Erbil 38°C دووشەممە 13 کانوونی دووەم 23:18

به‌ ئامانج گرتنى هاوپه‌یمانان له‌لایه‌ن ملیشیاکانه‌وه‌، عێراق به‌ره‌و کوێ ده‌بات

کوردستان TV
100%


رۆژ دواى رۆژ، به‌ ئامانج گرتنى ناوچه‌ى سه‌وز و باره‌گاكانى ئه‌مه‌ریكاو هێزه‌كانى هاوپه‌یمانان له‌ عێراق ڕوو له‌ زیادبوون ده‌كات و هاوپه‌یمانانیش میلیشیا چه‌كداره‌كانى عێراق به‌م هێرشانه‌ تاوانبار ده‌كه‌ن و زۆر جاریش به‌ ره‌سمى داویان كردووه‌، كه‌ ملیشیاكان له‌ عێراق هه‌لبوه‌شێنرێنه‌وه‌، به‌لام له‌به‌ر ئه‌وه‌ى هێزه‌ى میلیشیا له‌ عێراق باڵا ده‌سته،‌ بۆیه‌ تاكو نها په‌رله‌مان و حكومه‌تى عێراق نه‌یانتوانیوه‌، چاره‌سه‌رێكى بنه‌ڕه‌تى بۆ ملیشیا چه‌كداره‌كان بدۆزنه‌وه‌، كه‌ ئه‌مه‌ش خۆى له‌ خۆیدا یه‌كێكه‌ له‌ كێشه‌ سه‌ره‌كییه‌كانى به‌رده‌م پرۆسه‌ى سیاسى عێراق.

ktv

هه‌ر ئه‌مرۆ سەرچاوەیەکی ئەمنی رایگه‌یاند، ئێوارەی ئەمڕۆ شەممە موشەکێک لەجۆری کاتیۆشا لەشوێنێکی نادیارەوە ئاراستەی سەربازگەی تاجی لەباکوری بەغدا کراوە و کاتیۆشاکە لەنزیک کامپی تاجی کەوتۆتەخوارەوە و هیچ زیانێکی گیانی نەبووە، بەڵام ئاماژەی بەزیانە ماددییەکان نەکرد.

وتیشی، دوکەڵێکی زۆر لەنزیک سەربازگەی تاجی بەرزبووەتەوە و دەستبەجێ هێزە ئەمنییەکان گەیشتونەتە شوێنەکە.

ناوبەناو لەشوێنی نادیارە موشەک و کاتیۆشا ئاراستەی ناوچەی سەوز و سەربازگەی تاجی دەکرێت، لەماوەی رابردووشدا هێزەکانی دژە تێرۆری عێراق لەسەر داوای کازمی سەرۆک وەزیران چەند فەماندەیەکی هێزەکانی حزبوڵایان بەو تۆمەتە دەستگیرکرد.

هه‌ر ئه‌مشه‌و، فڕۆكەخانەی نێودەوڵەتیی بەغدا سەرلەنوێ لەلایەن چەند سەرچاوەیەكی نادیارەوە بە موشەك بەئامانج گیراو لەرێگەی سێ موشەك لە جۆری كاتیۆشا فڕۆكەخانەی بەغدا بەئامانج گیراوە.

شانەی راگەیاندنی ئەمنیی عێراق دەستبەجێ دوای هێرشەكە رایگەیاند، لەرێگەی سێ موشەك لە جۆری كاتیۆشا فڕۆكەخانەی بەغدا بەئامانج گیراوە.

ئاماژەی بەوەشكردووە، موشەكەكان لە سنوری دەرەوەی فڕۆكەخانە كەوتونەتە خوارەوە و بەگوێرەی زانیارییەكان هیچ زیانێكی گیانیی نەبوە، دوای چەند خولەكێكیش دەركەوتوە شوێنی ئاراستەكردنی موشەكەكان لە ناوچه‌ى رزوانییەی باشووری به‌غدا بووە .

ktv

دوای زیادبوونى ئاڵۆزییەكانی نێوان وڵاتان له‌ناو خاكى عێراقدا، لەگەڵ ئاڵۆزییە ناوخۆییەكانیش بوونەتە هۆی دروستبوونی پشێوی و ناوبەناو هێرشی موشەكی بۆ فڕۆكەخانە و ناوچەی سەوزی بەغدا ئەنجام دەدرێت.

سەبارەت بەو شوێنەی موشەكەكانی لێوە ئاراستە دەكرێت بە دیاریكراوی و ئەنجامدەران و بەرپرسیاران لەو كارە، تا ئێستا لە لایەن لایەنە پەیوەندیدارەكانەوە هیچ زانیارییەك نەخراوەتەڕوو، به‌لام پێشتر ئه‌م جوره‌ كارانه‌ خراوه‌ته‌ ئه‌ستۆى میلیشا چه‌كداره‌كانى عێراق، كه‌ به‌ تایبه‌ت دواى كوژرانى قاسم سوله‌یمانى له‌ عێراق كرده‌وه‌كان دژى ئه‌مه‌ریكاو هاوپه‌یمانان زیاتر بوون‌.

له‌ لایه‌كى تره‌وه‌، تۆڕی ڕاگەیاندنی ئەمنیی سەر بە وەزارەتی بەرگری عێراق بڵاویکردەوە کە ئەمشەو سێ مووشەکی کاتیۆشا ئاراستەی بنکەی ئاسمانیی بەلەد لە پارێزگای سەڵاحەدین کراوە.

تۆڕەکە رایگەیاندووە، کە بەپێی زانیارییە سەرەتاییەکان کەوتنە خوارەوەی ئەو مووشەکانە هیچ زیانێکی بەدواوە نەبووە. بنکەی ئاسمانیی بەلەدی سوپای ئەمەریکا لە چوارچێوەی هێزەکانی هاوپەیمانی لە دژی تیرۆریستانی داعشە.

ktv

له‌ لایه‌كى تره‌وه‌، هه‌ر ئه‌مرۆ شه‌ممه‌ ، سه‌رچاوه‌یه‌كی ئه‌منی له‌ پارێزگای زیقاڕ رایگه‌یاند، ئێواره‌ی ئه‌مڕۆ شه‌ممه‌ بۆمبێك به‌كاروانێكی هاوكاری تایبه‌تی سوپای ئه‌مریكا له‌سه‌ر رێگه‌ی نێوان پارێزگاكانی زیقاڕ و به‌سڕه‌ ته‌قیوه‌ته‌وه‌.

به‌وته‌ی سه‌رچاوه‌یه‌كی ئه‌منی له‌ پارێزگای زیقاڕ، بۆمبێكی چێندراو له‌سه‌ر رێگای خێرای سنوری نێوان هه‌ردوو پارێزگای به‌سڕه‌ و زیقاڕ به‌كاروانێكی هاوكاری تایبه‌تی هێزه‌كانی سوپای ئه‌مریكا ته‌قیوه‌ته‌وه‌، به‌لام جگه‌ له‌ زیانى ماددى، زه‌ره‌ی گیانی نه‌بووه‌.

ئه‌و سه‌رچاوه‌یه‌ ئاشكراشیكرد، ته‌قینه‌وه‌كه‌ ئۆتۆمبێله‌كانی كردوه‌ته‌ ئامانج ، كه‌ هاوكاریان هه‌ڵگرتوه‌ و به‌ئاراسته‌ی یه‌كێك له‌ بنكه‌ سه‌ربازیه‌كانی ئه‌مریكا رۆیشتوون.

پێش دوو رۆژیش، شانه‌ی سه‌ربازی عێراق بڵاویكرده‌وه‌، بۆمبێكی چێندراو به‌كاروانێكی ئۆتۆمبێله‌كانی یه‌كێك له‌ كۆمپانیا ئه‌منیه‌كان ته‌قیوه‌ته‌وه‌ كه‌ هاوكاری و پێداویستی بۆ هێزه‌كانی هاوپه‌یمانی نێوده‌وڵه‌تی هه‌ڵگرتبوو.

ktv

شانەی راگەیاندنی ئەمنیی لە عێراق، لە راگەیەندراوێكدا بڵاویكردەوە، كه‌ دوێنێ هەینی  بۆمبێكی چێندراو لە پارێزگای دیوانییە تەقیوەتەوە بە كاروانێكی كەلوپەلی لۆجیستیی تایبەت بە هێزەكانی هاوپەیمانان و ئەمریكا.

لە راگەیەندراوەكەدا ئاماژە بەوەكراوە، بۆمبەكە بە یەكێك لە ئۆتۆمبێلەكانی ئەو كاروانە لۆجیستییەدا تەقیوەتەوە و شوێنی رووداوەكەش بە دیاریكراویی پردی دیوانییە بووە لەسەر رێگای سه‌ره‌كى ئەو شارە.

بەگوێرەی زانیارییە راگەیەندراوەكانی شانەی راگەیاندنی ئەمنیی عێراق، ئەو تەقینەوەیە هیچ زیانێكی گیانیی لێنەكەوتوەتەوە، به‌لام زیانى به‌ر ئۆتۆمبێلى كاروانى هێزه‌كانى هاوپه‌یمانان گه‌یاند.

تێزانین لە سەرەتای ئەمساڵەوە هێرشی مووشەكی بەرده‌وام دەكرێتە سەر چەند ناوچەیەكی بەغدا، وەكو ناوچەی سەوز و فڕۆكەخانەی نێودەوڵەتی و بنکە سەربازییەکانی هێزی هاوپەیمانان، ئەمانەش وەك بەشێكیان ئاشكرا بووە، بە زۆری لەلایەن میلیشیاكانی حەشدی شەعبیەوە ئەنجام دەدرێن. 

عێراق

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.