە کەرکووک هەر هەنگاوێک لە بەرامبەر کەرکووک بگرێتەبەر، ئێوە وەکو حکومەتی هەرێمی کوردستان چ هەڵوێستێک لە بەرامبەر عێراق دەگرنەبەر؟
نێچیرڤان بارزانی: ئێمە هیوادارین نەگاتە ئەوە، ئەگەر بگاتە ئەوە بە دڵنیاییەوە ئێمەش شتی دیکە هەیە کە بیکەین، بەڵام ئێمە هیوادارین هەرگیز نەگاتە ئەوەی کە بیر لەوە بکرێتەوە سزای کەرکووک یان شارەکانی دیکەی کوردستان بدرێت، ئێمە هیوادارین نەگاتە ئەوە.
پرسیار: ئەو لیژنەیەی بڕیارە دانوستاندن لەگەڵ بەغدا بکات، کەی پێکدەهێندرێت و لە کێ پێکدێت، ئایا جیاوازە لەگەڵ ئەو لیژنەیەی بۆ پرسی گشتپرسی سەردانی بەغدای کرد، پلان و بەرنامە و کاری ئەو لیژنەیە چی دەبێت، کە دەیخاتە بەردەم لایەنی عێراقی؟
نێچیرڤان بارزانی: پرۆسەی ریفراندۆم ئەمڕۆ لە هەرێمی کوردستان تەواو دەبێت، جەنابی سەرۆک بارزانی سبەی پەیامێک بڵاودەکاتەوە، دیسانەوە تەئکید لە ئارەزووی هەرێمی کوردستان بۆ دانیشتن و گفتوگۆی جددی لەگەڵ بەغدا دەکات، ئێمە هیوادارین بەغداش وەڵامدانەوەی بۆ پەیام و داوای هەرێمی کوردستان هەبێت بۆ گفتوگۆیەکی جددی.
پرسیار: دوای ئەنجامدانی گشتپرسی ئایا کاتێکی دیاریکراو هەیە بۆ راگەیاندنی سەربەخۆیی؟
نێچیرڤان بارزانی: هەنگاوی یەکەممان نا، هەنگاوەکانی دواتر لە پرۆسەیەکی گفتوگۆ لەگەڵ بەغدا دەمانەوێت بگەینە ئەنجام.
پرسیار: ئایا بەم دواییە هیچ گفتوگۆیەکتان سەبارەت بە گشتپرسی لەگەڵ سەرۆککۆماری تورکیا ئەنجامداوە، هەروەها بۆچوونتان لەسەر ئەو گەمارۆیانەی کە تورکیا باسی دەکات؟
نێچیرڤان بارزانی: ئێمە هیچ پەیوەندییەکی راستەوخۆمان لەگەڵ سەرۆککۆمار نەبووە، بەداخەوە. وەکو خستمەڕوو ماوەی دوو مانگە هەوڵ دەدەم بچم بۆ ئەنقەرە بۆ ئەوەی لە نزیکەوە گفتوگۆ لەسەر ئەو بابەتە بکەین، تاوەکو ئێستا ئەو دەرفەتە رێک نەکەوتووە، بەڵام پەیامی ئێمە بۆ تورکیا دیسانەوە ئەوەیە، ئەو بابەتە بە هیچ شێوەیەک هەڕەشە نییە بۆ سەر تورکیا، بەڵکو پەیوەندی بەو کێشانە هەن کە ئێمە لە عێراقدا لەگەڵ بەغدا هەمانە، نە لە رابردوو، نە ئێستا و نە لە داهاتووش ئێمە نابینە فاکتەرێکی هەڕەشە بۆ تورکیا، هەموو هەوڵێکیش دەدەین لەگەڵ تورکیا قسە بکەین بۆ ئەوەی بگەین بە تەفاهومێکی هاوبەش، ئەوان بەڕاستی تێبگەن لەوەی ئەو کارەی ئێمە کردوومانە بۆ هەڕەشەی تورکیا نییە، بەڵکو لە ئەنجامی بێهیوایی ئێمە لە ماوەی 13 ساڵ لەگەڵ بەغدا ئێمە گەیشتووینەتە ئەو بڕوایە، بە بڕوای من باشترە تورکیا و وڵاتانی دەرەوە پرسیار لە بەغدا بکەن، بۆ ئێوە واتانکرد کە کورد بگاتە ئەو بڕیارە؟ ئەوەیان باشترە، لە هەڕەشەو داخستنی سنوور. باشترین شت ئەوەیە بچن بە بەغدا بڵێن ئەرێ ئێوە بۆ واتانکرد کە کورد بگاتە ئەو بڕیارە؟
کورد لە عێراقدا ئەوەی پێیکرا بۆ یەکێتی عێراق کردی، چ جەنابی سەرۆک تاڵەبانی چ جەنابی سەرۆک بارزانی، هەردووکیان ئەوەی پێیانکرا بۆ یەکێتی عێراق کردیان.
زۆرجار لە عێراق باسی دەستوور دەکرێت، وەک ئەوەی دەستوور بە لایانەوە شتێکی زۆر پیرۆزە، بەڵام با من پێتان بڵێم چۆنە، تەنها ئەو بەشانەی دەستوور جێبەجێ دەکەن، ئەوانەی لە بەرژەوەندی خۆیان بێت، 52 ماددەی دەستووری هەیە عێراق ئەسڵەن باسیشی ناکات کە لە بەرژەوەندی ئەواندا نییە، بەڵام کە ئێمە قسەیەک دەکەین یەکسەر باسی دەستوور دەکەن، ئەی پێشمەرگە بەشێک نییە لە دەستووری عێراق؟ بۆ بۆ حەشدی شەعبی یاسا دەردەکەیت و هەموو یارمەتییەکیشی دەدەیت، بۆ بۆ پێشمەرگە ئامادە نیت هیچ بکەیت؟ بۆ کۆمەڵگای نێودەوڵەتی، IMF، بانکی نێودەوڵەتی، پارە دەدەن بە عێراق، پاڵپشتی بودجەی عێراق دەکات، بەڵام عێراق ئامادە نییە یەک دۆلاریش بە هەرێمی کوردستان بدات. چۆن کۆمەڵگای نێودەوڵەتی ئەو مەرجەی بۆ داناناێت و پێی بڵێت کە من پارەت دەدەمێ حەقە یارمەتی هەرێمی کوردستانیش بدەی، چونکە ئێمەش کێشەمان هەیە.
جەنابی سەرۆکوەزیران دەڵێ ئێمە توانیومانە مووچە بدەین، بەڵام هەرێمی کوردستان نەیتوانیوە، راست دەکات، بەڵام پرسیاری من ئەوەیە ئەوان نزیکەی 80 ملیار دۆلار پارەی یەدەگیان هەبوو، وردە وردە لەو پارەیە خەرجیان کرد و هەتا توانیویانە مووچە بدەن، بانکی نێودەوڵەتی وIMFیش پاڵپشتی بەغدایان کردووە تاوەکو توانیویانە مووچە بدەن.
با بزانین بانکی نێودەوڵەتی وIMF تاچەند یارمەتی هەرێمی کوردستانیان داوە، کەس یارمەتی ئێمەی نەداوە لەو بابەتە، ئەوان لەبەر ئەوەی هەڕەشە لە ئێمە بکەن، دەتانبڕین و دەتانکوژین و سنوورتان لەسەر دادەخەین و فڕۆکە نایێت و بۆریتان لەسەر دادەخەین، زۆر باشترە پرسیار لە بەغدا بکەن بڵێن ئەرێ وەرن بۆ ئەو کوردانە، بۆ ئەو پێکهاتانەی کوردستان لە هەرێمی کوردستان گەیشتنە ئەو بڕوایە ئەوە باشترە نەک هەڕەشەکردن.
پرسیار: دەکرێت ئێوە لە دەوڵەتی کوردستان پەیوەندیتان لەگەڵ هەندێک وڵات هەبێت، لەوانە ئیسرائیل کە ئەویش پەیوەندی لەگەڵ بەشێک لە وڵاتانی عەرەبی هەیە، هەروەها بۆچوونتان لەسەر ئامۆژگاری ماکگۆرک چییە بۆ ئەوەی سەربەخۆیی کوردستان رانەگەیێنن؟
نێچیرڤان بارزانی: ئێمە وەکو کورد، کێشەمان لەگەڵ هیچ میللەتێکی دونیا و هیچ نەتەوە و پێکهاتە و ئایینێک نییە، کوردستان تابلۆی پێکەوەژیانی هەموو ئایین و میللەتان و ئەو خەڵکانە بووە، کە لە کوردستان دەژین، قسەی ئێمە بۆ کۆمەڵگای نێودەوڵەتی ئەوەیە، وەرن یارمەتی ئێمە بدەن لەو پرۆسەیەی دەمانەوێت بە دانوستاندن لەگەڵ بەغدا دەستی پێبکەین، ئەوە یارمەتییە ئەوە باشترین یارمەتییە هەم بۆ بەغداو هەم بۆ ئێمە.
من جارێک پەیوەندی ئێمەو بەغدام بە خاوەن خانوو و کرێچی چوواند، ئێمە وەکو کرێچی واین، نە خاوەن خانوو رازییە نە کرێچیش رازییە، هەردووکمان رازی نین، خۆ دەبێت چارەسەرێک بدۆزینەوە، جا پێموایە ئەمە باشترین لێکدانەوەیە بۆ پەیوەندی نێوان ئێمە و بەغدا.
پرسیار: بەپێی ئەو گفتوگۆیانەی لەگەڵ سەرکردە کوردەکان کردوومانە متمانەیەکی زۆرم بینیوە لەوەی وەڵامدانەوەیەکی جیدی لە وڵاتانی دەوروبەر بۆ گشتپرسییەکە نابێت یان بۆ سەربەخۆیی، ئایا ئەو متمانەیە لە چییەوە سەرچاوەی گرتووە، لەکاتێکدا ئێران دژی ئەو پرۆسەیە و هەڕەشەی داخستنی سنوور دەکات، بەگشتی وڵاتانی دەوروبەر دژی گشتپرسین، ئەو متمانەیەی ئێوە لەسە چ بنەمایەکە؟
نێچیرڤان بارزانی: نازانم لەگەڵ چ بەرپرسێک قسەت کردووە، بەدڵنیاییەوە ئەو ئیشەی ئێمە دەستمان پێکردووە بێ ریسک نییە، ئیرادەی میللەتی ئێمە بۆ ئەوە ئامادەیە، گەورەترین گەرەنتی ئیرادەی میللەتی ئێمەیە، بەڵام بۆ بەو شێوەیە هەڵسوکەوت بکرێت، ئێمە چیمان کردووە؟ پێموایە ئێستا دۆخەکە گۆڕاوە ساڵەکانی شەست و حەفتایەکان نییە، کەس ئاگای لە مەسەلەی کورد نەبێت، ئێستا دونیا گۆڕاوە، باوەڕناکەم ئەوان بتوانن ئەو هەڵسوکەوتە بکەن، کە پێشتر لەگەڵ مەسەلەی کورد دەیانکرد، ئێمە ناشمانەوێت بگاتە ئەو قۆناخە، ئێمە ئەوەی دەمانەوێت پرۆسەیەکی گفتوگۆ و دانوستاندنە، ئیشێکمانکرد میللەتی ئێمە ئیرادەی خۆی پیشاندا بۆ ئەو شتەی دەیەوێت، قۆناخی دووەمی ئێمە نە شەڕە نە تووندوتیژییە، نە دەمانەوێت کێشە بۆ هیچ وڵاتێک دروست بکەین، نە بۆ وڵاتانی دەوروبەرو نە بۆ بەغداش، فەرموون با دابنیشین و گفتوگۆ بکەین، هەر کاتێک ئەوان ئامادەبن ئێمە یەکەسەر دەچین لەسەر ئەو بنەمایە گفتوگۆیان لەگەڵ دەکەین.
پرسیار: چارەنووسی ئاوارەکانی نیشتەجێی هەرێمی کوردستان لە دەوڵەتی داهاتووی کوردستان چی دەبێت؟ چ دڵنیاییەکیش دەدەنە سەرکردەکانی جیهان لەو مەترسیانەی هەیانە؟
نێچیرڤان بارزانی: ئاوارەکان ئەوانەی لێرەن، ئەمە وڵاتی خۆیانە، ئێمە لە ماوەی ئەو سێ ساڵەدا ملیۆنێک و 800 هەزار ئاوارەمان لە شوێنەکانی دیکەی عێراق قبووڵ کردووە، پەیامی ئێمەش بۆ میللەتی خۆمان ئەوەیە دەبێت ئەوپەڕی هەڵسوکەوتی باش لەگەڵ ئەو ئاوارانە بکرێت، کوردستان پەناگەیەک بووە بۆ ئەوان، ئەوان لە ناچاری هاتوون، قسەی من بۆ هەموو هاووڵاتییەکی هەرێمی کوردستان ئەوەیە کە بەوپەڕی رێزەوە دەبێت لەگەڵ ئەو ئاوارانە هەڵسوکەوت بکرێت.
سەبارەت بە پێکهاتەکان، ئێمە دوێنێ لە لیژنەی باڵای ریفراندۆم، پێش ئەوە کۆمیتەیەکمان پێکهێناوە، ئەو کۆمیتەیە لەگەڵ هەموو پێکهاتەکان کە لە کوردستان دەژین دانیشتوون، ئەو خاڵانەی ئەوان داوایانکردووە، پەسندکردنی لەو لیژنەیەی سەرپەرشتی پرۆسەی ریفراندۆم دەکات، بڕیاری کۆدەنگ دراوە کە دەدرێت بە پەرلەمانی کوردستان، ئەو داواکاریانەیان لە دەستووری کوردستان بە دڵنیایەوە جێگیر دەکرێت.
پەیامی ئێمە ئەوەیە، ئێمە کە باسی ئەو بابەتە دەکەین، ئێمە باسی هەرێمی کوردستان دەکەین، بەرپرسیاریەتی ئێمە هەرێمی کوردستانە، دەمانەوێت بەڕاستی بە گفتوگۆ ئەو بابەتە لەگەڵ بەغدا چارەسەر بکەین، بە دڵنیاییەوە دەوڵەتێکی مەدەنی دەبێت، دەیەوێت بە ئاشتی لەنێوخۆ و لەگەڵ جیرانەکانیشدا بژیت.
پرسیار: لەدوای گشتپرسی چی دەبێت، تێڕوانینتان بۆ ئاسۆی دوای گشتپرسی چی دەبێت؟
نێچیرڤان بارزانی: دوای گشتپرسی دەمانەوێت پرۆسەی گفتوگۆ لەگەڵ بەغدا دەستپێبکەین، هیوادارین بەغدا ئامادەبێت بۆ ئەو پرۆسەیە، بەغدا قوڵایی ستراتیژی ئێمەیە، بە قوڵایی ستراتیژیش دەمێنێتەوە، جا ئێمە بۆ هەر لایەک بڕۆین، ئێمە نامانەوێت لەگەڵ بەغدا هیچ کێشەیەکمان هەبێت، دەمانەوێت بە لێکتێگەیشتن لەگەڵ عێراق ئەو کێشەیە چارە بکەین، ئەو پەیوەندیەی لەنێوان کورد و عەرەب هەیە نامانەوێت تێکبچێت، بەڵکو دەمانەوێت ئەو پەیوەندییە وەکو خۆی بمێنێتەوە و کێشەش دروست نەبێت، بەغداش بیر لەوە بکاتەوە با گفتوگۆمان لەگەڵ بکات، ئێمە تەواو کەوتینە قۆناخێکی نوێ، هەڕەشەی زۆر کرا، تازە کارەکە کرا لە سبەینێوە دەکەوینە قۆناخێکی نوێ، ئەو قۆناخە نوێیە، قۆناخی دانوستاندن و دانیشتنە لەسەر مێزی گفتوگۆ، هەڕەشەش پێویست ناکات.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.