Erbil 38°C چوارشەممە 25 کانونی یەکەم 09:35

کێ‌ تاجه‌که‌ له‌سه‌ر ده‌نێت.. تاڵه‌بانییه‌کان چاویان له‌میراتییه‌که‌ی‌ مام جه‌لاله‌

ڕاپۆرتێكی پێگه‌ی نیقاش له‌و باره‌یه‌وه‌ بخوێنه‌وه‌
کوردستان TV
#7
100%

 

هونەر حەمەرەشید

وه‌ك چۆن نه‌خۆشی‌و كۆچی‌ دوایی جه‌لال تاڵه‌بانی‌ سكرتێری‌ گشتی‌ یه‌كێتی‌ نیشتمانی‌ كوردستان به‌خێر بۆ حیزبه‌كه‌ی‌ نه‌شكایه‌وه‌، ئه‌وهاش كورسییه‌كه‌ی‌ كێشه‌یه‌كی‌ تری‌ بۆ یه‌كێتی‌ دروستكردووه‌.

 

كۆچی‌ دوایی جه‌لال تاڵه‌بانی‌ به‌شێوه‌یه‌ك كاریگه‌ری‌ له‌سه‌ر یه‌كێتی‌ نیشتمانی‌ داناوه‌، ئه‌و حیزبه‌ دوای‌ چه‌ندین هه‌وڵ ناتوانێت كۆبوونه‌وه‌یه‌كی‌ سه‌ركردایه‌تی‌ ئه‌نجامبدات‌و ئه‌گه‌ر كۆبوونه‌وه‌كه‌ش بكه‌ن، ئه‌وه‌ به‌بێ‌ ئه‌نجام كۆتایی دێت‌و له‌سه‌ر هیچ پرسێك یه‌كلانابنه‌وه‌.

KTV

تاڵه‌بانی‌ كه‌ له‌كۆتایی‌ 2012 نه‌خۆش كه‌وت‌و دوای‌ پێنج ساڵ له‌تشرینی‌ یه‌كه‌می‌ 2017 كۆچی‌ دوایی‌ كرد، هیچ كه‌س نه‌بوو به‌قه‌د ئه‌و له‌ئیداره‌دانی‌ حیزبه‌كه‌یدا شاره‌زا بێت، هه‌ر ئه‌وه‌نده‌ی‌ گۆڕه‌پانه‌كه‌شی‌ چۆڵكرد یه‌كێتی‌ به‌جۆرێك بارودۆخی‌ تێكچووه‌، كه‌ سه‌رپێ كه‌وتنه‌وه‌ی‌ زه‌حمه‌ت بووه‌.

 

سه‌عدی‌ پیره‌، وته‌بێژی‌ یه‌كێتی‌ نایشارێته‌وه‌، چ نه‌خۆشكه‌وتنی‌‌و چ كۆچی‌ دوایی تاڵه‌بانی‌ كێشه‌ی‌ گه‌وره‌ی‌ بۆ دروستكردوون، به‌شێوه‌یه‌ك ئێستا دۆخی‌ حیزبه‌كه‌ی‌ به‌ "ماڵی‌ بێ‌ باوك وه‌سف ده‌كات".

 

سه‌عدی‌ پیره‌ بۆ "نیقاش" وتی‌  "ئه‌و كێشانه‌ به‌هۆی‌ نه‌بوونی‌ تاڵه‌بانییه‌وه‌ دروستبووه‌، به‌شێوه‌یه‌ك جێگرێكی‌ له‌یه‌كێتی‌ جیابووه‌ته‌وه‌ (به‌رهه‌م ساڵح له‌حیزبه‌كه‌ی‌ هاتووه‌ته‌ ده‌ره‌وه‌و هاوپه‌یمانی‌ بۆ دیموكراسی‌‌و دادپه‌روه‌ری‌ پێكهێناوه‌)، هه‌روه‌ها ئه‌گه‌ری‌ جیابوونه‌وه‌ی‌ تریش هه‌یه‌".

KTV

كێشه‌كانی‌ یه‌كێتی‌

كێشه‌كانی‌ یه‌كێتی‌ سه‌رچاوه‌یان زۆرن‌و له‌ئه‌نجامی‌ جیاوازی‌ بۆچوونی‌ به‌رپرسه‌كانی‌ له‌سه‌ر ئیداره‌دان‌و سیاسه‌تكردنی‌ حیزبه‌كه‌یان دروستبووه‌و ئێستا گه‌یشتووه‌ته‌ ئاستێك ئه‌نجوومه‌نی‌ سه‌ركردایه‌تی‌ بڕیاری‌ هه‌ڵوه‌شانه‌وه‌ی‌ مه‌كته‌بی‌ سیاسی‌ حیزبه‌كه‌یان داوه‌و ئه‌ندامانی‌ مه‌كته‌بی‌ سیاسیش ئه‌وه‌ ره‌تده‌كه‌نه‌وه‌.

 

ئه‌نجوومه‌نی‌ سه‌ركردایه‌تی‌ یه‌كێتی‌ زیاتر له‌كۆبوونه‌وه‌یه‌ك ده‌كات، ئه‌وه‌ش ته‌نیا بۆ هه‌ڵبژاردنی‌ ده‌سته‌ی‌ به‌رێوه‌بردنی‌ نوێی‌ یه‌كێتی‌‌و دیاریكردنی‌ رۆژی‌ كۆنگره‌، به‌ڵام نه‌ ده‌سته‌كه‌ی‌ پێهه‌ڵده‌بژێرێت، نه‌ رۆژی‌ كۆنگره‌شی‌ پێ یه‌كلاده‌كرێته‌وه‌.

 

 

یه‌كێتی‌ له‌دامه‌زراندنییه‌وه‌ (ساڵی‌ 1975)، تائێستا سێ‌ كۆنگره‌ی‌ به‌ستووه‌و ده‌بوو له‌ساڵی‌ 2014 كۆنگره‌ی‌ چواره‌می‌ ببه‌ستێت، به‌ڵام كێشه‌ ناوخۆییه‌كانی‌ رێگربوون له‌به‌ستنی‌ كۆنگره‌و ئێستاش مانگی‌ ئازار پێشنیازكراوه‌ بۆ به‌ستنی‌ كۆنگره‌كه‌، به‌ڵام به‌دوور ده‌زانرێت له‌و مانگه‌دا كۆنگره‌ ببه‌سرێت.

KTV

فه‌رید ئه‌سه‌سه‌رد ئه‌ندامی‌ سه‌ركردایه‌تی‌ یه‌كێتی‌ بۆ "نیقاش" ده‌ڵێت "كێشه‌ی‌ گه‌وره‌ی‌ یه‌كێتی‌ نه‌به‌ستی‌ كۆنگره‌ی‌ چواره‌مییه‌تی‌، كه‌ ئه‌گه‌ر له‌كاتی‌ خۆی‌ كۆنگره‌ی‌ ببه‌ستایه‌، ئه‌وه‌ كێشه‌كان نه‌گه‌یشت به‌م ئاسته‌".

 

فه‌رید ئه‌سه‌سه‌رد به‌دووریشی‌ ده‌زانێت، یه‌كێتی‌ به‌م دۆخه‌وه‌ كۆنگره‌ ببه‌ستێت، ده‌شڵێت: "ئه‌گه‌ر كۆنگره‌ش ببه‌ستێت، نابێته‌ هۆی‌ چاره‌سه‌ری‌ كێشه‌كان، چونكه‌ به‌راده‌یه‌ك قووڵبووه‌ته‌وه‌، گه‌یشتنه‌ چاره‌سه‌ر ئه‌سته‌م ده‌بێت".

KTV

میراتییه‌كه‌ی‌ تاڵه‌بانی‌

جه‌لال تاڵه‌بانی‌ هه‌ر نه‌خۆشییه‌كه‌ی‌‌و كۆچی‌ دواییه‌كه‌ی‌ نابێته‌ كێشه‌ بۆ یه‌كێتی‌، به‌ڵكو ناكۆكی‌ گه‌وره‌ له‌سه‌ر كورسییه‌كه‌ی‌ ده‌بێت.

 

یه‌كێتی‌ یه‌كێكه‌ له‌حیزبه‌ ده‌سه‌ڵاتداره‌كانی‌ هه‌رێمی‌ كوردستان، به‌هۆی‌ ده‌سه‌ڵاتیشه‌وه‌، ئه‌و حیزبه‌ خاوه‌نی‌ سه‌رمایه‌كی‌ گه‌وره‌یه‌و ناوچه‌ جێنفوزی‌ خۆی‌ هه‌یه‌و خاوه‌نی‌ ده‌یان كۆمپانیای‌ بازرگانی‌‌و وه‌به‌رهێنانه‌ له‌هه‌رێمی‌ كوردستان‌و عێراق.

 

جگه‌ له‌مانه‌ش، یه‌كێتی‌ خاوه‌نی‌ ده‌یان پۆستی‌ حكومییه‌ له‌هه‌رێمی‌ كوردستان‌و عێراقدا، ئه‌مه‌ جگه‌ له‌ده‌یان پۆستیش له‌ناوخۆی‌ حیزبه‌كه‌ كه‌ ده‌كرێت به‌میراتییه‌كه‌ی‌ تاڵه‌بانی‌ ناوببرێت.

 

یه‌كه‌م ناكۆكی‌ له‌سه‌ر شوێنی‌ تاڵه‌بانی، بۆ پۆستی‌ سه‌رۆك كۆماری‌ عێراق بوو، ناوبراو تا كاتی‌ نه‌خۆشكه‌تنی‌ ئه‌و پۆسته‌ی‌ لابوو، به‌ڵام له‌ساڵی‌ 2014 ململانێیه‌كی‌ توند له‌ناوخۆی‌ یه‌كێتی‌ كرا، بۆ یه‌كلاكردنه‌وه‌ی‌ ئه‌و پۆسته‌.

 

ئه‌وكات ململانێكه‌ له‌به‌رژه‌وه‌ندی‌ فوئاد مه‌عسوم كۆتایی‌ هات ئه‌وه‌ش به‌پشتوانی‌ خانه‌واده‌ی‌ تاڵه‌بانی‌، به‌ڵام ئه‌و یه‌كلابووه‌نه‌وه‌یه‌ بووه‌ سه‌ره‌تای‌ ته‌قینه‌وه‌ی‌ كێشه‌كانی‌ یه‌كێتی‌، تا ئه‌وه‌ی‌ به‌جیابوونه‌وه‌ی‌ به‌رهه‌م ساڵح كۆتایی هات، چونكه‌ ناوبراو یه‌كێك بوو له‌كاندیده‌كان، به‌ڵام نه‌یتوانی‌ به‌ده‌ستیبهێنێت.

KTV

ئێستاش جگه‌ له‌و پۆسته‌ ده‌یان پۆستی‌ تر له‌ناوخۆی‌ یه‌كێتی‌ هه‌یه‌ كه‌ ئه‌ندامانی‌ سه‌ركردایه‌تی‌ یه‌كێتی‌ كێبڕكێی‌ ده‌كه‌ن، ره‌نگه‌ كۆنگره‌ به‌شێك له‌و پۆستانه‌ یه‌كلابكاته‌وه‌، به‌ڵام ئه‌وه‌ی‌ جێگه‌ی‌ سه‌رنجه‌ بنه‌ماڵه‌ی‌ تاڵه‌بانی‌ چاویان له‌سه‌ر ئه‌و پۆستانه‌یه‌و ململانێی‌ توندیشی‌ له‌سه‌ر ده‌كه‌ن.

 

له‌ئێستاوه‌ روونه‌ له‌ناو سه‌ركردایه‌تی‌ داهاتووی‌ یه‌كێتیدا ماڵی‌ تاڵه‌بانی‌ ده‌ست رۆیشتوو ده‌بن، قوباد تاڵه‌بانی‌‌و پافڵ تاڵه‌بانی‌ (كوڕانی‌ تاڵه‌بانی‌) هێرۆ ئیبراهیم ئه‌حمه‌د (هاوسه‌ری‌ تاڵه‌بانی‌)، شاناز ئیبراهیم ئه‌حمه‌د (خوشكی‌ هاوسه‌ره‌كه‌ی‌ تاڵه‌بانی‌)، لاهور شێخ جه‌نگی‌‌و ئاراس شێخ جه‌نگی‌ (برازاكانی‌ تاڵه‌بانی‌)، له‌تیف ره‌شید، محه‌مه‌د سابیرو بێگه‌رد تاڵه‌یانی‌‌و ئاڵا تاڵه‌بانی‌، (كه‌سانی‌ سه‌ر به‌بنه‌ماڵه‌ی‌ تاڵه‌بانی) له‌دیاترین ناوه‌كانی‌ داهاتووی‌ یه‌كێتی‌ ده‌بن.

 

پۆسته‌ هه‌ستیاره‌كه‌

پۆستی‌ سكرتێری‌ گشتی‌ یه‌كێتی‌ له‌سه‌ره‌تای‌ دورستبوونی‌ ئه‌و حیزبه‌وه‌ لای‌ مام جه‌لال ماوه‌، باڵاترین پۆسته‌ له‌ناو یه‌كێتیدا.

 

هه‌رچه‌نده‌ به‌‌پێی هه‌مواری په‌یڕه‌وی ناوخۆی یه‌كێتی، كه‌ ئه‌نجوومه‌نی ناوه‌ندی یه‌كێتی ئاماده‌یكردووه‌و بڕیاره‌ له‌كۆنگره‌ یه‌كلابكرێته‌وه‌، پۆستی سكرتێری گشتی‌‌و مه‌كته‌بی سیاسی نامێنێت.

 

هه‌ر به‌پێی‌ په‌یڕه‌وه‌ ئاماده‌كراوه‌كه‌، له‌جیاتی‌ پۆستی‌ سكرتێری‌ گشتی‌، بڕیاره‌ سێ كه‌س ئه‌و حیزبه‌ به‌ڕێوه‌ببه‌ن، ده‌سه‌ڵاته‌كانی سكرتێری گشتی-یان پێبدرێت‌و هه‌ردوو ئه‌نجوومه‌نی سه‌ركردایه‌تی‌و ناوه‌ندی ئێستاش نامێنێت‌و ئه‌نجوومه‌نی گشتی سه‌ركردایه‌تی‌و ده‌سته‌ی دانایان دروستده‌كرێت.

KTV

له‌تیف نێروه‌یی، وته‌بێژی ئه‌نجوومه‌نی ناوه‌ندی یه‌كێتی كه‌ ئاگاداری‌ ئاماده‌كردنی‌ هه‌مواری‌ په‌یڕه‌وی‌ ناوخۆیی حیزبه‌كه‌یه‌تی‌، له‌باره‌ی‌ ورده‌كاری‌ په‌یڕه‌وه‌كه‌وه‌ به‌ "نیقاش"ی‌ وت: "ده‌سته‌یه‌كی‌ باڵا كه‌ له‌سێ‌ كه‌س پێكدێت ده‌بنه‌ شوێنگره‌وه‌ی‌ سكرتێرو ده‌سه‌ڵاته‌كانی‌ سكرتێر به‌سه‌ریاندا دابه‌شده‌كرێت، كه‌ هه‌ر یه‌كێكیان سه‌رپه‌رشتی سێ ناوه‌ند ده‌كه‌ن، ئه‌وانیش دابه‌شی‌ نۆ ناوه‌ند‌و ستوون ده‌بن، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ش كۆمیته‌‌و مه‌ڵبه‌نده‌كان نامێنن‌و له‌جێی ئه‌وان سه‌ركردایه‌تی ده‌ڤه‌ر دروستده‌كرێت، هه‌ندێك ناوچه‌ش وه‌ك پارێزگا سه‌ركرده‌یه‌ك به‌رپرسی‌ ده‌بێت".

 

هه‌روه‌ها په‌یڕه‌وه‌ نوێیه‌كه‌، سه‌ركردایه‌تی‌ یه‌كێتی‌ بۆ 121 كه‌س زیادده‌كرێت، كه‌ ئێستا 41 كه‌سه‌، سه‌ركردایه‌تییه‌ نوێیه‌كه‌ش هه‌ر پارێزگایه‌ك له‌دوا هه‌ڵبژاردندا له‌‌سه‌دا چه‌ندی‌ ده‌نگی‌ یه‌كێتی‌ بهێنێت، له‌‌سه‌دا ئه‌وه‌نده‌ پشكیان له‌ناو سه‌ركردایه‌تییه‌كه‌ ده‌بێت.

 

هه‌رچه‌نده‌ به‌پێی‌ په‌یڕه‌وی‌ ئاماده‌كراوی‌ ناوخۆی‌ یه‌كێتی‌ پۆستی‌ سكرتێر نامێنێت، به‌ڵام پێش ئه‌نجامدانی‌ كۆنگره‌، ململانێیه‌كی‌ توند له‌سه‌ر ئه‌و پۆسته‌ هه‌یه‌، چ بۆ نه‌مانی‌، چ بۆ ئه‌وه‌ی‌ ئه‌گه‌ر مایه‌وه‌ كێ‌ ده‌بێته‌ خاوه‌نی‌ ئه‌و پۆسته‌.

 

فه‌رید ئه‌سه‌سه‌رد بۆ "نیقاش" ده‌ڵێت: "پۆسته‌ باڵاكانی‌ یه‌كێتی‌ زۆرترین مشتومڕیان له‌سه‌ره‌و له‌داهاتووش مشتومڕه‌كان زیاتر ده‌بن، به‌پۆستی‌ سكرتێری‌ گشتی-شه‌وه‌".

 

ئه‌سه‌سه‌رد ده‌شڵێت: "ئه‌وه‌ یه‌كلانه‌بووه‌ته‌وه‌ پۆستی‌ سكرتێری‌ گشتی‌ یه‌كێتی‌ نامێنێت، به‌ڵام گفتوگۆی‌ له‌باره‌ی‌ ده‌كرێت‌و به‌دڵنیایی له‌ئه‌گه‌ری‌ مانه‌وه‌ی‌ چه‌ند كه‌سێك ململانێی‌ له‌سه‌ر ده‌كه‌ن، ره‌نگه‌ ململانێكه‌ش تووند بێت".

 

بازه‌كه‌ له‌سه‌ر شانی‌ كامیان ده‌نیشێته‌وه‌.. قوباد یان پافڵ؟

قوبادو پافڵ، دوو كوڕی‌ جه‌لال تاڵه‌بانین، ئه‌وان ئێستا زۆرترین چانسیان هه‌یه‌، كه‌ ببنه‌ میراتگری‌ باوكیان له‌ناو یه‌كێتی‌.

KTV

پافڵ، دوو ساڵ به‌ر له‌دامه‌زراندنی یه‌كێتی له‌دایك بووه‌و ئیستا ته‌مه‌نی 45 ساڵه‌، كوڕه‌ گه‌وره‌ی جه‌لال تاڵه‌بانی سكرتێری كۆچكردووه‌، ئه‌و ساڵانێكی‌ زۆر له‌سه‌ر شانۆی سیاسی‌ یه‌كێتی‌ ونبوو، به‌تایبه‌تی‌ پێش نه‌خۆشكه‌وتنی‌ باوكی‌، ئه‌و دوای ڕاپه‌ڕین له‌زانكۆی ئۆكسفۆردی‌ به‌ریتانی‌ سه‌رقاڵی خوێندن بووه‌، یه‌كه‌م ده‌ركه‌وتنی ڕاسته‌قینه‌شی‌ هه‌وڵه‌كانی‌ بوو بۆ دروستكردنی‌ ده‌زگای دژه‌تیرۆری یه‌كێتی‌ له‌پێش پرۆسه‌ی‌ ئازادی‌ عێراق له‌لایه‌ن ئه‌مریكاو دوای‌ دووركه‌وتنه‌وه‌ی‌ تاڵه‌بانیش به‌هۆی‌ نه‌خۆشییه‌وه‌، ده‌رفه‌تی‌ ده‌ركه‌وتنی‌ زیاتر بوو.

 

پافڵ ئێستا پۆستی‌ ده‌زگای دژایه‌تی تیرۆری‌ له‌ناو یه‌كێتی‌ هه‌یه‌و ئه‌گه‌ر سه‌یرێكی‌ په‌ڕه‌ تایبه‌تییه‌كانی‌ له‌تۆڕه‌ كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كان بكه‌یت، رۆژانه‌ زۆربه‌ی‌ ئه‌و شاندانه‌ی‌ بۆ كۆبوونه‌وه‌ له‌گه‌ڵ یه‌كێتی‌ سه‌ردانی‌ سلێمانی‌ ده‌كه‌ن، ئه‌و پێشوازییان لێده‌كات.

 

قوباد كوڕی دووه‌می تاڵه‌بانییه‌و له‌ساڵی‌ 1977 له‌دایكبووه‌و به‌شی زۆری ژیانی له‌ده‌ره‌وه‌ به‌تایبه‌ت له‌به‌ریتانیاو ئه‌مریكا به‌سه‌ر بردووه‌و له‌وڵاتی‌ به‌ریتانیا لای باپیری - ئیبراهیم ئه‌حمه‌د- له‌له‌نده‌ن ده‌ژیا.

 

كاتێك به‌رهه‌م ساڵح نوێنه‌ری یه‌كێتی بووه‌ له‌ئه‌مریكا، قوباد تاڵه‌بانی وه‌ك یاریده‌ده‌ری كاریكردووه‌ ساڵی 2003 گه‌ڕاوه‌ته‌وه‌ هه‌رێمی كوردستان‌و به‌ به‌رپرسیاری‌ رێكخه‌ری په‌یوه‌ندی نێوان یه‌كێتی‌و سوپای ئه‌مریكا ده‌ستی‌ به‌كاركرد.

 

دواتر ساڵی‌ 2004 قوباد تاڵه‌بانی گه‌ڕایه‌وه‌ ئه‌مریكاو له‌وێ بووه‌ به‌نوێنه‌ری یه‌كێتی له‌واشنتۆن، ساڵی 2006 یش دوای یه‌كخستنه‌وه‌ی ئیداره‌ی هه‌ولێرو سلێمانی بوو به‌نوێنه‌ری حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان له‌ ئه‌مریكا.

KTV

قوباد تاڵه‌بانی‌ ئێستا باڵاترین پۆستی‌ یه‌كێتی‌ له‌ناو حكومه‌ت لایه‌ كه‌ پۆستی‌ جێگری‌ سه‌رۆكی‌ حكومه‌ته‌، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ی‌ هیچ پۆستێكی حیزبی له‌ناو یه‌كێتیدا نییه‌، به‌ڵام دوای نه‌خۆشكه‌وتنی تاڵه‌بانی وه‌ك كاره‌كته‌رێكی سیاسی كاریگه‌ری‌ ناو حیزبه‌كه‌ی‌ ده‌ركه‌وت.

 

ئه‌وه‌ی‌ ئێستا بووه‌ته‌ جێگه‌ی‌ پرسیار، ئه‌وه‌یه‌ كام له‌كوڕه‌كانی‌ تاڵه‌بانی‌ ده‌بنه‌ میراتگری‌ راسته‌قینه‌ی‌ مام جه‌لال، له‌كاتێكدا هه‌ریه‌كێكیان ده‌رفه‌ت‌و چانسێكیان بۆ وه‌رگرتنی‌ ئه‌و پۆسته‌ هه‌یه‌.

 

هه‌ریه‌ك له‌م دوو كاراكته‌ره‌ خاڵی‌ به‌هێزو لاوازی‌ خۆیان هه‌یه‌ له‌ناو یه‌كێتی‌، به‌ڵام نازانرێت دواتر بازه‌كه‌ له‌سه‌ر شانی‌ كامیان ده‌نیشێته‌وه‌.

 

قادر عه‌زیز ئه‌ندامی‌ مه‌كته‌بی‌ سیاسی‌ یه‌كێتی به‌"نیقاش"ی‌ وت "هه‌ركه‌سێك كه‌ مه‌رجه‌كانی‌ خۆكاندیدكردنی‌ بۆ هه‌ر پۆستێك هه‌بێت، مافی‌ خۆیه‌تی‌ له‌ناو یه‌كێتی‌ بۆ هه‌ر پۆستێك خۆی‌ كاندید بكات، "هه‌ڵبه‌ت كوڕه‌كانی‌ تاڵه‌بانیش هه‌مان مافیان وه‌ك هه‌ر كادرێكی‌ تری‌ یه‌كێتی‌ هه‌یه‌".

 

ده‌شڵێت: "قوباد تاڵه‌بانی‌‌و پافڵ تاڵه‌بانی‌ هه‌ریه‌كه‌یان ده‌رفه‌تی‌ ئه‌وه‌یان هه‌یه‌ ببنه‌ كه‌سی‌ یه‌كێتی‌، به‌ڵام ئه‌و پرسه‌ له‌كۆنگره‌ی‌ داهاتوو یه‌كلاده‌بنه‌وه‌، ئه‌گه‌ر كۆنگره‌كه‌ بكرێت".

 

له‌ناو هه‌موو ئه‌م ململانێیانه‌ش كه‌سێك هه‌یه‌ كه‌ نابێت له‌به‌رچاو نه‌گیرێت، ئه‌ویش كۆسره‌ت ره‌سوڵ جێگری‌ سكرتێری‌ گشتی‌ یه‌كێتییه‌ كه‌ به‌پێی‌ په‌یڕه‌وی‌ ئه‌و حیزبه‌ ئێستا له‌شوێنی‌ تاڵه‌بانییه‌.

KTV

ماوه‌یه‌كه‌ نه‌خۆشی‌ ته‌نگی‌ به‌كۆسره‌ت ره‌سوڵ هه‌ڵچنییه‌وه‌، دوور نییه‌ به‌و هۆیه‌وه‌ كه‌مێك خۆی‌ له‌یه‌كێتی‌ دوور بخاته‌وه‌، به‌ڵام بۆ ئاینده‌ی‌ نزیكی‌ یه‌كێتی‌ رۆڵی‌ گه‌وره‌ی‌ ده‌بێت له‌یه‌كلاكردنه‌وه‌ی‌ ململانێكان.

 

كۆسره‌ت ره‌سوڵ ئه‌گه‌ر خۆیشی‌ له‌سیاسه‌ت دوور بكه‌وێته‌وه‌ ئه‌وا دوو كوڕه‌كه‌ی‌ ئاماده‌ن (شاڵاو، ده‌رباز – یه‌كێكیان سه‌ركردایه‌تی‌ یه‌كێتی‌‌و ئه‌ویتریان وه‌زیری‌ ئاوه‌دانكردنه‌وه‌یه‌)، بۆیه‌ ره‌نگه‌ پشتگیری‌ ئه‌و لایه‌نه‌ بكات كه‌ زۆرترین ده‌رفه‌ت ده‌ده‌ن به‌كوڕه‌كانی‌.

نیقاش

دیدی رۆژنامه

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.