ئێوارەی دوێنێ سێشەممە تەقینەوەیەكی گەورە بەیروتی پایتەختی لوبنانی هەژاندو ههزاران كەس بە هۆی تەقینەوەكە كوژران و بریندار بوون.
ژمارەیەكی زۆری هاووڵاتییانی بەیروت بە هۆی تەقینەوەكەوە بریندار بوون، ئۆتۆمبێلەكانی فریاكەوتن فریای ئەو ژمارە زۆرەی بریندارەكان نەكەوتوون، بۆیە هاووڵاتییانی ناوچەكە دەستیان بە گواستنەوەی بریندارەكان كرد بۆ نەخۆشخانەكانی شارەكە.
بە هۆی تەقینەوە گەورەكەوە، بێسەروبەری و پشێوی باڵی بەسەر بەیروتدا گرت، ئەمەش دوو ڕۆژ بەر لە راگەیاندنی بڕیاری دادگا دێت لە كەیسی كوشتنی رەفیق حەریری سەرۆك وەزیرانی پێشووتری لوبنان كە لە ساڵی 2005دا لە ڕێگەی تەقینەوەیەكەوە كرابووە ئامانج.
بەپێی دوایین ئامار کە ئێوارهى ئەمڕۆ چوارشەممە بڵاو کراوەتەوە، بەهۆی تەقینەوەکەی دوێنێ ئێوارەی بەیرووتەوە هەتا ئێستا نزیكهى 140 کەس گیانیان لەدەست داوە و نزیكهى 5 هەزار کەسیش بریندار بوون.
ئەم زانیارییانە لەلایەن وەزیری تەندروستیی لوبنانەوە پشتڕاست کراونەتەوە و باس لەوە دەکرێت هێشتا زۆرێک لە قوربانییەکان بێسەروشوێنن و خەڵک بۆ دۆزینەوەی کەسوکاری خۆیان سەردانی ناوەندە پێوەندیدارەکان دەکەن.
بهپێى سهرچاوهكان، ئاست و مەزنیی ئەو تەقینەوەیە بە ڕادەیەک بووە، كه هەموو وڵاتان و بەتایبەت شارەزایان و ناوەندەکانی بواری سەربازی و شرۆڤەکارانی سیاسیی تووشی شۆک و حەپەسان کردووە.
لەبارەی هۆکاری تەقینەوەکەوە میشل عەون، سەرۆك کۆماری لوبنان ئاشکرای کردووە ، کە دوو هەزار و 750 تۆن مادەی (نیترات ئامۆنیۆم) کە بۆ بەرهەمهێنانی کوودی کیمیایی (پەیین) و بۆمبەکاندا بەکار دەهێدنرێن، بۆ ماوەی شەش ساڵ لە بەندەری بەیرووت بەبێ ڕەچاوکردنی لایەنی ستاندارد هەڵگیراون و هۆکاری تەقینەوەکەش هەر ئەوە بووە.
بەپێی ڕاپۆرتەکان، ئەو مادەیە (نیترات ئامۆنیۆم) لەناو کەشتییەک کە لە ساڵی 2013ەوە لە بەندەری بەیرووت بەتاڵ کراون، لەناو کۆگایەک هەڵگیراوە.
نیترات ئامۆنیۆم، مادەیەکی کیمیایی یه، کە بۆ زۆر بەرهەمهێنانی زۆر شت بەکار دێت، وەک پهینى کشتوکاڵی، هەروەها مادەی تەقینەوە، ئەو مادە کیمیاییە لە کاتی بەرکەوتن لەگەڵ ئاگر، تەقینەوەیەکی بەهێز ڕوو دەدات کە بەهۆیەوە ئەو تەقینەوەوە دەکرێ غازی ژاراوی و ئۆکسیدی (زات) و غازی (ئامۆنیاک) دروست بکەن کە یهكجار مەترسیدارن.
میشل عەون، سەرۆك کۆماری لوبنان ئاشکرای کرد لە ئەمڕۆ چوارشەممەوە بۆ ماوەی سێ ڕۆژ لەو وڵاتە ماتەمینی گشتی ڕادەگەیەندرێت و بۆ ماوەی دوو هەفتەش دۆخی نائاسایی ڕاگەیەندراوە.
هاوکات سەرۆك کۆماری لوبنان بڕی 100 ملیار لیره (66 ملیۆن دۆلار)ی وەک بودجەی تایبەت بۆ دۆخی ئێستای لوبنان و نۆژەنکردنەوەی شوێنە ڕووخاوەکان تەرخان کردووە.
ئەم تەقینەوەیە لە کاتێکدایە کە لە چەند مانگی ڕابردوودا لوبنان ڕووبەڕووی قەیرانی ئابووری بووەتەوە و گرفتی بەهای دراوی نیشتمانیی هەبووە و هاوکات گرانی و بێکاری لەو وڵاتە بەرۆکی خەڵکی گرتووە.
ئەو وڵاتە لە مانگی مایسدا داوای لە سندووقی دراوی نێودەوڵەتی کردبوو کە بڕی 10 ملیۆن دۆلار وەک قەرزی پێنج ساڵە بە لوبنان بدرێت.
لوبنان لە کاتێکدا داوای قەرزهی لە سندووقی دراوی نیودەوڵەتی کردووە کە ئەو وڵاتە نزیکەی 90 ملیار لە ناوخۆی و دەرەوە قەرزدارە کە 30 ملیار دۆلاری هی سندووقی دراوی نیودەوڵەتییە.
بە گوتەی حسان دیاب، سەرۆک وەزیرانی لوبنان و بەپێی دوایین زانیاریی تەندروستیی ئەو وڵاتە هەتا ئێستا بەهۆی تەقینەوەکەی دوێنێ 140 کەس گیانیان لەدەست داوە و نزیكهى 5 هەزار کەسیش بریندارن و بە دەیان کەسیش بێسەروشوێنن.
مەروان عەبوود، پارێزگاری بەیرووتی پایتەختی لوبنان رایگەیاندووە ئەو تەقینەوانەی رۆژی سێشەمە لە بەندەری بەیرووت روویان دا، نزیکەی 300 هەزار کەسی دەربەدەر و بێ ماڵ کردووە، قەبارەی زیانە مادییەکانیش لەنێوان 3 تا 5 ملیار دۆلار دەبێت. مەروان گوتیشی: "باوەڕمان وایە، کە 250 تا 300 هەزار کەس بێ ماڵ بووبن و خانوو و ماڵەکانیان کەڵکی ژیانیان تێدا نەماوە".
روونیشی کردەوە: "نیوەی رووبەری پایتەختی لوبنان لەو تەقینەوە گەورەیە زیانی بەرکەوتووە، کە بەپێی ئاژانسی فرانس پرێس 140 کوژراو و 5 هەزار برینداری لێ کەوتووەتەوە".
پارێزگاری بەیرووت تێچووی زیانەکانی ئەو کارەساتەی بە نزیکەی 3 تا 5 ملیار دۆلارخەماڵاندووە، لە هەمان کاتدا ئاماژەی بۆ ئەوەش کردووە، کە ئەوان چاوەڕوانی راپۆرتی کۆتایی ئەندازیاران و پسۆرانن لەو بارەوە. گوتیشی: "نیوەی بەیرووت زیانی بەر کەوتووە، یان وێران بووە، ئەمە کارەساتێکە، کە بەیرووت لە مێژووی خۆیدا بەخۆیەوە نەبینیوە".
حکوومەتی لوبنان رۆژی سێشەمە رای گەیاند، بەیرووتی پایتەخت دوای دوو تەقینەوە لە دوای یەک، کە لە بەندەری بەیرووت روویان دا، بووەتە شارێکی وێرانە، یەکێک لە تەقینەوەکان زۆر بەهێز بووە و هەورێکی گەورەی بەسەر ناوچەکەدا دروست کردووە.
حەسەن حەمەد، وەزیری تەندروستیی لوبنانیش دووپاتی کردەوە، ژمارەی ئەو کەسانەی بێسەروشوێنن، زیاترە لە ژمارەی کوژراوان، کە تا ئێستا دۆزراونەتەوە و ژمارەیان 140 کوژراوە.
ئەمڕۆ چوارشەممە لە یەکەم سەردانی سەرۆکی وڵاتاندا، لە دوای تەقینەوەکانی بەندەری بەیرووت، ئیمانۆئیل ماکرۆن سەرۆکی فەرەنسا رایگەیاند، کە بۆ گەیاندنی پاڵپشتیی وڵاتەکەی، سەردانی لوبنان دەکات.
بە گوێرەی ئاژانسی هەواڵی (ئەسۆشێتید پرێس)، نووسینگەی سەرۆکی فەرەنسا رایگەیاندووە کە سەرۆک ماکرۆن چاوی بە سەرکردە سیاسییەکانی لوبنان دەکەوێ.
فەرەنسا رایگەیاند" دوای ئەو تەقینەوەیەی بووە هۆی گیانلەدەستدانی لانی کەم 140 کەس و برینداربوونی هەزارانی دیکە، چەندین تۆن کۆمەک و تیمی بەهاناوەچوون و فریاگوزاری دەنێرێتە لوبنان.
ئێوارەی ئەمڕۆ چوارشەممە چەند فڕۆکەیەک لە ناویاندا دوو فڕۆکەی سەربازی لە سوپای فەرەنسا، لەگەڵ هێزێكی ئاسایشی مەدەنی و ئەندامانی فریاگوزاری و سەنتەری گەڕۆکی تەندروستی بۆ چارەسەرکردنی 500 بریندار دەگەنە لوبنان.
لەمبارەوە جان ئیف لۆردیان وەزیری دەرەوەی فەرەنسا گوتی" لوبنان و لوبنانییەکان دەتوانن لە دۆخە سەختەکاندا پشت بە فەرەنسا ببەستن، ئێمە لە ساتە دژوار و مەرگەساتەکاندا دان بە هاوڕێکانماندا دەنێین”.
گوتیشی" فەرەنسا لەو کارەساتدا لە تەک لوبنانییەکاندا دەبێ، وەک هەمیشە کردوویەتی و هەر واش دەمێنێتەوە”. داواشی لە کۆمەڵگای نێودەوڵەتی کرد کە هاوکاری لوبنان بکەن.
له لایهكى ترهوه دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا، لە یەکەم لێدوانیدا سەبارەت بە تەقینەوەکانی بەیرووتی پایتەختی لوبنان رایگەیاند، رووداوەکەی بەیروت لە هێرش دەچێت نەک تەقینەوەی ئاسایی.
دۆناڵد ترەمپ لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا لە کۆشکی سپی راگەیاند" لەگەڵ هەندێک ژەنەراڵی سەربازی قسەی کردووە و سەیری تۆمارە ڤیدیۆییەکانی تەقینەوەکانی بەیرووتییان کردووەتەوە، بەڵام ئەوەی دەردەکەوێت لە هێرشێک دەچێت.
ترەمپ گوتی" ئەوەی دەردەکەوێت وەک تەقینەوەیەکی گەورە وایە. من چاوم بە هەندێک ژەنەراڵی گەورە کەوت، وا دیار بوو تەقینەوەکە هەروا بە ئاسانی جۆرێکی تەقینەوەی ناو کارگەکان نەبووە لەکاتی کارکردن و دروستکردنیی بەرهەمدا. ئەمە وەک شتێکی دیکە وابوو، کاتێک سەیری تۆمارە ڤیدیۆییەکانم کرد، دەبینیت وەک جۆرێک لە هێرشکردن بە بۆمب دەردەکەوێت.
بەڵام بەرپرسانی ئەمریکی هەر زوو رەتیانکردەوە ئەو تەقینەوەیە لە ئەنجامی هێرشێکی بەئەنقەستەوە بووبێت و ئاماژەیان بەوە کرد، كه هیچ بەڵگەیەک نییە بیسەلمێنێت هۆکاری رووداوەکەی بەیروت هێرشکردن بێت.
پسپۆرە سەربازییەکانی لوبنان ئاماژە بەوە دەکەن شێوازی ئەو دووکەڵەی لە تەقینەوەکانی بەیرووتدا بینراون و هاوشێوەی دووکەڵی ماددەی تی ئێن تی بوون کە بەبڕێکی زۆر لە شوێنێکدا بتەقێتەوە.
هەروەها ئەو رەنگە کاڵەی دووکەڵەکەش پەیوەندیی بە ماددەی کیمیاییەوە هەیە لە شوێنی تەقینەوەکەدا. هەندێکیشیان دەڵێن ئەو جۆرە دووکەڵە هەندێجار لە ئەنجامی تەقینەوەی مووشەکی دوورهاوێژەوە دەبینرێت.
وەزارەتی بەرگریی لوبنان دەڵێت، ماددەی کیمیایی تایبەت بە تی ئێن تی و بارووتی مووشەک لە لوبنان تەنیا لەژێر سەرپەرشتی وەزارەتی بەرگریدا هەڵدەگیرێت.
میدیاکانی لوبنان لە زاری خەڵکی بەیرووتەوە باسیان لەوە کردووە تەقینەوەکان هێندە بەهێزبوون باڵەخانە دوورەکانیش زیانیان بەرکەوتووە. تاوەکو ئێستاش هۆکاری تەقینەوەکان دیارنییە.
پسپۆڕە سەربازییەکان دەڵین بوونی رەنگێکی کاڵی پەمەیی لە دووکەڵی تەقینەوەکەدا دەیسەلمێنێت ماددەی کیمیایی بە بڕی زۆر لەناو کۆگاکەدا هەبووە. دەشڵێن تەقینەوەی لەو جۆرە و شێوازی دووکەڵ و رەنگەکەی پێشووتر نەبینراوە.
میشێل عۆن، سەرۆکی لوبنان دوای تەقینەوەکان رایگەیاند کە نزیکەی 2750 تۆن نیتراتی ئامۆنیا لە بەندەرەکەدا (شوێنی تەقینەوەکە) هەڵگیرابوون، کە لەوانەیە هەڵگرتنی ئەو ماددەیە بەبێ مەرجی سەلامەتی هۆکاری تەقینەوەکە بێت.
تەقینەوەی کۆگاکانی ماددەی کیمیایی ئەمۆنیۆم لە بەندەری بەیرووتی پایتەختی لوبنان، هەڕەشەیەکی حەسەن نەسرولڵا، ئەمینداری گشتی حیزبوڵای لوبنان بە بیری لوبنانییەکان هێنایەوە، سەبارەت بە بۆردومانکردنی کۆگاکانی ئەمۆنیا لە شاری حەیفا لە ئیسرائیل.
رۆژی 16ی شوباتی 2016، لە ساڵیادی کوژرانی چەند سەرکردەیەکی حیزبولڵای لوبنان، حەسەن نەسرولڵا، ئەمینداری گشتی حیزبولڵای لوبنانی لە گوتارێکی تەلەڤزیۆنیدا، بە ناونیشانی "بەرگرییەک شکستیپێناهێندرێ" رایگەیاندبوو "چەند مووشەکێک دەهاوێژین و لە کۆگاکانی ئەمۆنیۆمی ئیسرائیلی دەدەین لە حەیفا.
نەسڕوڵڵا گوتبووی" بۆمبێکی ئەتۆمی، بەو واتایەی چەند مووشەکێک لە لایەن ئێمەوە لەگەڵ کۆگاکانی ئەمۆنیا لە حەیفا، ئەنجامەکەی وەک ئەنجامی بۆمبێکی ئەتۆمی دەبێ، باشە، دەڵێ چەند مووشەکێک دەهاوێژرێن لەو کۆگایانە دەدەن، لە ناوچەیەک کە 800 هەزار کەس تێیدا نیشتەجێن، دەیان هەزار کەسیان لێدەکوژێت". هەر دوای هەڕەشەی حەسەن نەسرولڵا بە ماوەیەکی کەم، ئیسرائیل خێرا کۆگاکانی ماددەی ئەمۆنیۆمی لە شاری حەیفا چۆڵکرد.
بەڕێوەبەری گشتی رێخراوی تەندروستی جیهانیش ئامادەی رێکخراوەکەی بۆ هاوکاریکردنی حکومەتی لوبنان دەربڕی لە رزگارکردنی بریندارانی تەقینەوەکەی بەیروتدا.
ئەمڕۆ چوارشەممە تێدرۆس ئەدهانۆم بەڕێوەبەری گشتی رێكخراوی تەندروستی جیهانی لەپێگەی تایبەتی خۆی لەتۆڕی کۆمەڵایەتی تویتەر بەبۆنەی تەقینەوە گەورەکەی بەیروتی پایتەختی لوبنان هاوخەمی و پشتیوانی رێکخراوەکەی بۆ گەلی لوبنان دەربڕی و رایگەیاند، رێکخراوی تەندروستی جیهانی ئامادەیە بۆ هاوکاریکردنی حکومەتی لوبنان و تیمی تەندروستی ئەو وڵاتە لە رزگارکردنی گیانی برینداراندا. بەڕێوەبەری رێکخراوی تەندروستی جیهانی رایگەیاند، هۆش و دڵمان لەلای خەڵکی بەیروت و لوبنانە کە خۆشەویستانیان لەدەستداوە.
هەریەکە لە وڵاتانی ئەمریکا، کەنەدا، فڕەنسا، بریتانیا، روسیا، یۆنان، ئێران، ئیسرائیل، سوریا، عێراق، ههرێمى كوردستان، ئوردن پێشنیازی هاوکاریکردنی پزیشکی بۆ حکومەتی لوبنان دەکەن، هەندێکیشیان ئامادەییان بۆ چارەسەرکردنی بریندارەکانی روداوەکە دەربڕی.
هاوکات دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتوەکانی ئەمریکا لەمیانەی کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا نیگەرانی وڵاتەکەی لەبارەی روداوی تەقینەوەکەی بەیروت خستەڕوو، هەروەها ئامادەیی واشنتنیشی بۆ یارمەتیدانی ئەو وڵاتە دەربڕی.
ئیمانوێ ماکرۆن، سەرۆکی فڕەنساش لە تویتێکدا لەهەژماری تایبەتی خۆی لەتۆڕی کۆمەڵایەتی تویتەر هاوخەمی خۆی بۆ خەڵکی لوبنان دەربڕی و رایگەیاند، لە ئێستادا تیمێکی فریاکەوتن بەڕێکەوتون بۆ گەیاندنی هاوکاری پزیشکی بە بریندارەکانی روداوەکە.
لەلایەکی دیکەوە بنیامین نەتانیاهۆ، سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل رایگەیاند، نەخۆشخانەکانی وڵاتەکەی کراوەن بۆ پێشکەشکردنی هاوکاری بە برینداربوانی روداوی تەقینەوەکەی بەیروت.
هاوکات تەلەفزیۆنی فەرمی حوکومەتی ئێران بڵاویکردەوە، حەسەن رۆحانی، سەرۆک کۆماری ئێران پشنیازی بۆ حکومەتی لوبنان کردوە کە بریندارەکان بگوازنەوە بۆ ئێران تا چارەسەری پزیشکی پێویستیان بۆ ئەنجامبدرێت.
بەیانی ئەمڕۆش نیکۆس کریستۆدۆلیدس، وەزیری دەرەوەی یۆنان رایگەیاند، "قوبرس ئامادەیە بریندارانی تەقینەوکی بەیروت لە نەخۆشخانەکانی وڵاتەکەی چارەسەربکات، یان تیمی پزیشکی بۆ هەمانمەبەست رەوانەی ئەو وڵاتە بکات".
کازمی فڕۆکەیەکی هاوکاری پزیشکی رەوانەی لوبنانکرد
لای خۆشییەوە ئەمڕۆ مستەفا کازمی، سەرۆک وەزیرانی عێراق هاوخەمی خۆی و گەلانی عێراقی بۆ لوبنان دەربڕی و رایگەیاند، ئامادەن بۆ پێشکەشکردنی هەمو جۆرە هاوکارییەک بە لوبنانییەکان بۆ ئەو مەبەستەش فڕۆکەیەکی هاوکاری پزیشکی رەوانەی لوبنانکرد.
لەلایەکی دیکەوە رووسیا سێ فڕۆکەی هاوکاری پزیشکی رەوانەی لوبنان کرد بۆ هاوکاری برینداران، شای ئوردنیش تیمێکی گەڕۆکی نەخۆشخانەیەکی سشەربازی بۆ هەمان مەبەست رەوانەی بەیروت کرد.
پێشتریش هەریەک لە وڵاتانی کەنەدا و بریتانیا ئامادەیی خۆیان بۆ هاوکاریکردنی لوبنان دەربڕیبو، لە ئێستادا بەهۆی تەقینەوەکەی ئێوارەی دوێنێوە لە رەوشێکی خراپدایە و تا ئێستا نزیكهى 140 کەس لەو وڵاتە گیانیان لەدەستداوە و 5 هەزار کەسی دیکەش برینداربوون.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.