Erbil 38°C چوارشەممە 25 ئەیلوول 03:26

100 ساڵ بەسەر پەیمانی سیڤەردا تێپەڕدەبێت

گرنگیی پەیمانی سیڤەر بۆ کورد لە چى دابوو
کوردستان TV
100%

ئەمڕۆ (10/ 8) یادی 100 ساڵەی پەیمانی (سیڤەر)ە، کە لە (10/ 8/ 1920) لە دوای یەکەم جەنگی جیهانی و دوای سەرکەوتنی دەوڵەتانی هاوپەیمان بەسەر ئەڵمانیا و نەمسا و مەجەر و ئیمپراتۆریەتی عوسمانی، لە شارۆچکەی (سیڤەر)ی نزیک پاریسی پایتەحتی فەرەنسا، لەلایەن کۆمەڵێک دەوڵەت و نوێنەری هەندێک نەتەوە واژۆ کرا، کە پێکهاتبوون لە (بەریتانیا، فەرەنسا، ئیتالیا، ژاپۆن، ئەرمەنستان، بەلجیکا، یۆنان، پۆڵەندا، پرتوگاڵ، رۆمانیا، سیبیریا، کرواتیا، سلۆڤینیا، چیکسلۆڤاکیا و تورکیای عوسمانی)، هەورەها ئەمریکاش وەک چاودێر تێیدا بەشدار بوو، جگە لەمانە، فەیسەڵی کوڕی حوسێن، وەک نوێنەری عەرەبەکانی حیجاز و ژەنەراڵ شەریف پاشای خەندان وەک نوێنەری کورد، بە ئامادەکردنی راپۆرتێک لەسەر بارودۆخی نەتەوەکەیان و دەستەبەرکردنی مافەکانیان، بەشدار بوون.

ئەم پەیماننامەیە لە ( 10/اب/1920 ) لە نێوان دەوڵەتی عوسمانی و دەوڵەتە هاوپەیمانەكانی سەركەوتووی جەنگ و بە نوێنەرایەتی هەندێ دەوڵەتی تر مۆركرا،وە لە كاتی بەستنی ئەم پەیمانە كوردستان بەدوو پارچەیی مابووە وە كوردستانی دەوڵەتی عوسمانی و كوردستانی ئێران .

گرنگیی پەیمانی سیڤەر بۆ کورد لەوە دابوو، کە بۆ یەکەم جار بوو مافی چارەنووسی نەتەوەی کورد لە پەیمانێکی نێودەوڵەتیدا دیاری بکات، کە بەپێی هەندێ لە توێژەران، تا ئێستاش بە هیچ بڕیارێک بە فەرمی هەڵنەوەشاوەتەوە، ئەگەرچی دواتر (پەیمانی لۆزان، کە لە 24/ 7/ 1923، کە لە سویسرا لە ئەنجامی خۆدزینەوە لە جێبەجێکردنی بڕیارەکانی سیڤەر و گەلەکۆمەکی دژ بە مافەکانی نەتەوەی کورد بەسترا)، کرا بە جێگرەوەی پەیمانی نێودەوڵەتیی سیڤەر.

ktv

 

 

 

 

 

 

 

 

 

ئەم پەیمانە لە ( 13 ) بەش و ( 433 ) بەند پێك هاتبوو،لەبەشی ( 3) و بەندی ( 62–63 –64 )ڕاستەوخۆ باسی كورد و ئایندەی كوردەكانی كوردستانی كردبوو،وە بەیەكەم پەیماننامەی نێودەوڵەتی دادەنرێ كەبەم شێوەیە باسی كورد بكات،هەرچەندە لە بەندەكانی تریش بەشێوەیەكی ناڕاستەوخۆ باسی كورد دەكات بەڵام بێ ئەوەی ناوی كورد بهێنێ . 

دەقی ئەو بەندانەی پەیمـانی سیـڤەر كەتایبەت بوون بەكورد :-

62–دەبێت كۆمسیۆنی ئەستەمبۆل بەفەرمی دەست نیشانی سێ نوێنەر بكات،ئەوانیش نوێنەری بریتانی و فەرەنسی و ئیتالی بن، هەتا شەش مانگ دوای مۆركردنی ئەو پەیماننامەیە ئەو كۆمسیۆنە دەبێت نەخشەیەك بۆ خودمختاری هەرێمی ئەو مەڵبەندانە پێشكەش بكات كە زۆربەی دانیشتووانەكانی كوردن،لە ڕۆژهەڵاتی چەمی فورات و خوارووی ئەرمەنستان سنوریان بۆ دەست نیشان بكرێت .

ئەگەر كۆمسیۆن نەیتووانی بڕیاری یەكلاكەرەوە بدات ئەوا نوێنەرەكان دەتووانن لەگەڵ حكومەتەكانیان تاوتوێی ئەم بابەتە بكەن،وەباسیش لەپاراستنی مافی ئاشوریەكان و كەمەنەتەوەكانی تر كراوە .

ktv

 

 

 

 

 

 

 

 

 

63–حكومەتی توركیا مل كەچ دەبێت بۆهەر بڕیارێك كەوا كۆمسیۆن دەری بكات كە لەبەندی ( 62 ) باس كراوە،دەبێت لەماوەی سێ مانگ دا لەدوای دەركردنی بڕیارەكە جێ بەجێیان بكات .

64–تا ساڵێك لە پاش ئیمزاكردنی ئەو پەیماننامە ئەگەر كوردەكانی دانیشتووی چەمی فورات و خوارووی ئەرمەنستان جیانەبنەوە لە توركیا دەبێ ئەنجومەنی كۆمەڵی نەتەوەكان ڕابگەیەنن وە ئەنجومەنیش دانی بەوەدانا كەئەوان دەتوانن سەربەخۆ بژین ئەوا حكومەتی توركیا دەبێ ڕازی بێت و دەست بەرداری ئەو ناوچانە بێت،وە دەبێت توركیا دەست لەمافی ئەو ناوچانە هەڵبگرێت،مافەكانیش بەگوێرەی ڕێكەوتنی هاوپەیمانان و توركیا دەبێت،كوردەكانی ویلایەتی موسڵیش ئەگەر خوازیاری جیابوونەوەن بەویستی خۆیان ئەوا هاوپەیمانان هیچ ڕێگریەك ناكەن بچنە پاڵ حكومەتە كوردیەكەوە .

ktv

 

 

 

 

 

 

 

 

 

ئەوەی تێبینی دەكرێ لەبەندەكانی ئەو پەیماننامە سەرەتا ئاماژەكردنێكە بەحوكمی زاتی تەنها بۆ كوردەكانی باكوور نەوەك بۆ هەموو كوردەكانی دەوڵەتی عوسمانی و دەوڵەتی ئێران،ئەوەش بەئاشكرا شەرعیەت دانە بە دابەشكردنی كوردستان وە لەدوای جەنگیش بەئاشكرا دەركەوت كەوا چۆن مافەڕەواكانی گەلی كورد پێشێل كراوە،وە زیاتر بەشی باشووری كوردستان كەوتۆتە بەر هەڕەشەی داگیركەران،هەر بۆیەش ئەم پەیماننامە بەم شێوەیە بەستراوە چونكە بەرژەوەندیەكانی بریتانیا لە بوونی نەوت لە ویلایەتی موسڵ وای دەخواست .

کوردستان

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.