Erbil 38°C ھەینی 27 ئەیلوول 18:28

سوکایه‌تیکردن به‌ مێرمنداڵێک لە عێراق کاردانه‌وه‌ى توندى لێکه‌وته‌وه‌

كازمى و وه‌زاره‌تى ناوخۆ له‌سه‌ر ئه‌و رووداوه‌ هاتنه‌ سه‌ر خه‌ت
کوردستان TV
100%

بڵاوبوونەوەی ڤیدیۆی ئەشکەنجەدانی مێرمنداڵێک لە عێراق لەلایەن چەند کەسێکه‌وه‌ کە جلی سەربازیان له‌به‌ردابوو، لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا هەرای نایه‌وه‌و كاردانه‌وه‌ى توندى لێكه‌وتوووته‌وه‌.

هێرشکردنە سەر منداڵێک لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە لە بەغدا بەدڕندەترین شێوە و سووکایەتیکردن و ئەتککردنی لە ڤیدیۆیەکدا تۆمارکراوە، لەوەتەی بڵاوبوونەوەی ڤیدیۆکەش تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانی عێراقی ئه‌و ڤیدیۆیه‌یان بلاوكردووته‌وه‌.

منداڵێکی بێ باوک، کە دیارە لە خێزانێکی هەژارە، لە گرتەیەکی ڤیدیۆییدا دەردەکەوێت، کاتێک کۆمەڵێک سه‌ربازى ئه‌منى دەوریان لێداوە، ئەتکی دەکەن و بەزۆرى واى لێ ده‌كه‌ن قسە بە دایکی خۆى بڵێت.

منداڵەکە ناوی محەمەدە، بەرووتی لەژێر پێلاوى هێزەکانی ئه‌منیدایه‌، بەڵام کەسیان بەزەییان پێیدا نایەتەوە، لەکاتی سووکایەتیپێکردن و قسەپێگوتن و ئەتککردنی، خۆشیان ڤیدیۆی منداله‌كه‌ تۆماردەکەن.

محەمەد بە ترسەوە قسە بۆ هێزە ئەمنییەکان دەکات و وەڵامی پرسیارە یەک لەدوای یەکەکانیان دەداتەوەو دەڵێت "باوکم کۆچی دوایی کردووە و دایکم لە ماڵەوەیە، بەڵام یەکێکیان پرسیاری ئەخلاقی لە بارەی دایکی منداڵەکە دەکات و ناچاری ده‌كه‌ن قسه‌ى به‌دره‌وشتى به‌ دایكى بلێت.

له‌م باره‌وه‌ وەزارەتی ناوخۆی عێراق بەیاننامەیەکی لە بارەی رووداوەکە بڵاوکردووەتەوە و رایگه‌یاند" ئەو کەسەی لە گرتە ڤیدیۆییەکەدا دەردەکەوێت، بەپێی ماددەی 446 لەلایەن بەڕێوەبەرایەتیی بەرەنگاربوونەوەی تاوان لە بەغدا، لە 15-5-2020 بە تاوانی دزینی ماتۆڕسکیلێک راگیراوە، رووداوەکەش 20 رۆژ پێش دەستگیرکردنی روویداوە".

وەزارەتی ناوخۆ وتیشى" وتە لە کەسی سکاڵاکار وەرگیراوە، کە داوای سکاڵای کردووە لە دژی ئەوانەی ئەو کارە قێزەون و نائەخلاقی و ناپیشەییەیان ئەنجامداوە".

ئەو کەسانەی تاوانەکەیان ئەنجامداوە، بەپێی راگەیەندراوەکەی وەزارەتی ناوخۆ ناسنامەیان ئاشکرا کراوە و تیمەکان دەستیان بە رێوشوێنەکانی دەستگیرکردن و دەستبەسەرکردنیان کردووە، بەڵام لەنێو راگەیەندراوەکەدا رووننەکراوەتەوە تەنیا ئەوانەی ئەتکی دەکەن، ئەشکەنجەی دەدەن و وایلێدەکەن بە زۆر قسەی نائەخلاقی له‌هه‌مبه‌ر دایكى خۆى بکات.

میدیاکانی عێراق گرتە ڤیدیۆیه‌كه‌یان بڵاوکردەوە، کە تیایدا دەردەکەوێت هێزە ئەمنییەکان بەدڕندەترین شێوە سوکایەتی بە منداڵه‌كه‌ دەکەن و بەزۆر ناچاری دەکەن قسەی نەشیاو بەرامبەر بە دایکی بکات، هاوکات وەزارەتی ناوخۆی عێراقیش رایگەیاند، ئەو منداڵە لە 15-5-2020 بەتاوانی دزینی ماتۆڕسکیلێک راگیراوە، رووداوەکەش 20 رۆژ پێش دەستگیرکردنی روویداوە.

منداڵەکە كه‌ ناوی محەممەدە و هەموو جلەکانی لەبەردا داکەنراوە و لەلایەن ژمارەیەک چەکداری هێزی ئەمنییەوە سوکایەتی پێدەکرێت و لە هەمان کاتدا گرتەی ڤیدیۆیی تۆماردەکەن.

محەممەد بە رووتی لەبەردەم چەکدارەکاندا خۆی کز کردوە و بە ترسەوە وەڵامیان دەداتەوە و دەڵێت، "باوکم کۆچی دوایی کردوە و دایکم لە ماڵەوەیە و دواتر ناچارى ده‌كه‌ن ووشه‌ى ناشیاو له‌هه‌مبه‌ر دایكى بكات.

هاوکات وەزارەتی ناوخۆی عێراق لە راگەیەندراوێکدا بڵاویکردەوە، كه‌ ووتە لە کەسوکاری ئەو منداڵە وەرگیراوە و داوایان لەسەر ئەو کەسانە تۆمارکردوە کە ئەو کارەیان بەرامبەر بە منداڵەکەیان ئەنجامداوە.

فەرماندەی گشتی هێزە چەکدارەکانی عێراقیش بڕیاریدا فەرماندەی هێزەکانی پاراستنی یاسا بگوازرێتەوە بۆ ئیمرە و چاو بە هێزەکانی پاراستنی یاسا بخشێندرێتەوە.

وەزارەتی ناوخۆی عێراق باسی لەوەشکردوە، كه‌ بەهۆی کەمتەرخەمییەوە، مستەفا کازمی، فەرماندەی گشتی هێزە چەکدارەکانی عێراق بڕیاریدا فەرماندەی هێزەکانی پاراستنی یاسا بگوازرێتەوە بۆ ئیمرە و چاو بە هێزەکانی پاراستنی یاسا بخشێندرێتەوە".


هەر لە گرتە ڤیدیۆییەکەدا دەردەکەوێت کە ئەندامانی هێزە ئەمنییەکەی عێراق ئەو مێردمنداڵە بەبیانووی ئەنجامدانی خۆپیشاندان تۆمەتبار دەکەن و دواتر بە بەکارهێنانى کەتەر قژی گەنجەکە دەبڕن.

ماوەی چەند رۆژێکە خۆپیشاندانەكانی هاووڵاتییانی ناڕازی عێراق لە دژی حكوومەتی وڵاتەكەیان بە هۆی نەبوونی خزمەتگوزارییەكانی وەكو ئاو و تەزووی كارەبا دەستیپێکردووە و چەندین شاری ناوەڕاست و باشووری عێراقی گرتووەتەوە.
 
لە ڤیدیۆکەدا کە دوو مانگ لەمەوبەر تۆمارکراوە و دوێنێ بڵاوکراوەتەوە، مێرمنداڵەکە دەڵێت: "ناوم محەممەد سەعد عەبد لایحە و سوێند بە خودا جارێکی دیکە نایەمەوە".
 
له‌ لایه‌ن خۆیه‌وه‌ لیوا یەحیا رەسوول، گوتەبێژی فەرماندەی گشتی هێزە چەکدارەکانی عێراق، رۆژی شەممە، سەبارەت بەو رووداوە لە تویتێکدا لە هەژماری خۆی رایگەیاند: "تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان ڤیدیۆیەکیان بڵاوکردەوە تێیدا کۆمەڵێک کەس دەردەکەون کە جلی سەربازییان پۆشیوە و دەستدرێژی دەکەنە سەر مێردمندالێك.
 
لە ڤیدیۆکەدا منداڵەکە، هەموو جلەکانی لەبەر داکەندراوە و کەسێک بە چەقۆ قژی دەبڕێت و چەند شوێنێکی پێستی سەری بریندار دەکات. کۆمەڵێک چەکدار تێی ئاڵاون و یەکێکیان بە مۆبایل وێنەی دەگرێت.
 
بە گوتەی لیوا یەحیا رەسوول، مستەفا کازمی، فەرماندەی گشتی هێزە چەکدارەکان لایەنە پەیوەندیدارەکانی راسپارد بۆ کتوپڕ و خێرا لێکۆڵینەوە بۆ ئاشکراکردنی وردەکارییەکانی ئەو بابەتە و بکەرانی ئەو تاوانە.
 
هەروەها فەرماندەی گشتی هێزە چەکدارەکان فەرمانی کردووە کات و شوێنی رووداوەکە ئاشکرا بکرێن و هەڕەشەی سزادانی بکەرەکانیشی کردووە.
 
فەرماندەیی هێزەکانی پاراستنی یاسا لە عێراق، تۆمەتبار دەکرێن بە ئەشکەنجەدانی ئەو مێرمنداڵەی کە لە ڤیدیۆیەکدا دەردەکەوێت.
 
بەڵام ئەو هێزە لە روونکردنەوەیەکدا رایگەیاند: "ئەرکی سەرەکی هێزەکانمان پاراستنی خۆپێشاندەران و سامانی گشتی و تایبەت و یاسایە، بۆیە هەر هەڵسوکەوتێکی خراپی کەسێک ئەوە خۆی تاوانبار دەکات، نەک هێزەکانی پاراستنی یاسا و پاڵەوانانی وەزارەتی ناوخۆ".
 
دوای فەرمانەکەی مستەفا کازمی بۆ بەدواداچوون بۆ کەیسی ئەو مێردمنداڵە، وەزارەتی ناوخۆی عێراق دەستی بە لێکۆڵینەوەى توند کرد. 
 
وەزارەتی ناوخۆی عێراقیش، رایگەیاند "دوای لێکۆڵینەوە لە رووداوی ئەشکەنجەدانی کەسێک لە لایەن چەند کارمەندێکی هێزەکانی پاراستنی یاساوە، بۆ لیژنەی لێکۆڵینەوە ئاشکرابوو، ئەو کەسەی کە لە ڤیدیۆکە دەرکەوێت و دەستدرێژی دەکرێتەسەر، بەپێی ماددەی 446 ـی یاسای سزادان، لە  18ی ئایاری 2020 لە بەڕێوەبەرایەتی نەهێشتنی تاوان لە بەغدا راگیراوە".
 
هەرچەندە لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان وا بڵاوکرایەوە کە ئەو مێردمنداڵە لەسەر خۆپیشاندان دەستگیرکراوە، بەڵام بەپێی بەدواداچوونی وەزارەتی ناوخۆ مێردمنداڵەکە بەهۆی دزینی ماتۆرسیکلێک و بە بڕیاری دادوەری لێکۆڵینەوە لە دادگای رەسافە راگیراوە.
 
وەزارەتی ناوخۆ باس لەوە دەکات بەڵام رووداوی دەستدرێژیکردنەسەری لە لایەن کارمەندانی هێزەکانی پاراستنی یاساوە پێش نزیکەی 20 رۆژ لە راگرتنی روویداوە، "ئێستاش گوتەکانی ئەو مێرمنداڵەی دەستدرێژیکراوەتەسەر تۆمارکراون و ئەو سکاڵای تۆمارکرد و داوای سزادانی ئەنجامدەرانی ئەو تاوانە قێزەونە و نائەخلاقییە دەکات".
 
وەزارەتی ناوخۆی عێراق ئاشکرای کردووە "بەهۆی کەمتەرخەمییەوە، فەرماندەی گشتی هێزە چەکدارەکانی عێراق بڕیاریدا فەرماندەی هێزەکانی پاراستنی یاسا بگوازرێتەوە بۆ ئیمرە و چاو بە هێزەکانی پاراستنی یاسا بخشێندرێتەوە".
 
هەروەها گرتەی ڤیدیۆیی ئەو مێردمنداڵە، دوای ئازادکردنیشی بڵاوکراوەتەوە، کە لەسەر قەرەوێڵەی نەخۆشخانەیەک لەسەر سک راکشاوە و شوێنەواری ئەشکەنجەدان بە پشتییەوە دیارە. 
 
محەممەد سەعد لە ڤیدیۆیەکدا باسی رووداوی ئەشکەنجەدانی دەکات و دەڵێت: "لای ئاو فرۆشەکە وەستابووم، بینیم سێ کەس هاتن، یەکێکیان دەمی گرتم، گرتمیان و بردمیان، منیان کێشکردە نێو شەقام، بە دۆنکی لە پشتمیان دەدا و پرچمیان بە چەقۆ بڕی".

تێزانین، ئه‌م جوره‌ رووداوانه‌ له‌ عێراق و له‌سه‌ر ده‌ستى هێزه‌ ئه‌منییه‌كان، شتێكى نوێ نییه‌و پیشتریش هێزه‌ ئه‌منى پارێزه‌كانى عێراق و هێزه‌كانى حه‌شدى شه‌عبى چه‌ندین جار سووكایه‌تیان به‌ هاولاتیانى بێ ده‌سه‌لات كردووه‌و زۆر جاریش ده‌ستدرێژى سكسیان كردووه‌و به‌ موبایل وێنه‌یان گرتوون ز بلاویان كردووه‌ته‌وه‌، كه‌ ئه‌مه‌ش كاردانه‌وه‌ى نێوخۆى و بگره‌ رێكخراوه‌كانى مافى مرۆڤى جیهانى لێكه‌وتووته‌وه‌و له‌ چه‌ندین راپۆرتى نێوده‌وله‌تیشدا، هێزه‌كانى ئه‌منى عێراق به‌ پێشێلكردنى مافى مرۆڤ تۆمه‌تبار كراون.


 

عێراق

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.