Erbil 38°C شەممە 11 کانوونی دووەم 13:30

بەرپرسی لقی 12ـی پارتی: هه‌رێمی کوردستانیش ڕه‌خنه‌ی له‌و ده‌ستوره‌ی ئێستا هه‌یه‌و چه‌ند پرسێکی گرنگ هه‌یه‌ پێویسته‌ له‌ ده‌ستوور روونتر یه‌کلایی بکرێته‌وه‌

"هەمواری دەستوور پێویستی بە كەشێكی گونجاو هەیە"
کوردستان TV
100%

لە هەرێمی كوردستان كۆبوونەوەكانی لێژنەی هەمواركردنەوەی دەستووری عێراق بەردەوامن و تا ئێستا پێنج كۆبوونەوەی راوێژكاری ئەنجام دراوە بۆ دانانی نەخشەڕێگایەك تا بزاندرێت بە چ شێوەیەك دەست بە هەمواركردنەوەی دەستوور بكرێت، وە ئەو ماددانەش دیاری بكرێن كە هەموار دەكرێنەوە.

بەسام عەلی، بەرپرسی لقی 12ـی پارتی دیموكراتی كوردستان لە هەڵەبجە و شڕۆڤەكاری سیاسی، بۆ كوردستان تیڤی ئاماژە بەوە دەكات: "بارودۆخی ئێستای عێراق ناسه‌قامگیره‌ و بۆ هه‌موارکردنه‌وه‌ی ده‌ستوور نەگونجاوە، چونكە هەمواری دەستوور پێویستی بە كەشێكی گونجاو هەیە بۆ ئەوەی هه‌مواره‌که‌ له‌ خزمه‌تی وڵات و سه‌رجه‌م پێکهاته‌کاندا بێت".

ناوبراو دەشڵێت: سه‌رکردایه‌تی سیاسی کوردستان به‌ ڕوونی ڕایگه‌یاندووە، دژی پێکهێنانی لیژنه‌که‌ نین و گه‌ر بێت و هه‌مواری ده‌ستوور له‌ خزمه‌تی هاوڵاتیانی هه‌رێمی کوردستان و عێراقدا بێت کارێکی زۆر باشه‌، به‌ڵام گه‌ر بێت و بۆ که‌مکردنه‌وه‌ی مافه‌ سیاسی و ئابوورییه‌کانی هه‌رێمی کوردستان بێت، ئه‌وا قبوڵ کراو نابێت.

 

لەبەرانبەر گۆڕینی سیستمی پەرلەمانی بۆ سەرۆكایەتی، بەرپرسی لقی 12 دەڵێت:  به‌ دڵنیاییه‌وه‌ بۆ وڵاتێکی فره‌ پێکهاته‌ی وه‌ک عێراق، سیستمی په‌ڕله‌مانی باشترین سیستمی حوکمڕانییه‌، له‌م سیستمه‌دا کابینه‌ی حکوومه‌ت له‌ په‌ڕله‌مان متمانه‌ی پێ ده‌به‌خشرێت و ته‌واوی ده‌سه‌ڵاتی ڕاپه‌ڕاندن ملکه‌چه‌ بۆ لێپرسینه‌وه‌ی په‌ڕله‌مانی. گه‌ر بێت و سیستمی حوکمڕانی بگۆڕدرێت بۆ سه‌رۆکایه‌تی ته‌واو، ئه‌و کات سه‌رۆک ڕاسته‌وخۆ له‌ لایه‌ن گه‌له‌وه‌ هه‌ڵده‌بژێردرێت و خۆی کابینه‌یه‌کی وه‌زاری بۆ خۆی داده‌نێت، له‌م کاته‌شدا شیعه‌کانی عێراق که‌ زۆرینه‌ی دانیشتووان پێکده‌هێنن، به‌رده‌وام سه‌رۆک داده‌نێن و سه‌رۆکیش کابینه‌یه‌کی وه‌زاری به‌سه‌رجه‌م وه‌زیره‌کانه‌وه‌ بۆ خۆی دیاری ده‌کات و به‌ هۆکاری ئه‌وه‌ی له‌ په‌ڕله‌مان متمانه‌یان پێ نادرێت پێویستیان به‌ ڕه‌زامه‌ندی په‌ڕله‌مانی نییه‌، هه‌ر بۆیه‌ سه‌رجه‌م پێکهاته‌کانی تر له‌ ده‌سه‌ڵاتی ڕاپه‌ڕاندن بێ به‌ش ده‌بن، له‌ هه‌مان کاتدا وه‌زیره‌کان به‌رامبه‌ر سه‌رۆک به‌رپرسیار ده‌بن نه‌ک به‌رامبه‌ر په‌ڕله‌مان، هه‌ر بۆیه‌ گۆڕینی سیستمی حوکمڕانی له‌ په‌ڕله‌مانییه‌وه‌ بۆ سه‌رۆکایه‌تی، ته‌نها له‌ به‌رژه‌وه‌ندی پێکهاته‌ی شیعه‌دایه‌.

 

سەبارەت بە هەمواركردنەوەی خاڵەكانی دەستووری هەمیشەیی عێراق، لە ئەگەری دەستبردن بۆ مافە سیاسییەكانی هەرێمی كوردستان ئەو شڕۆڤەكارە سیاسییە دەڵێت:  تا ئێستا ئه‌و خاڵانه‌ی لیژنه‌ی هه‌مواری ده‌ستوری ئاماده‌ی کردووه‌، هیچ خاڵێکیان ده‌ستبردن نه‌بووه‌ بۆ ئه‌و ماددانه‌ی کیانی هه‌رێمی کوردستان و مافه‌ سیاسی و ئابوورییه‌کانی هه‌رێمی کوردستانی تێدا چه‌سپێنراوه‌. مه‌رج نییه‌ هه‌موواری ده‌ستور هه‌مووی به‌ زیان بشکێته‌وه‌، به‌ هۆکاری ئه‌وه‌ی هه‌رێمی کوردستانیش ڕه‌خنه‌ی له‌و ده‌ستوره‌ی ئێستا هه‌یه‌و چه‌ند پرسێکی گرنگ هه‌یه‌ پێویسته‌ له‌ ده‌ستوور روونتر یه‌کلابکرێته‌وه‌.

ئەو شڕۆڤەكارە رامیارییە دڵنیایی دەداتە هاووڵاتییانی هەرێمی كوردستان كە لە ئەگەری دەستبردن بۆ مافە سیاسیی و داراییەكانی هەرێمی كوردستان لە دەستووردا، مافی ڤیتۆ لەبەرانبەر ئەگەرەكان بەكار دەهێندرێت و دەڵێت: هاووڵاتییانی کوردستان له‌ ریفراندۆمی سه‌ربه‌خۆیی کوردستاندا به‌شدارییه‌کی گه‌وره‌یان کرد، له‌ کاتێکدا هه‌ندێک لایه‌ن کاریان له‌سه‌ر ئه‌وه‌ کرد هاوڵاتیان به‌شدار نه‌بن. وە هەروەها له‌ کاتێکدا پرسێکی نیشتمانی دیته‌ پێشه‌وه‌، سه‌رجه‌م ناکۆکییه‌ ناوخۆییه‌کان وه‌لا ده‌نرێن، هه‌ربۆیه‌ به‌ دڵنیاییەوە ئەگەرهه‌مواری ده‌ستوره‌که‌ له‌ خزمه‌تی پرۆسه‌ی سیاسی کوردستان و هاوڵاتیانی کوردستاندا نه‌بێت ئه‌وا ڤیتۆ ده‌کرێت له‌ لایه‌ن سێ پارێزگاوه‌.

 

سەبارەت بە لێكنزیكبوونەوەی هەرێمی كوردستان و بەغدا، بەسام عەلی گووتی: بێگومان گرنگی و بایەخی زۆری هەیە، چونكە دوای ئاڵۆزیەكانی عێراق سه‌ردانیکردنی ڕێزداران سه‌رۆکی هه‌رێمی کوردستان و سه‌رۆکی حکومەتی هه‌رێمی کوردستان بۆ به‌غداد، گرنگییه‌کی زۆری بۆ هه‌رێمی کوردستان و عێراق هه‌بووە و هەیە‌، به‌رهه‌می ئه‌و سه‌ردانانه‌یه‌، له‌ ئێستادا ڕێکه‌وتننامه‌ سه‌باره‌ت به‌ پرۆژه‌ی بودجه‌ی عێراق، له‌ نێوان هه‌رێم و به‌غداد ده‌کرێت. جگە لەوەش سه‌رکردایه‌تی کوردستان به‌ ڕوونی ڕایگه‌یاندووه‌ له‌گه‌ڵ ئارامی و سه‌قامگیری عێراقن و پێویسته‌ گیانی خۆپیشانده‌ران بپارێزرێن و گۆڕانکارییه‌کان به‌ ڕێوشوێنی یاسایی و ده‌ستوری ئه‌نجام بدرێن.

 

بەسام عەلی، كە بڕوانامەی ماستەری لە زانستە سیاسییەكاندا هەیە دەڵێت: لە ئێستادا سه‌رۆک وه‌زیرانی عێراق ده‌ستی له‌کار کێشاوه‌ته‌وه‌، پێویسته‌ سه‌رۆک کۆمار کوتله‌ی زۆرینه‌ی په‌ڕله‌مانی ڕابسپێرێت تا کاندیدی سه‌رۆک وه‌زیران دیاری بکه‌ن تا له‌ په‌ڕله‌مان متمانه‌ی پێ ببه‌خشرێت، ئەمەش تا ئه‌و کاته‌ی سه‌رۆک وه‌زیرانی نوێ ده‌ستبه‌کار ده‌بێت، کابینه‌ی ئێستا، حکوومه‌تی کاربه‌ڕێکه‌ر ده‌بێت. دوای دیاریکردنی کاندیدی کوتله‌ی زۆرینه‌ی په‌ڕله‌مانی، لایه‌نی کوردستانی گفتوگۆی خۆیان له‌گه‌ڵ کاندیدی سه‌رۆک وه‌زیران ده‌که‌ن، بۆ ئه‌مه‌ش پێویستیمان به‌ یه‌کڕیزی نێو ماڵی کوردستان هه‌یه‌. هەروەها جه‌نابی سه‌رۆک بارزانی له‌ دوا په‌یامیدا فه‌رمووی، پێویسته‌ هه‌ر گۆڕانکارییه‌ک ببێت مافی سه‌رجه‌م پێکهاته‌کان بپارێزرێت.

 

كەریم سمكۆ

میدیا هه‌ڤپه‌یڤین سياسی

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.