Erbil 38°C پێنجشەممە 23 کانوونی دووەم 08:17

سه‌رۆک بارزانی: ئێمه‌ مردن هه‌ڵده‌بژێرین و ناهێڵین که‌رامه‌تمان بشکێ

سه‌رۆك بارزانی: لە پشتەوە خەنجەری ژەهراوی لە پێشمەرگە و كورد درا
کوردستان TV
100%


مه‌سعود بارزانی سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان په‌یامێكی ڤیدیۆیی بڵاوكرده‌وه‌ و تیایدا تیشكی خسته‌ سه‌ر بابه‌تێكی گرنگ به‌تایبه‌تی ناكۆكییه‌كانی نێوان هه‌ولێر و به‌غدا و ڕووبه‌ڕووبوونه‌وه‌كانی هێزی پێشمه‌رگه‌ و حه‌شدی شه‌عبی و سوپای عێراق.

سەرۆك مەسعود بارزانی لە وتارێكی مێژووییدا بۆ گەلی كوردستان و ڕای گشتیی جیهان دووپاتی كردەوە" قەت پێشبینی ئەو خیانەتە گەورەیەی 16ی ئۆكتۆبەر نەدەكرا، كە كەركووك كرا و لە پشتەوە خەنجەری ژەهراوی لە پێشمەرگە و كورد درا.

سه‌رۆك بارزانی رایگەیاند، ئەگەر ئەو خیانەتە نەبوایە، ئێستە دۆخەكە شتێكی تر دەبوو. گوتیشی بەغدا باوەڕی بە مافی كورد نیە.

سه‌رۆك بارزانی رایگه‌یاند،  ئه‌و هه‌ر پێشمه‌رگه‌ بووه‌  كه‌ به‌ررزترین پله‌ش لای ئه‌و پێشمه‌رگه‌بوونه‌. سه‌رۆك بارزانی هاوكات كوردستانیان ژڵنیا ده‌كاته‌وه‌، چونكه‌ دۆزی گه‌لی كوردستان ڕه‌وایه‌، هه‌ر سه‌رده‌كه‌وێ. هاوكات داوایشی له‌ كوردستانیان كرد، ڕێ به‌ هه‌وڵی ناحه‌زان بگرن كه‌ ده‌یانه‌وێ ئیراده‌یان بشكێنن و ده‌بێ یه‌كڕیز بن.

پاش ناردنی په‌یامێك بۆ په‌رله‌مانی كوردستان كه‌ ئه‌مڕۆ یه‌كشه‌ممه‌ له‌ كۆبوونه‌وه‌ی ئاسایی په‌رله‌مانی كوردستاندا خوێنداریه‌وه‌ و تێیدا، ڕه‌تی كرده‌وه‌ واده‌ی پۆستی سه‌رۆكایه‌تیی هه‌رێم درێژ بكرێته‌وه‌ و ئاماده‌یی خۆیشی بۆ خزمه‌تكردنی گه‌ل و ده‌ستكه‌وته‌كانی هه‌رێمی كوردستان دووپات كرده‌وه‌، سه‌عات 8ی ئه‌مشه‌و گوتارێكی ڤیدیۆیی دا.

سه‌رۆك بارزانی له‌ گوتاره‌كه‌یدا رایگه‌یاند، گه‌لی كوردستان داوای مافی خۆی ده‌كات و به‌ ڕێگای ئاشتیانه‌ داوای مافی خۆی كردووه‌، كه‌چی سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ تاوانبار ده‌كرێت. گوتشی كه‌، جارێكی ده‌ركه‌وت كه‌ خه‌ڵكی كوردستان ته‌نیا خۆیانن و چیاكان دۆستیانن.

به‌گه‌ڕانه‌وه‌ بۆ مێژووی زنیك و سه‌ره‌تای دامه‌زرانده‌وه‌ی به‌ ناو عێراقی نوێ، (سه‌رۆك بارزانی) هه‌روه‌ها رایگه‌یاند، ''وامانزانی دوای 2003 ده‌رفه‌تێكی نوێ ڕه‌خساوه‌ تا عێراقێكی دیموكراتی نوێ دابمه‌زرێنین كه‌ هه‌موو لایه‌ك ئه‌رك و مافی خۆی بزانێ، ده‌ستوور نووسرایه‌وه‌ كه‌ هه‌رچه‌نه‌د ده‌ستووری نوێ كه‌موكوڕی هه‌بوو به‌ڵام په‌سند كرا، به‌ڵام دواتر ده‌ركه‌وت كه‌ ده‌ستوور پێشێل ده‌كرێ و لاواز ده‌كرێ تا به‌ره‌و نه‌مان چوو، عێراقیش كه‌وته‌وه‌ ده‌ست یه‌ك لایه‌ لایه‌ن. 

سه‌رباری ئه‌وه‌ زۆر هه‌وڵمان دا بگه‌ڕێینه‌وه‌ بۆ ده‌ستوور و ڕێككه‌وتنه‌كانی نێوانمان، به‌ڵام كه‌ڵكی نه‌بووه‌.. له‌گه‌ڵ هاوپه‌یمانیی نێستیمانیدا زۆر باسمان كرد كه‌ دۆخه‌كه‌ مه‌ترسیداره‌ و به‌م شێوه‌یه‌ ڕه‌نگه‌ خوێن بڕژێ، گوتمان كه‌ ناتوانین هاوبه‌شی راستینه‌ بین، با دراوسێی باش بین، ئه‌وكات هه‌ڵوێستی باشیان نیشان دا، كه‌چی ئێستا به‌ سواری تانكه‌وه‌ شه‌ڕی كوردستانیان ده‌كه‌ن.''

سه‌رۆك بارزانی وه‌بیر كوردستانیانی هێنایه‌وه‌ كه‌، له‌ 3ی ته‌مووزی 2014ه‌وه‌ داوای له‌ په‌رله‌مانی كوردستان كردووه‌ كۆمسیۆنی هه‌ڵبژاردن و ڕاپرسی، یاسایه‌كی بۆ ده‌ربكرێ، كه‌ وه‌ك سه‌رۆك گوتی، ئه‌وكات ده‌یانگوت كورد یه‌ك نین و ڕای جیایان هه‌یه‌، به‌ڵام له‌وكاته‌وه‌ كار بۆ ڕاپرسی كراوه‌، په‌رله‌مان دواتر بڕیاری دامه‌زراندنی كۆمسیۆنی دا، به‌ڵام به‌ هۆی ئه‌وه‌وه‌ كه‌ شه‌ڕی داعش له‌سه‌ر كوردستان فه‌رز كرا و به‌ به‌رگریی له‌ هه‌رێمی كوردستان سه‌رقاڵ بوون، بابه‌ته‌كه‌ دواخرا.

سه‌رۆك بارزانی ئاماژه‌یشی دا به‌وه‌ی كه‌، گرفتی سه‌ره‌كی ده‌سته‌ڵاتدارانی به‌غدا له‌ مامه‌ڵه‌ له‌گه‌ڵ كوردستانیان، تازه‌ نییه‌، پێوه‌ندی به‌ داوای ره‌وای گه‌لی كوردستانه‌وه‌ نییه‌ بۆ سه‌ربه‌خۆیی ''ئێمه‌ گوتمان سه‌رباری راپرسی به‌ گفتوگۆ كێشه‌كانمان چاره‌ بكه‌ین، به‌ڵام دواتر دژایه‌تی و شه‌ڕمان بینی، ڕێك پێچه‌وانه‌ی هه‌ڵوێستی جارانیان.. خۆ كه‌ مه‌به‌ستمان بایه‌ راسته‌وخۆ سه‌ربه‌خۆیی رابگه‌یێنین، ئه‌وكاته‌ ده‌مانكرد كه‌ عێراق له‌ شه‌ڕی داعش و دۆخی ئه‌منیی زۆر خراپدا بوو، وێڕای ئه‌وه‌ ده‌ركه‌وت ئه‌وان ئه‌قڵیه‌تیان ئه‌وه‌یه‌ بڕوایان به‌ مافه‌كانی گه‌لی كوردستان نه‌بێ.''

سه‌رۆك بارزانی جه‌ختی كرده‌وه‌ ''ئه‌وه‌ی ده‌یبینین به‌رنامه‌ بۆداڕێژراوه‌ و ڕاپرسییان كرد به‌ بیانوو، ده‌مێكیشه‌ هێماكانی نیه‌تخراپییان ده‌ركه‌وتووه‌.''

ئه‌و ڕه‌خنه‌یشی له‌ وڵاتانی جیهان گرت و گوتی ''به‌ داخه‌وه‌ له‌ كاتی پێویستدا وڵاتان گه‌ڕانه‌وه‌ بۆ به‌رژه‌وه‌ندیی خۆیان و مه‌بادئیان بیر چووه‌وه‌، ڕێك پێچه‌وانه‌ی هه‌ڵوێستی پێشوویان كه‌ وایان نیشان ده‌دا، له‌ ه‌برگری له‌ مرۆڤایه‌تی و شكاندنی داعش، پادداشتی پێشمه‌رگه‌ و خوێنی شه‌هیدان بده‌نه‌وه‌، بۆ به‌غدایش هه‌مان شێوه‌، به‌ڵام به‌ داخه‌وه‌ بینیمان له‌وكاته‌وه‌ به‌رنامه‌یان وابووه‌، كه‌ڵك له‌و دۆخه‌ ببینن و تا گه‌یشته‌ شه‌ڕی حه‌ویجه‌ تا له‌وێ هێز كۆ بكه‌نه‌وه‌ و په‌لاماری كه‌ركووك بكه‌ن.''

ئاماژه‌ سه‌روبه‌ندی هه‌نگاوه‌كانی ئه‌نجامدانی راپرسی، سه‌رۆك بارزانی هه‌روه‌ها ده‌ڵێ، ''پێشتر گوتمان ده‌بێ پێشبینی گوشاری زۆر بكه‌ین، چونكه‌ ئازادی و سه‌ربه‌خۆیی باجی ده‌وێ، به‌ڵام ئه‌وه‌ی پێشبینی نه‌ده‌كرا و به‌ خه‌یاڵماندا نه‌ده‌هات، ئه‌وه‌بوو له‌ شه‌وی 15-16 ئه‌و خیانه‌ته‌ نه‌ته‌وه‌یی و نشتیمانییه‌ بوو كه‌ كه‌ركووك ڕاده‌ست كرا و له‌ پشته‌وه‌ خه‌نجه‌ر له‌ كوردستان درا.''

ئاماژه‌ش به‌وه‌ی كه‌ ئه‌و خیانه‌ته‌ نه‌بایه‌ دۆخه‌كه‌ شێوه‌یه‌كی دیكه‌ ده‌بوو، سه‌رۆك بارزانی ڕایگه‌یاند، ''پێشتر پلانمان هه‌بوو كه‌ چۆن به‌رگری له‌ كه‌ركووك ده‌كرێ و ده‌مانزانی كه‌ هه‌وڵێك بۆ له‌باربردنی دۆخی كوردستان له‌ ئارادا بێ. به‌ڵئم خیانەتێکی گەورە لە شەوی 15 لەسەر 16ی ئۆکتۆبەر کرا، ئەوەی هەرگیز پێشبینیمان نەدەکرد و بە خەیاڵیشماندا نەدەهات؛ ئەو خیانەتە نیشتمانییە گەورەیە بوو کە لە کەرکووک ئەنجام درا، لە پشتەوە خەنجەری ژەهراوی لە پێشمەرگە و هەموو خەڵکی کوردستان درا".

هاوكات ڕایگه‌یاند، ''دەنگی سێ ملیۆن کەس بۆ سەربەخۆیی بە کەس ناسڕدرێتەوە.''

ڕاشكاوانه‌ش ڕه‌خنه‌ی له‌ هه‌ڵوێستی ئه‌مه‌ریكا به‌رانبه‌ر به‌ ئه‌م دۆخه‌ گرت و سه‌رۆك بارزانی گوتی''ئه‌وه‌ی ئه‌مه‌ریكا به‌ تیرۆریست ناویان ده‌با و وا به‌ سواری تانكی ئه‌برامز دێنه‌ سه‌ر كوردستان، ئێستا پرسیار ئه‌وه‌یه‌ و ده‌بێ ئه‌مه‌ریكا له‌و پلانه‌ ئاگادار بووبێ، پلانێك كه‌ ده‌یه‌وێ ئه‌نفال و جینۆسایدی دی به‌سه‌ر كوردستاندا بێننه‌وه‌؟.''

سه‌رۆك بارزانی گوتیشى، ''زۆر هه‌وڵمان دا شه‌ڕ نه‌بێ و هه‌ر له‌به‌ر ئه‌وه‌، پێشمه‌رگه‌ له‌ هه‌ندێ شوێن پاشه‌كشه‌ی كرد تا خوێن نه‌ڕژێ، به‌ڵام هێزه‌كانی حه‌شد هه‌ر ده‌هاتنه‌ پێش و ده‌یانه‌ویست هه‌موو جێیه‌ك بگرن، ناچار پێشمه‌رگه‌ به‌رگریی كرد، له‌ هه‌ر كوێیش پێشمه‌رگه‌ به‌رگری كردبێ، حه‌شدی شه‌عبی و هێزه‌كانی دی نه‌یانتوانیوه‌ بێنه‌ پێشه‌وه‌.''

سه‌رۆك بارزانی چه‌ندباره‌ ڕووی قسه‌كانی ئاراسه‌تی به‌غدا كرد و ڕایگه‌یاند، ''كه‌ ئه‌وان باسی جێبه‌جێكردنی ده‌ستوور ده‌كه‌ن، باشه‌ با نیشانمان بده‌ن له‌ كوێی ده‌ستوور باس له‌ هێرشكاری بۆ سه‌ر كوردستان كراوه‌، كه‌ ئه‌گه‌ر مه‌به‌ستیان شكاندنی شكۆ و هه‌یبه‌تی كوردستان نه‌بێ.''

هاوكات گوتی ''به‌ بریاربه‌ده‌ستانی به‌غدا ده‌ڵێین، ئه‌گه‌ر ده‌تانه‌وێ چاره‌ی كێشه‌كان بكه‌ن، فه‌رموون ئێمه‌ ئاماده‌ین، به‌ڵام كه‌ مه‌به‌ستتان شكاندنی هه‌رێم و گه‌لی كوردستان  و خۆفه‌رزكردنه‌، پێتان ده‌ڵێین هه‌زاران ڕۆڵه‌ی ئه‌م گه‌له‌ به‌رگری ده‌كه‌ن و مردن هه‌ڵده‌بژێرین و ناهێڵین شكۆمان بشكێندرێ، ئه‌گه‌ریش به‌ حه‌شدی شه‌عبی ده‌تانه‌وێ ناسنامه‌ی ناوچه‌ كوردستانییه‌كانی ده‌ره‌وه‌ی ئیداره‌ی هه‌رێمی كوردستان بشێوێنن، خه‌یاڵتان خاوه‌.''

جه‌ختیشی كرده‌وه‌، ''ئێمه‌ له‌گه‌ڵ نه‌ته‌وه‌كانی ناوچه‌كه‌ براین، نابێ سیاسه‌تی حكوومه‌ته‌كان برایه‌تیمان تێك بدات و گرفت بۆ پێوه‌ندیمان دروست بكات.''

جارێكی دی شه‌ڕی ئه‌م دواییه‌ی هێنایه‌وه‌ به‌ر باس و گوتی ''پێشمه‌رگه‌ زۆر هه‌وڵی دا شه‌ڕ ڕوو نه‌دا، به‌ڵام زێده‌ڕۆیی حه‌شد وایكرد خوێنكێكی زۆر بڕژێ، سپاس بۆ پێشمه‌رگه‌ كه‌ داستانی گه‌وره‌یان تۆمار كرد.''

سه‌رۆك بارزانی له‌ كتایی په‌یامه‌كه‌یدا پاتی كرده‌وه‌، ''من هه‌ر پێشمه‌رگه‌ و مه‌سعوود بازانیم، به‌ررزترین پله‌یش لای من پێشه‌مه‌رگبوونه‌.''

هه‌روه‌ها ڕووی په‌یامی سه‌رۆك له‌ جه‌ماوه‌ری كوردستان بوو و گوتی ''دڵنایاتان ده‌كه‌مه‌وه‌ من له‌گه‌ڵتان ده‌بم و پێشمه‌رگه‌ ده‌مێنمه‌وه‌ و سه‌ركه‌وتنیش بۆ ئێمه‌ ده‌بێ.
داوایش له‌ كوردستانیان ده‌كه‌م یه‌كڕیز بن و ئیراده‌یان به‌هێز بێ، چونكه‌ ناحه‌زان له‌ هه‌وڵی شكاندنی ئیراده‌ی كوردستان ده‌كات. دڵنیام كوردستانیان هه‌ر سه‌رده‌كه‌ون چونكه‌ دۆزه‌كه‌یان ڕه‌وایه‌.''


 

کوردستان

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.