Erbil 38°C ھەینی 20 ئەیلوول 15:47

نەوەی ھونەرمەند (فەرید ئەتڕەش) بوێری و قارەمانێیەتی کورد وای لێکردم بە عەشقەوە جلی کوردی بپۆشم!

ھەولێر شاری شارستانیەت و ھونەر و جوانیە
کوردستان TV
100%

ئا/ جەمال جەباری

یەکێک لە ھونەرمەندە ھەرە بەرچاوەکانی نێو بواری دەرھێنان و درامای سووریا، (موزانە ئەتڕەش)ـە، کە ساڵانێکە لە بواری دەرھێناندا خزمەت بە ھونەری سینەما دەکات، ھاوکات یەکێکە لە کچە میدیاکارە بە سەلیقەکانی وڵاتەکەی دا، ڕۆژانەش 5 پڕۆگرامی تەلەڤزیۆنی لە بارەی ھونەر و دنیای ڕاگەیاندن پێشکەش دەکات.

موزانە بەڕەچەڵەک سوورییە و نەوەی ھونەرمەندی گەورە (فەرید ئەتڕەش)ـە، لەو دیمانەیەیشدا ئاماژە بۆ گەورەیی بواری ھونەر و خۆشەویستی خۆی بۆ بواری دەرھێنان دەکات و لە بارەی سەردانەکەشی بۆ پایتەختی کوردستان دەڵێت: سرووشت و جوانیە دڵڕفێنەکەی ھەولێر ھەرگیز لە یاد و یادەوەریی مندا ون نابێت، خۆشەویستی خەڵکی ئەو شارەشم قەد بیر ناچێتەوە، کە ھێندە عاشقن بە ھونەر و ڕێزگرتن لە ھونەری ئێمەدا.

  • چ یادەوەریییەکت لە میانی سەردانەکەت بۆ ھەولێر تۆمارکرد؟

بەر لەوەی بێمە کوردستان و بە چاوی خۆم ئاوەدانی و سەقامگیری پایتەختی کوردستان ببینم زۆرم لەو بارەیەوە خوێندبۆوە، بەڵام ئەوەی کە منی تووشی شۆک کرد ڕێزگرتن و خۆشەویستی ئەو خەڵکە ھونەردۆستەی کوردستان بوو، کە ھەرگیز لە یاد و یادەوەرییەکانی مندا ون نابێت، بە جۆرێک لە ماوەی مانەوەم لە ھەولێر، عەشقێکی گەورەم بەدی کرد بۆ ھونەری کوردی و ھونەری ئێمە، وەک ئەوەی بینیم خەڵکی ئەو شارە بە تامەزرۆییەوە لە ڕابردوو ڕوانیوویانەتە ھونەری ئێمە، بەتایبەتی بەرھەمە کۆنەکانی سووریا، لە یەکەمین دیداری نێودەوڵەتی ئەنیمێشنیش بە چاوی خۆم ھەموو ئەو جوانیانەم بینی، کە لە دوورەوە گوێبیست دەبووم، بۆیە پێناسەی من بۆ ھەولێرئەوەیە، کە ھەولێر شاری شارستانیەت و ھونەر و جوانیە.

  • ھونەری فەرید ئەتڕەش چ ڕەنگدانەوەیەکی لەسەر ژیانی تۆ ھەیە؟

بێگومان نەک تەنیا من، بگرە تەواوی خانەوادەکەمان لە ھونەریی ئەوەوە فێری ئەلف و بێ موزیک و گۆرانی و کاری دەرھێنان بووین، ھەر ئەویش بوو دەرگاکانی بۆ ئێمە کردەوە، کە بە زنجیرە خۆمان بخزێنینە نێو دنیای بێگەردی ھونەرەوە، ئەوەتانێ من و (محەمەد ئەدیب) وەک نەوەیەکی ئەو زاتە ڕێچکەی ئەومان گرتووە و دەمانەوێت لە ڕێگەی بەرھەمە ھونەرییەکانمانەوە ناوی ئەو کەڵە ھونەرمەندە بە زیندوویی بھێڵینەوە، ھەرچەندە ئەو لە مێژووی ھونەری عەرەبدا ھەرگیز ون نابێت، چونکە شاکارەکانی ڕابردووی بوونەتە پێگەیەک بۆ ناساندنی ھونەر لە وڵاتەکەمان و سۆزی عودەکەی ئەویش لە گوێچگەی ھەموواندا دەزرینگێتەوە.

  • بۆچی دنیای دەرھێنانت ھەڵبژارد؟

لام وایە، لەو بوارەدا تواناکانی خۆم بینیووەتەوە، بەجۆرێک کە عەشقی گەورەم بۆ بوارەکە وای لێکردم کە دنیای سینەما و دراما لە سووریا لەسەر دەستی من نوێگەرییەک بەخۆیەوە ببینێ، چونکە بڕوام وایە، ئێمەی گەنج دەتوانین داھێنان لەو بوارە بکەین و ڕۆژانە بیرۆکەی نوێ دابڕێژین بۆ سەرکەوتنی سینەمای ئەو وڵاتە، ئەگەرچی ئێستا بە بارودۆخێکی سەخت تێدەپەڕێ بەھۆی جەنگ و پەلاماردانی وڵاتان و قەیرانی سەختی ناوچەکە، بەڵام پێموایە نابێ ھەرگیز لەژێر ھیچ فشارێکدا ھونەر لە پایەکانی خۆی بکەوێت.

  • چی لە عودەکەی فەرید فێربووی؟

وەک ئاماژەم بۆ کرد، سۆز و چریکەی بولبوولی عودەکەی ھونەرمەندی گەورە (فەرید ئەتڕەش)، لە گوێچکەی ھەموواندا دەزرینگێتەوە، ھەمیشەش بە تامەزرۆییەوە پەنجە لەسەر ۆتەری عودەکەم دادەنێم و بە ھێمنی پارچە موزیکێک بۆ خاڵی بوونەوەی ڕۆحم دەژەنم، کە ھەست و ئارامیەکی زۆرم پێدەبەخشێت و بەرەو دنیای ئەفسوناوی موزیکم دەبات، کە ژیان لە بەرچاوی ھەمووان جوانتر دەکات.

  • ئەی چی وا لێکردی ببیت بە پێشکەشکار لە کاتێدا تۆ دەرھێنەری سینەماییت؟

کاری ڕاگەیاندن حەز و ئاواتێکی منداڵیم بوو، تەنانەت شەوان خەونم بەو ڕۆژانەوە دەبینی، کە ڕۆژگار ڕێگەم بدات، بە پڕۆگرامێکی تەلەڤزیۆنی خزمەت بە بواری ھونەر بکەم، سوپاس بۆ خوا کە ئەو خەونەم ھاتەدی و نەک پڕۆگرامێک، بەڵکو ئێستا خاوەنی 5 پڕۆگرامی ڕۆژانەم، کە تایبەتن بە داھێنانی ھونەری و جمووجۆڵە ھونەرییەکانی سووریا، ھاوکات پڕۆگرامێکی بەیانیانم ھەیە بۆ خستنە ڕووی نوێترین ڕووداوی ڕۆژ لە کەناڵێکی وڵاتەکەم، ماوەی 15 ساڵیشە لە نێو میدیادا ڕۆڵێکی کاریگەر دەبینم لە پێشکەش کردنی پڕۆگرام و ناساندنی ھونەری سووریا بە گەلانی جیھان.

  • مەرجە دەرھێنەر لە ڕێگەی ئاکادیمیاوە دەست بۆ کاری دەرھێنان ببات؟

وەڵامی ئەو پرسیارە لە دوو ڕوانگەوە دەدرێتەوە، جارێکیان وەک ئەوەی پێویستیەکە کە دەرھێنەر لە ڕێگەی ئەکادیمیاوە شارەزای خۆی و پسپۆری خۆی بەکاربھێنێت بۆ داھێنان لە بوارەکە، ھەندێ جاریش ئەزموون ڕۆڵ دەبینێت لە سەرکەوتنی دەرھێنەردا، بەو پێیەی تەمەنێکی بە کاری نواندن و دەرھێنان بەخشیووە، وەک خۆشم بە زەروورەتێکی دەزانم، کە ھونەرمەند دەبێت لە ڕێگەی زانستەوە کاری دەرھێنان پێشکەش بکات، وەک ئەوەی من لە ڕێگەی فێرگە زانستیەکانەوە توانیم دەست بۆ کاری دەرھێنان ببەم.

  • دەگوترێت جگە لە کاری دەرھێنان و کاری میدیایی سەرگەرمی کارێکی بازرگانی ئەوەیان تا چەند ڕاستە؟

بەڵێ، من و (ئەدیب) کۆمپانیایەکی ھونەری بەڕێودەبەین و کاریشمان تایبەتە بە بواری ئەنیمێشن، چونکە ھونەرێکی نوێیە و خواستێکی زۆری لەسەر لەلایەن ھونەرمەندانی بواری دەرھێنانەوە و زۆربەی قوتابیانی بەشی سینەماش دەیانەوێ لەو ھونەرە تێبگەن و تواناکانیان لەو بوارە تاقی بکەنەوە.

  • لە ھیچ بەرھەمێکی سینەمایی دا ڕۆڵت بینیووە؟

نەخێر، چونکە کاری من دەرھێنانە، بەڵام ھەندێک جار حەزەکانم باڵاتر دەبن بۆ بواری نواندن، ئەگەرچی تا ئێستا بەشداریم لە ھیچ کارێکی درامی و سینەمایی دا نەکردووە، بەڵام ئەگەر بەرھەمێک سیناریۆکەیم بەدڵ بێت و ڕۆڵەکە لەگەڵ کەسایەتی مندا بگونجێت، بێگومان قبووڵی دەکەم و ڕۆڵەکە بەرجەستە دەکەم.

  • چی وای لێکردی بە جلی کوردییەوە دەرکەویت؟

  • Ktv

قارەمانێتی و بوێری خەڵکی کوردستان وای لێکردم، بە عەشقەوە جلی کوردی بپۆشم، ھاوکات خۆشەویستی و وەفاداری خەڵکی ھەولێر منی تووشی شۆک کرد و بەڵێنیش دەدەم، کە ھەرگیز ئەو وەفایە جوانە لە ھزری مندا نەسڕێتەوە و بەردەوامیش لە ھەوڵدابم بۆ دروستکردنی پردی پێوەندی ھونەری لە نێوان سینەمای ھەولێر و وڵاتەکەمدا، نەک تەنیا لە بواری سینەما، بەڵکو لە بوارەکانی دیکەشدا پێوەندییەکی پتەو دروست دەکەم تا بتوانین ھونەری ھەردوولا تێکەڵ بە یەکتر بکەین.

كوردستان تیڤی/ كامران

میدیا هه‌ڤپه‌یڤین ئه‌ده‌ب و رۆشنبیری سینه‌ما

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.